د.سامان سۆرانی
دەسپێك:
مرۆڤ پشت بە توانای خۆی دەبەستێت بۆ گۆڕینی واقیع و گۆڕینی خۆی لەڕووی هزر و ناسنامە یان لە ڕووی کار و کردار، ئەوەش لە ڕێگەی ئەو جیهانە جیاوازنەوە ئەنجام دەدات، کە بریتین لە هێز و پەیوەندیی و زمان و هێما و ئامراز و میدیاکان، ئەمڕۆ لەگەڵ شۆڕشی زانیاریی توانای زۆر گەورە لەبەردەستی مرۆڤە، کە لە توانا لە ڕادەبەدەرەکانی کردار و کارتێکردن بەرجەستە دەکرێت. زۆر ڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین، لەگەڵ میدیای نوێ جیهانێکی نوێ دامەزراوە.
میدیای کۆمەڵایەتی وەکو چەمکەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان چەمکێکی گشتگیر و کۆبەند نیە، چەندین پێناسە و شێوەی لە خۆگرتووە، هەندێ پێی دەڵێن میدیای تۆڕەکان، هەندێکی تر ناوی لێ دەنین میدیای ئەلکترۆنی، یان میدیای ژمارەیی، یان میدیای کۆمەڵگە.

میدیای نوێ سەرەڕای ریشە مێژووییەکەی لە ڕووی ناوەڕۆكەوە، وەکو دەستەواژە لەم ماوەیەی دواییدا لەگەڵ شۆڕشی تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی گەیاندن سەری هەڵدا، زۆرن ئەو توێژینەوانەی باسیان لە چەمکی میدیای نوێ کردووە، کە دابەش بوون بەسەر دوو جەمسەر، جەمسەری یەکەم فۆکوس دەخاتە سەر ئاوێتەکردنی میدیای کلاسیك بە ئامرازە مۆدێرنەکانی وەکو کۆمپیوتەر و تۆڕی زانیاری، لەکاتێکدا جەمسەری دووەم هەر لە بنەڕەتدا پشت بە گەیاندنی ژمارەیی دەبەستێت، کە بووە بە هۆکاری دەرکەوتنی شێوازێکی نوێی گەیاندنی میدیایی و جەماوری.

دیارترین پێناسە، کە خراوەتە ڕوو، باس لە بەکارهێنانی ئامرازە ژمارەییەکان دەکات، کە تایبەتمەندییەکەی لەوەیە ، کارا و دوولاینەیە، ئەگەر بەراوورد بکرێت بە ئامرازە باوەکان، کە یەك ئاراستە بوون، وەکو تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ، کە لە کارپێکردنی پیویستی بە تەکنەلۆژیا نەبوو. ژمارەیەكی زۆر لە ئامرازە میدیاییە نوێیەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازی کۆن و پەرەپێدانی درووست بوو، بۆ نموونە کاتێ لە ساڵی ١٩٤٨ تەلەفیزیۆن پەیدا بوو، ئەو کاتە بە میدیای نوێ دادەنرا، بەڵام کاتێ تەلەفیزیۆن تێکەڵ بە کۆمپیوتەر کرا، لە ڕێگەی تۆماری ڤیدیۆی ژمارەیی بوو بە میدیایەکی نوێ.

لە هەمان کاتدا هەندێ کارنامە هەیە، کە بابەتی کێشەکانی پەیوەست بە میدیای نوێی وەکو دەستەواژە خستۆتە ڕوو و پێی وابووە، کە دابەشبوونێکی هەڕەمەکی لە نێوان هەر یەك لە میدیای کۆن و میدیای نوێ درووست دەکات، پشتگوێ خستنێك هەیە، کەوا میدیای نوێ (میدیای تۆڕە جاڵچاڵۆکە و ژمارەییەکان) زادەی شەو و ڕۆژێ نیە، بەڵکو ڕیشەی مێژوویی هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین دەیە، هەروەها جیاکردنەوەی تەواو لە نێوان ئامرازە میدیاییە کۆن و نوێیەکان هیچ بەڵگە و بنەمای لۆژیکییان نیە.

ئێمە پێمان وایە سێ گریمانە هەیە، ئامرازە میدیاییەکان گرەوی لەسەر کردووە:
١- ئامرازە میدیاییەکان لەناو هەموو کار و کردارێکی کۆمەڵگە دەچێنرێ.
٢- ئامرازە میدیاییەکان کار دەکەن لەسەر چاكکردنەوەی دیدگامان و ئەزموونەکانمان ڕێكدەخات.
٣- ئامرازە میدیاییەکان جیهان پێکەوە گرێ دەدەن.

دەتوانرێ ئەم سێ گریمانایە بەم شێوەیە بخوێنرێتەوە:
ئەو ئامرازە میدیاییانەی، کە بەردەوام لە هەموو شوێنێ هەیە، دیاری دەکات، ئێمە چی دەزانین، هەستمان چۆنە بەرامبەر بەو شتەی دەیزانین.
هەروەها ئامرازە میدیاییەکان ئێمە بەکەسانی تر گرێ دەدات، چونکە ئامرازە میدیاییەکان چوونەتە ناو ژیانی هەموو کەسێ لەسەر گۆی ئەم هەسارەیە و خەڵکی لەناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ڕێکخستووە.

کاریگەری میدیا لەسەر کۆمەڵگە:
میدیا، بە هۆی توانای لەڕادەبەدەری بۆ دواندنی بەشێکی فراوان لە توێژەکانی کۆمەڵگە و بوونی وەکو فاکتەرێکی کاریگەر لەسەر ژیانی کۆمەڵگەکان و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ئابوری و کەلتوری و سیاسی و ئایدیۆلۆژی، دەتوانێ کاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەر بەرژەوەندی کۆمەڵگە و گەشەسەندنی، ئەگەر لێشاوی نامە میدیاییەکانی، کە ریکلامی بۆ دەکات بە باشترین شێوە بەکاربهێنرێت. هەروەها لە ناوئاخنیدا هەڵگری مەترسیی و کاریگەری نەرێنی دەبێت، ئەگەر هێزی هەژمووندار بەکاری بهێنێ بۆ کۆنترۆڵکردنی ناسنامە و پرۆپاگەندەکردن بۆ بەهای بێ بایەخ. ئەگەر ڕێگەی ئامرازە میدیاییەکان ڕوؤل نەگێڕن لە چاندنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و پێوەرە کەلتوورییەکان، ئەوا دەبنە مایەی دەستکاریکردنی هۆشیاری و تێکدانی هزر و پێشێلکردنی بەهاکان، کە تایبەتمەندی کەلتووری کۆمەڵگەیەك لەخۆ دەگرن، لەوانەیە ئامرازە میدیاییەکان لە سایەی شۆڕشی زانیارییەکان و وێنە گەردوونییەکان جەماوەر لەو شوێن و کاتە بپێکێ، کە مەبەستیە، ئەمە ئەو ڕۆڵە گەورەیەی پێ بەخشێوە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی یەکخستنی خەڵك لەسەر یەك کەلتوور، کە دەربازبوون لێی کارێکی ئەستەم دەبێت، تا وای لێ دێت دەبێت بە نەریتێکی کۆمەڵگە و بەشێ لە کەلتووری کۆمەڵگە.

ئەوە ئامرازە میدیاییەکانە، کە لە ڕێگەی جاڕدانی ڕایەكی دیاریکراو و نەدرکاندنی ڕای تر بۆ خەڵك دیاری دەکات، کە چ شتێ باشە و چ شتێ باش نیە، بەو شێوەیە لای خەڵك جۆڕی لە نەریت درووست دەکات، کە قبوڵی بێت و پەیڕەوی بکات و دژ بەو کەسانە بێت، کە پەیڕەوی ناکەن، لەسایەی واقعی میدیایی پەیامی میدیایی کار بۆ پێکاندنی توێژێکی فراوان لە کۆمەڵگا دەکات، تا بە شێوەیەك سەرنجی ڕابکێشێ و سوزی بجوڵێنێ و لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازی میدیایی نوێی جیا جیا و ڕوانگە و بیرۆکە و پرنسیپەوە کار بۆ درووستبوونی گۆڕانی بەمەبەست دەکات لە ناو کۆمەلگە.

بە سیستەمی نوێ، کە هەڵگری بەهاو و پێوەری ترە، دوودڵی کۆمەڵگەیی درووست دەبێت و دڵەڕاوکێ دەخاتە ناو جومگەکانی کۆمەڵگا، چونکە ئەو کەسانەی گەیاندنیان بەدەستەوەیە باوەڕیان بەوەیە، جەماوەر هێزێکی لەبن نەهاتووە، بە جووڵاندن و وورووژاندنی دەکرێ زۆر شت لەسەر ئەرزی واقێع بگۆڕدرێ، کە خزمەت بە بەرژەوەندی لایەنی نامۆ دەکات.

وورووژاندنی تاك و کۆمەڵ و دووبارە پێکهێنانی ئاراستە و ڕەفتارەکانیان ئەرکی میدیای هاوچەرخە، کە خۆی لەدەرەوەی ڕێسا و یاساکان دەبینێ، کە پێویستن بۆ کۆنترۆڵکردن و سانسۆرکردنی بوارەکەی، تا نەتوانێ هەژموونێکی نەرم ئامێزی بەسەر ژکۆمەڵگە هەبێت، ئەو کەسانەی بە ووردی دەڕواننە ڕاپۆرتە میدیاییەکان سەبارەت بە دیاردەی تیرۆر، جیاوازی گەورەیان بۆ دەردەکەوێت، تا ڕادەیەك پێچەوانەکان لەسەر ئاستی باسکردن و شێواز دەبینن، کە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ڕێبازێكی داڕێژراو لای میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە.

شێوازی چارەسەرکردنە میدیاییەکان زیاتر فۆکۆسیان لەسەر ڕووداوەکان دەکرد، لە بری ئەوەی فۆکۆس بخەنە سەر خودی پەرگیری و تیرۆر، تا هۆکار و فاکتەرەکانی ئاشکرا بێت، ڕەگی ئەم دیاردەیە زۆرجار بۆ هۆکاری قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینی دەگەڕێتەوە، کە وا دەکات ئەبستراکت یان ڕەها دەربکەوێت، چونکە زۆرجار ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان وەک ڕووداوێکی دابڕا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، نەوەك پرۆسەیەك، کە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و لەناو ژینگەیەکی دیاریکراو ڕوودەدات.

بۆیە پێویستە لە هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەم ئامرازە میدیاییانە، بە ڕەچاوکردنی چەند ڕەهەندێ، بەکاربهێنرێت:
١- پێداچوونەوە بکرێت بە ووتاری میدیایی پەیوەست بە کاروباری تیرۆر.
٢- گرینگی بدرێت بە چارەسەری میدیایی قوڵبوو لەناو کێشەکانی تیرۆر.
٣- گرینگی بدرێت بە پێویستبوونی ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بەو کەسانەی، کە لە بواری گەیاندن کاردەکەن بەمەبەستی ڕێگریکردن لە کێشەکانی تیرۆر.
٤- پێویستە دەستوورەکانی شەرەفی میدیایی کارا بکرێن و یاساد دەربکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی شێوازی جیا جیاکانی میدیا.

لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ڕەهەندەکانی میدیا لەسەر چەمکی ناسنامە و توانای کاریگەری لەسەر ناسنامە:
ئێمە پێمان وایە چەمکی ناسنامە بابەتێکی دینامیکیە و توانای گونجاندن و کراوەیی و نوێبوونەوەی هەیە بەرامبەر بە پێشکەوتنە فیکری و سیاسی و سۆسیۆلۆژییەکان.

چەمکی ناسنامە وەکو هەموو ئەو بابەتەنای دەچنە ناو چوارچێوەی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان و گشتگیریی پێوە دیارە و فرە واتایە، ناسنامە ویژدانی دەستەجەمعیی هەر مرۆڤێکە، لە هەمان کاتدا ناوەڕۆکی ویژدانە، بەها و خوو و پێکهاتەکانی گونجاندنی هۆشیاریی کۆمەڵە دەگرێتەوە، چ لە بواری بوون بێت یان لە بواری ژیان بێت لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەکەیدا، تەنانەت تا ئەو ڕادەیەی، کە دەگاتە پێناسەی گروپەکەی خۆی، کاتێ دەگاتە ئەوەی دەڵێ، ئێمە و ئەوانی تر.

میدیای نوێ بە بێ دەنگییەکی ڕووندەربارەی ناسنامە توانی لە ڕێگەی ئامرازەکانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن کۆمەڵگە گریمانەییە زەبەلاحەکان درووست بکات، کە ناکرێت سنووردار بکرێن، ئەمەش لای خۆیەوە کاریگەری ئاشکرای هەیە لەسەر گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەی تاك و کۆمەڵ، بەو شێوەیە مەودا و سنوورە جوگرافییەکان بوون بە فۆرمی ساختە، کە ناکرێت ئەم هێرشە تەکنەلۆژیە گریمانەییە ڕابگیرێ، بۆیە ئەمڕۆ کۆمەڵگەی گریمانەیی واقعێکی نوێی درووستکردووە لە ژیانی تاکەکان، کە بە جۆڕی گرێدراو بن بە دەزگا نوێیەکانی وەکو کۆمپیۆتەر و مۆبایل و ئامرازی تر، بۆیە ئەمڕۆ زۆر بە ئاسانی باس لە “تاکی کۆمپیوتەری” دەکرێ، وەکو ئاماژەیەك کە پرۆگرام کراوە و ناسنامەیەكی نوێی هێناوەتە ئاراوە، کە پێشووتر نەبووە و ناکرێ سنووردار بکرێت. چونکە ئەو تاکە تێكەڵەی بەرهەمی کراوەیی و تێكەڵبوونە.

ناسنامەی گریمانەیی، یان فەزای سایبەر (Cyber Space )، کە مرۆڤەکان دەگۆڕی بۆ کەسی ئینتەرنێتی، ئەوانەی بە هۆکاری زۆری لە مێژووی کات و ڕووداوەکان و چەمکەکانی شوێنی ماددی و ناسنامەی کەسی (Hypermodernity) دەخزێتە ناو کەلتوورەکانی تر، تەنانەت لەسەر حیسابی ناسنامەی خۆیان، ئەگەر چی ئەو فەزایە ئارەزوو و پێداویستییەکانی تاك پڕدەکاتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا دڵەڕاوکێی ئینتیما درووست دەکات، چونکە ئەو تاکە لە کەلتوور و بیر و ناسنامەی جیاوازدا وون دەبێت و دەچێنتە ناو کۆمەڵگەیەکی جیهانی، کە سایەکەی بە گلۆبالیزەیشن داپۆشراوە و ناتوانێ ڕەسانەیەتی خۆی دیاری بکات، کە پێویستە ئینمای بۆی هەبێت، قسەکردن لەسەر گرفتی ناسنامە جیاناکرێتەوە لە زمان. ئێمە کۆمەڵە مرۆڤێ نابینین، کە خاوەندی هەمان ناسنامە بن، هەمان زمانیان نەبێت.

مرۆڤ زۆر جار هەوڵ دەدات زمانی خۆی بسەپێنێ، باشترین نموونە ئێمەی کورد، کە بەسەر زیاتر لە دەوڵەتێ دابەش بووین، بەڵام ئینتمامان بۆ نەتەوە و ناسنامەی خۆمانە و بە یەك زمان قسە دەکەین و خۆمان جیا دەکەینەوە لە نەتەوەکانی تر، کە جیاوازن و لەناو ئەو دەوڵەتە بوونیان هەیە، کە بەسەر ئێمە سەپێنراون، واتە زمان ئەو ئامرازەیە، کە ناسنامە دەپارێزێ. زمانیش بە بەکارهێنان و دەستاودەستکردن زیندووە، بەڵام بە هۆکاری ئامرازەکانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن ناسنامەکان پەرشوبڵاو بوون و نموونەیەکی کەلتووری تاك و تەنها سەردەست بوو، کە دەڵێ من ناوەندم، ئەوەی پێی دەوترێ (Acculturation) لێکدانی کەلتوورەکان، تیایدا ناسنامە جیاجیاکان لە بەرگێکی نوێ خۆیان نمایش دەکەن.

بۆ نموونە بە هۆی زاڵبوونی زمانی ئینگلیزی بەسەر تۆڕە زانیارییەکان (ئینەرنێت) لاوازی لە ناو زمانەکانی تر درووست دەبێت، هەژموون لە ڕووی زمان کارێگی گرینگە، چونکە لە ڕێگەی ئەو هەژموونە هزر بڵاو دەبێتەوە، کە هزری گەلان کۆنترۆڵ دەکات، بۆ ئەوەی تووشی کێشمەکێشێک بن، ئەمەش ستەمی زمانی بێگانەیە بەسەر مامەڵە و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان.

هەروەها بڵاوبوونەوەی ئەو زمانەی، کە پێی دەوترێ “زمانی فەیسبوك” لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە دیاریکراوی لە نێوان گەنجان، ناسنامەی خستۆتە ناو دۆخێکی قورستر، ئەمەش گرێدراوە بە گرفتی ترەوە، ئەگەر دروشمی مرۆڤی مرۆڤدۆست بریتی بێت لەوەی، “تۆ خۆت بە” ئەوا دروشمی “پاش مرۆڤ” بریتە لەوەی، “مەبە بە خۆت”، “مەبە بە کەسانی تر”، تەنانەت “وەکو کەسی تر مەبە”، بەڵکو “خۆت بگۆڕە”، تا بتوانی پەیوەندی نێوان خۆت و کەسانی تر بە باشترین شێوە بەڕێوەبەری، لە پێناو ئەفراندن و داهێنان، بە بەکارهێنانی زمانی دیالۆگ و دانوستان و سازان، یان بە بەکارهێنانی عەقڵیەتی بەشداریکردنێکی کارا، کە هەستی بەرپرسیارێتی دوولایەنەت هەبێ.

واتە مرۆڤ بەو ناسنامەی خۆی و بەو بەها دوولایەنەی دەبێتە نێوەندگیر، هزرێکی بونیادنەر و عەقڵێکی گەیەنەر و لوژێکی ئامادەبوو بۆ وەرچەرخان و هەستێکی پراکتیکی دەبێت، بەو شێوەیە مرۆڤ خۆی لە نەرجسیەتی تێکشکێنەرانە ڕزگار دەکات و بەرەو گەردوونییەتی بەرپرسیارانە هەنگاو دەنێت، کە بریتە لە لێبوردەیی و ئاشتەوایی، ئینجا لە خۆی و لە کەسانی هاوشێوەی خۆی دڵنیا دەبێت و بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە سروشت و ژینگە و بوونەوەرەکان لە ئەستۆ دەگرێت، چونکە زمان ناسنامەی تاکە کەسی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و نەتەوەییە، لە رێگەی زمانەوە کەلتوورەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێنەوە، بۆیە بۆ زیندوو راگرتنی فەرهەنگ و کەلتووری نەتەوەیی، ئەرکی هەموو تاکێکە بەرگری لە خاوێنی و پاک و پاراوی زمانەکەی بکات، بە پێویستی دەبینین، لەژێر چاودێری چڕی وەزارەتی پەروەردە، لە قۆناغەکانی سەرەتایی لە قوتابخانەکان پابەندبوون هەبێت بە خوێندن بە زمانی دایك، ئەمە رێگەچارەیەکی زۆر پێویستە بۆ زیندوو ڕاگرتن و گەشەپێدانی ناسنامەی كوردستانی.

دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدلبێرگ-ئەڵمانیا