خەبات:پەریهان عومەر:- بەشێك لە بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێیانوایە تیكتۆك بۆتە فاكتەرێك بۆ رووخانی ژێرخانە كۆمەڵایەتییەكەی كۆمەڵگە، بەڵام رەنگە بۆچوونەكە هەڵەبێت و رای جیاوازیش هەبێت، تۆبڵێی دروستكردنی تیكتۆك هەر بۆ یەكترناسین و نمایش و چاتكردن دروستكرابێت یانیش مەبەستێكی سیاسی و بارزگانی لەپشتەوە بێت، دەشێ ئەو گریمانانە هەموویان راستبن و ئەگەریش هەیە هەندێكیان هەڵەبن، بەڵام دەبێ بیرمان نەچێت تیكتۆك وەك ركابەرێكی بەهێزی فەیسبوك لەلایەن وڵاتی چینەوە دروستكراوەو ئەوەیش مەبەستێكی دیكەی لەپشتەوەیە. لەم راپۆرتەدا راوبۆچوونی زیاتر وەردەگرین.

بەکارهێنەری تیکتۆک دەتوانێت وەک لایەنێکی بازرگانی بەکاریبهێنێت
نەهرۆ تاهیر قوتابی قۆناغی چواری بەشی کۆمەڵناسی دەڵێت: تیکتۆک یەکێکە لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی ئێستا لە هەموو جیهاندا بەکارهێنەرێکی زۆری هەیە، ئەمیش وەک هەر تۆڕێکی دیکە لایەنی باش و خراپی هەیە، كە دەکەوێتە سەر جۆری بەکارهێنانەکەی لەلایەن بەکارهێنەرەوە، دەتواندرێت وەک لایەنێکی بازرگانی بەکاربهێندرێت و فرۆشیار بۆ سەرنجڕاکێشانی کڕیار کاڵاکانی خۆی تێدا نمایش بکات، هەروەها دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی تاک دەستڕەنگینی و بەهرەکانی خۆی تێدا بڵاوبکاتەوە.
گوتیشی: تا ئێرە شتێکی ئاساییەو هیچ گرفتێک دروست ناکات، بەڵام کاتێک بەکارهێنەر بێ ڕەچاوکردنی لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی تاک و کۆمەڵگە، چەندین گرتە ڤیدیۆیی پێچەوانە بە دابونەریت و ئادابی گشتی و بەهاکانی کۆمەڵگە بڵاودەکاتەوە، جیا لەوەی کارێکی نادروستەو پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، هۆکارێکە بۆ بەلاڕێدابردنی منداڵان و لاوان کە جگە لە بەفیڕۆدانی کاتەکانیان فاكتەرێكیشە بۆ نەمانی ئارامی و ئاسوودەیی دەروون، چونکە ڕەنگە نەتوانن هاوشێوەی ئەوان ئازادیان هەبێت و هەر کارێک بیانەوێت ئەنجامی بدەن، هەموو ئەمانەش بۆ نەبوونی هۆشیاری لە چۆنیەتی بەکارهێنان یان نەبوونی زانیاری لەسەر چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لای تاک دەگەڕێتەوە، لێرەوە پێویستە لەلایەکەوە لایەنی پەیوەندیدار سنوورێکیان بۆ دابنێت و لەلایەکی دیکەشەوە خەڵک گرنگی بەو کەسانە نەدات و سەیری ڤیدیۆکانیان نەکات، تا نەبنە هۆکارێک بۆ زیاتر بەناوبانگبوونیان.

بڵاوکردنەوەی یەک ڤیدیۆ یەک ملیۆن دۆلار بە دەستدێنێت
پارێزەرو چالاکوان ئاهەنگ ئەنوەر دەڵێت: تیک تۆک تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە، كە لەلایەن کۆمپانیای (ByteDance)دروستکراوە و پەرەی پێدراوە، ئەم ئەپە ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنەرانی لە زیادبووندایە، هەندێک لە وڵاتان بە هۆی باری ئەمنی دژایەتی دەکەن و هەندێکیان بەکاریگەری خراپی دەزانن لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، تیکتۆک ساڵانێکە بەکارهێنەری زیادی کردووە لەچاو تۆڕەکانی تر، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تیکتۆک زۆر ئاسانەو هیچ سانسۆرێکی لەسەر نییە.
ئەو پارێزەرە دەشڵێت: لە رووی بازرگانییەوە تەنیا بڵاوکردنەوەی یەک ڤیدیۆ یەک ملیۆن دۆلار بە دەستدێنێت، كە ئەمەش وایكردووە بازرگانی باشی پێوە بکڕێت، هەروەها کەسە بەناوبانگەکان زیاتر دەتوانن خۆیان لە تیكتۆكدا دەربخەن، بەگشتی بازرگانیكردن لە تێکتۆک بووە بە ئامانجی سەرەکی، ئەگەرچی زۆرجاریش کورتە ڤیدیۆی نەشیاوی تیادا بڵاودەکرێتەوە بۆ بەدەستهێنانی پاره، كە ئەوەیان دیاردەیەکی خراپ و ناشیرینە.

بازرگانیکردن بە تیکتۆک سیمایەکی ناشیرینی بە كۆمەڵگە بەخشیووە
دانا جەمال سەرۆكی ریكخراوی شار بۆ گەشەپیدانی مرۆیی و خاوەنی پەیمانگای شاری نموونەیی لەسەر ئەم بابەتە گوتی: هەموو ئەو سەرکەوتنانەی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان پێوەی سەرقاڵن و ئێمەش وەک کۆمەڵگایەكی بەكاربەر پێمان باشە لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا بڕۆین، هەموومان دەزانین ئەوانەی کە سوودبەخشن پێویستە خێزانەکان پەرەی پێبدەن، بەداخەوە دەتوانین بڵێین کە هەندێ بەرنامە هەیە لەبری سوودبەخش بێت زیانی هەیە بۆ کۆمەڵگا و بازرگانی پێوەدەکرێ، بەتایبەتی بەرنامەی تیکتۆک کە سیمایەکی ناشیرینی بەخشیووە بەکۆمەڵگا و کاتێکی زۆر لە بەكارهێنەر دەبات.
سەرۆكی رێكخراوی شار دەشڵێت: کاتێك دەچیتە ناو ئەم بەرنامەیە چاک و خراپ دەبینی، بە بۆچوونی ئێمە دەبێ تاکەکانی کۆمەڵگا هۆشیاربن بەتایبەتی دایک و باوک، نەهێلن منداڵەکانیان بە تیکتۆک سەرقاڵبن، چونکە وادەکات کە منداڵاکانمان تووشی لادانی پەروەردەیی بن، بۆیە پیویستە کە زۆر بەوریایی بەکاریبێنن، من پێمباش نییە بەرنامەی تیکتۆک بەکار بێنین چ گەورە چ منداڵ، چونکە ئەم بەرنامەیه شتێکی بازرگانییەو لادانە لە لایەنی پەروەردەیی تاک و بۆ مەرامی شەخسییە، ناشزانم چ وڵاتێک لە پشتی ئەمەیە، بەڵام ئێمە نەمانتوانی سوود لەم بەرنامانە وەربگرین.

دانا جەمال
نەهرۆ تاهیر
ئاهەنگ ئەنوەر