خەبات: مسلم دۆلەمەری:- ئافرەتی كورد هەمیشە خاوەن هێز و توانا و بەهرەی جوان بووە، بەڵام لە كۆندا لەبەر هەندێ‌ دابوونەریتی كۆمەڵایەتی و ڕێگەنەدان لە لایەن خێزانەوە زۆرجار ئەم هێز و توانا و بەهرانە لەنێوچوون. خۆشبەختانە ئێستا ئەم جۆرە ئافرەتانە بە هێز و تواناوە لە مەیدانی كارن و بە بەهرەكانیان سودێكی زۆر بە كۆمەڵگە دەبەخشن. گولڤین عەبدولسەمەد نموونەیەك لەو ئافرەتانەی كە خاوەن چەندان بەهرەی جوان و سودبەخشە بۆ كۆمەڵگەكەمان.

*گولڤین كێیە؟
– من گولڤین عەبدولسەمەد دانیشتووی پارێزگای دهۆكی ڕەنگینم و دەرچووی بەشی ئای تیم لە زانكۆی دهۆك. لە ساڵی 2005 بۆ یەكەمجار دەستم بە كاری وەرزش كردووە ئەویش بە تێنسی سەر زەوی كە لەو كاتە بەشداری چەندان یاریم كردووە وەك پالەوانێتی سەر ئاستی عراق و كوردستان سوپاس بۆ خودا سەركەوتنی باشیشم بەدەست هێنا.

*تاكو ئێستا بەشداری چەن خولت كردوەو چەندبڕوانامەت بەدەست هێناوە؟
– تاكوئێستا بەشداری دەیان جۆر خولم كردووە و خاوەن زیاتر لە پازدە بڕوانامەی جیاجیام لەوانە بڕوانامەی (لەشجوانی – بایسكلا – تایبەت بە دیسپلین لە فێرگەی پێشمەرگەی زێرەڤانی – زۆمبیا – تۆت – تایكواندۆ – جۆدۆ- ئێف پی ئەكادیمی – یۆگا و چەندان بڕوانامەی تر.

*جگە لە كاری تایبەتی خۆت نوێنەرایەتی كام جۆر وەرزشی جیهانی دەكەی؟
– جگە لەوەیكە ڕۆژانە سەرقاڵی كاری تایبەتی خۆمم من نوێنەرایەتی (ئێف پی ئەكادیمی) دەكەم لەسەر ئاستی عراق و هەروەها نوێنەری ( ماستەرمدرس ئەڵمانی نێودەولەتی دەكەم) بە شێوەی ئۆنلاین.

*وەك كچێك تاچەند ئازادی لەم هەموو كارانەت؟
– من ئازادی تەواوم هەیە لە كارەكانمدا، چونكە خێزانەكەم تەواو هاوكار و هاندەری منن لە كارەكانم ئەگەر ئەوانیش نەبونایە بێگومان ئەوەندە سەركەوتوو نەدەبووم لەكارەكانم. من بە بێ‌ جیاوازی ڕاهێنەرایەتی هەر دوو ڕەگەز دەكەم لەكارەكانمدا ئەمەش نیشانەی ئازادی تەواومە، بەڵام لێرەدا دەلێم بەداخەوە كە هەندێجار بێئەوەی هیچ گرفت لە كارەكانمدا هەبێت لە لایەنی پەیوەنداری وەرزشی كۆسپ لەبەردەم كارەكانم دروستدەكەن. هیوادارم چیتر ئەم كۆسپانە نەخەنەبەردەم كار و حەز و تواناكانم.

*لەئێستاداڕاهێنەرایەتی چ جۆر وەرزشێك دەكەی وە تاچەند ئافرەتان بەشداری خولەكانت دەبن؟
– لەئێستادا من ڕاهێنەرایەتی وەرزشی لەشجوانی و یۆگا دەكەم، بەڵام زیاتر یۆگا، چونكە یۆگا وەرزشێكی نوێیە بۆ كۆمەلگای ئێمە و خەڵكێكی باشیش حەزی لێدەكات و بەشداریش دەكەن بەتایبەت ئافرەتانمان.

*وەك باسدەكرێت وەرزشی یۆگا سوودی زۆرە بەتایبەت بۆئافرەتان دەكرێت بۆمان باسبكەی؟
– بەڵێ‌ بێگومان یۆگا سوودێكی زۆری هەیە چ لە ڕووی جەستەیی یان دەروونی بەتایبەت بۆ ئافرەتانمان، چونكە ئافرەتی كورد كەمتر لە مالەوە دەردەكەوێت و بەردەوام خەریكی ئیشی ماڵەوەیە، بۆیە زیاتر پێویستی بەمجۆرە وەرزشانە دەبێت. سودەكانی یۆگا زۆرن لەوانە ( نەهێشتنی سترێس، خەمۆكی و قەلەكی ، كەم خەوی، نەهێشتنی ئازاری ماسولكە و پشت و چۆك و نەهێشتنی قەڵەوی و كۆنترۆڵكردنی سەرئێشە و شەقیقە و كۆلسترۆل و بەهێزكردنی مێشك و چەندان سودی تر.

*وەك كچێك ئەمكارانەت حەزە یان هەوڵدانە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان؟
– بێگومان سەرچاوەی بژێوی ژیان بۆ هەموو كەسێك گرنگە، بەڵام بۆ من ژیان بە بێ‌ وەرزش هیچ گرنگی نییە و من عاشقی وەرزشم.

*ڕێنمایت چیە بۆئافرەتانی خاوەن بەهرە و توانا؟
– سەرەتا ڕێنماییم بۆ گشت ئافرەتان ئەوەیە كە گرنگی تەواو بە تەندروستی خۆیان بدەن، چونكە ئافرەت زیاتر پێویستی بەتەندروستی باش و جوانی ڕووخسار و جەستە هەیە. هەروەها ڕێنماییم بۆ ئافرەتانی خاوەن بەهرە و هێز و توانا ئەوەیە هەر ئافرەتێك كە بەهرەیەك یان توانای كارێكی هەبێت بە ئازایەتی و هێزەوە كاری لەسەربكات بۆ ئەوەی خەڵكانێكیش سوودی لێوەرگرن و هەروەها خۆی بتوانێت ببێتە خاوەن كاری ئازادی خۆی و بەهرە و تواناكانیشی ببێتە سەرچاوەی ژیانی ڕۆژانەی.