زێنەب یووسفی:- ئەم کۆ چیرۆکەی (چنوور سەعیدی) ی پێکهاتووە لە ١٧ کورتە چیرۆک و فلاش فیکشن ، ١١٦ لاپەڕەیە و لە ٢٠١٣ دەزگای یانەی قەڵەم لە چاپی داوە. زۆربەی چیرۆکەکان باسی تەنیاییەکانی ژیانی ژنێک دەکەن کە بەردەوام لەگەڵ داب و نەریتەکانی کۆمەڵگای پیاوسالاردا دەستەو یەخەیە و نایهەوێت کۆڵ بداتە یاسا و ڕێسا ژن کوژەکان بەڵام لە هەموو حاڵەتدا هەست دەکات کۆمەڵگا غەدری لێدەکات و دیاردەی ماف فەوتان لەکۆمەڵگای هەموو چیرۆکێکی ئەم کتێبەدا دیارە. کەش و هەوای چیرۆکەکان ژنانە و ناسکن و نووسەر هەوڵی داوە بە کەڵک وەرگرتن لە ئوسلووپی نوێی چیرۆکنووسین، چیرۆکە کورتەکانی نوێتر بنوێنێت. سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی ئەم کۆ چیرۆکە باسی(جۆرەکانی دەنگ هەڵبڕینە دژ بە کۆمەڵگای پیاو سالار)، هەوڵم داوە چەند چیرۆک لەم کۆ چیرۆکه دەستنیشان بکەم بۆ دەرخستنی ئاسەوارەکانی (ناڕەزایەتی دژ بە کۆمەڵگای پیاو سالار).
گڵۆپە تێگەیشتووەکەی پەریا
یەکەمین چیرۆکێکە کە باسی پێوەندی سێکسی و خۆشەویستانەی ژن و مێردێک دەکات کە لە کاتی دەستپێکردندا بێ ویستانە گڵۆپێکی سووریان لێ هەڵدەکرێت و لە کۆتایشدا خود بەخود گڵۆپەکە دەکوژرێتەوە، گڵۆپی سوور نیشانەی ناڕەزایەتی و دەنگ هەڵبڕینە دژ بەو داب و نەریتانە کە بەربەست ساز دەکن بەرانبەر بە خۆشەویستی و دژە سێکسن و ئەو پێوەندییانە قیزەون دەکەن. لە لایەکیترەوە گڵۆپی سوور دەتوانێت نوێنەری مەترسییەکان بێت کە لەوانەیە ئەم دوو کەسە بە بۆنەی ئەم حاڵەتەیان تووشی مەترسی ببن یان گڵۆپی سوور دەتوانێت سیمبۆلی ڕاوەستان بێت کەواتە نابێ ئەو پێوەندییە لە نێوان ئەو دوو کەسەدا پێک بێت. لە هەر حاڵدا دیارە کە وەگێڕ گوێ ناداتە هیچ گڵۆپێکی سوور و پێوەندییەکە ساز دەکرێت. گوایە نووسەر دەیهەوێت بەجۆرێک دەنگ هەڵبێنێت دژ بە داب و نەریتەکان کە ناهێڵن مرۆڤ بە دڵی خۆی بژیت.
پەریا ئاشقی ئەم گڵۆپە سوورە بوو
ماچم ئەکا، ئەمڕۆ ڕۆژێکیترە، وەکوو جاران نییە، ئەنگوستی ئەکێشێ بە ژێر برۆمدا، ختوکەیەکی خۆش لە جەستەمدا سەما دەکات.
پێی ئەوەت: گڵۆپە تێگەیشتووەکەی پەریا.
ژنێک، رەنگە پەریا، لە دڵما جل ئەشوا، هەڵیئەگڵۆڤێ، حەز ئەکەم بڕشێمەوە.
دووهەمین چیرۆک ، فلاش فیکشنێکە بە نێوی (کە شەڕ دەست پێبک) . ئەم کورتیلە چیرۆکه جوان و ناسکە و باس لە دڵخۆشییەکانی ژیانی ڕووتینی ژن و مێردێکەوە دەکات کە هەموو ڕۆژێک دووپات دەبێتەوە بەڵام چیرۆک وێژەکە باس لەوە دەکات کە ئەگەر شەڕ دەستپێبکات ئەو ڕووتیینه جوانەشیان لێ وەردەگیردرێت. نووسەر لێرەدا دژ بە شەڕ و دەسەڵاتدارانی شەر فرۆش دەنگ هەڵدەبڕێت و باسی نەمان و مرۆڤ کوژی دەکات لە نێوان ئەم چەند دێڕە ناسک و جوانەدا.
“کە شەڕ دەست پێبکا، ئیتر ناتوانم بەیانیان بە ماچێک لە خەوت هەستێنم و نانت بدەمێ، قژەکانم، بە گوڵە زەردێکی منداڵانەوە ببەستم و قژەکانی تۆش… کە شەڕ دەست پێبکا ئیتر ناتوانم بە ئارامشەوە میوەکان بشۆرمەوە… لەوانەیە هەر ماچ کردنیشمان لە بیر بچێتەوە، لە بیرمان بچێتەوە پیش لە نان خواردن دۆعا بکەین…
سێهەمین چیرۆک چیرۆکێکە بە نێوی(‘لە مەودای نێوان دوو سلۆمۆشندا).
”ناجی” کوڕێکی گەنج و خۆپارێزە که لەدووی پاڕاستنی کەسایەتی خۆیدایە و نایهەوێت ئیشە نوێیەکەی بە بۆنەی هاوڕێگەری لەگەڵ کۆنە دۆستەکەی کە کچێکی خوێندکاری کەمتەرخەم و حولحولییە لە دەستبدات. لە درێژەی ئەم چیرۆکەدا دەردەکەوێت کە کچە فڕی بەسەر داب و نەریتەکانی کۆمەڵگادا نییە و تا ڕادەیەکی زۆر هەوڵدەدات بە دڵی خۆی بخوات و بپۆشێت و بگەڕێت و بژیت، بەڵام ناجی وا نییەو بەردەوام داوا لەکچە دەکات کە خۆی بپارێزێت، جلی تەسک و جوان لەبەر نەکات، جگەرە نەکێشێت، بەرز پێنەکەنێت، لە دڵەوە خۆشحاڵی دەرنەبڕێت، لەگەڵ پیاواندا نەدوێت نەکات زانکۆ پێی بزانێت و دەری بکات یان دواتر نەتوانێت دابمەزرێت، دەبێ وا بکات، وا نەکات چونکە ناجی لەچوار چێوەکان دەترسێت و دەیهەوێت هیچ سنوورێک نەبەزێنێت نەکا ئیش و کاری لەدەست دەربچێ و موحتاج و داماو بمێنێتەوە بەڵام کچە گوێی ناداتێ و بەدڵی خۆی هەڵسوکەوت دەکات. لە کۆتاییدا ناجی کە لە دڵەوە حەزی لە هاوڕێیەتی لەگەڵ کچە حولحولییەکەیە و دەیهەوێت بە دزییەوە لەگەڵیدا بێت چونکە ئێگجار خۆپارێزە، دەکەوێتە بەر پەلاماری قین و ساردی لە نێوان خۆی و کچەدا و کچە پشتی لێدەکات و هەست دەکات ئیدی ناجی بەلایەوە بایەخێکی نەماوە.
دەنگ هەڵبڕین لەم چیرۆکەدا دژ بە یاساکانی کۆمەڵگایە کە مرۆڤەکان ناچاردەکات خۆیان بخەنە گێژاوی خۆ سانسۆڕییەوە و بەدڵی خۆیان نەژین و ئەو کەسانەش کە دەیانهەوێت بەدڵی خۆیان بێن و بڕۆن و بپۆشن و بخۆن و بدوێن بە حولحولی و سووک و بێ عەقڵ دەناسینێت.
دەنگ هەڵبڕین دژ بە یاسای زانکۆکان کە تەنیا لە چوارچێوە دیاری کراوەکاندا خوێندکار وەردەگرن و بایەخ بە خەڵکانی ئازا و دژ بە یاسا ژن کوژەکان نادەن ،جۆرێکیترە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم چیرۆکە.
سێهەمین دەنگ هەڵبڕین ڕواڵەتێکی فێمێنیستیانەی پێیە. گوایە نووسەر لە کۆتاییدا باس لە تابڵوۆکانی ”جگەرە قەدەغەیە یان ”ڕووپۆشی خۆت بپارێزە” دەکات و وامان بیر دەخاتەوە کە تا چەند ئەو تابڵۆیانە دەتوانن دژ بە مافی ئازایانەی ژنان بن لە کۆمەڵگادا .
” – مەگەر چیەتی؟ تەنیا تۆزێک تەنگ و کورتە، بە خوا ئیتر ماندوو بووم لە مانتۆی شۆڕ.
-ئەزانم، ئەزانم کچێ بەڵام ئەم شتانە منیش ئەخاتە مەترسییەوە، بڕوانە هێشتا جوابی گوزینشم نەهاتووەتەوە، نازانم ئەمساڵیش لەسەر ئەم کارە دامئەنێنەوە یا نا، ئەگەر ئەتهەوێ پێکەوە بگەڕین تۆزێ… تێبگە چی دەلێم… بەخوا بە خاتری خۆتیش.. ساڵێکت ماوە خوێندنەکەت تەواو بکەی، با دوایی وەک من لە شوینێک دامەزرێی.. تۆزێ ژیربە باشە؟ من ئەبێ ئیتر بڕۆم. گەر کارت هەبوو تەلەفوونم بۆ بکە باشە؟
هاوماڵییەکانم لە ماڵ نین و باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی بتوانم بەچاییەک داوەتی بکەم بەڵام هەر خۆم ئەخڵافێنم بە وردەواڵەکانی ناو جانتاکەمەوە ئەمەش یەعنی: تاقەتم لێت نییە.”
چوارەمین چیرۆک کە دەنگ هەڵبڕینی زۆری پێیەوە دیارە چیرۆکی (تەنیا خەمی گوڵە مێخەکەکانمە) کە لە نیگای منەوە خوێندنیترین چیرۆکی ئەم کتێبەیە کە نووسەر هەوڵی داوە لەم چیرۆکەدا کەش و هەوایەکی نوێ بخولقێنێت و جۆرێک لایەنی خەیاڵاوی تێدا بەکار بێنێت و لەم ڕێگەوە هەستێکی جوان لە خوێنەردا درووست بکات. وەگێڕ بە جوانی توانیویە دونیای پڕ لە خەیانەتەکانی ژیانی ژنێکی تەنیا و خەمکین کە کەوتووەتە بازنەی وەهم ئالوودی درۆ و تەفەرەوە، بخولقێنێت. ئەو خەیانەتی لێدەکرێت خەیانەت لەلایەن هاوسەرەکەی کە مامۆستای زانکۆیە و کچە دۆستەکەی هێناوەتە ماڵەوە و شوێنێکی بۆی دامەزراندە و بەنێوی خوێندکاری خۆی لەماڵدا ڕایگرتووە و لەگەڵیدا ئەوینداری دەکات. ئەو دوو کەسە پێکەوە هەوڵ دەدەن ژنە لەدۆخێکی وەهمیدا ڕابگرن و وەکوو شێت و گەمژە بۆی دەڕوانن تا ئەو رادەیە کە ژنە هیچ بڕوایەکی بەخۆی نامێنێت و هەستدەکات دەور وبەری پڕ بووە لە جندۆکە و خەیاڵ. کابرا ژوورێکی بۆ کچە دۆستەکەی لە حەوشی ماڵەکەیدا ئامادە کردووە کە رووبەڕووی دەلاقەی ژووری ئیش و کاری خۆیەتی و بەردەوام لەوێیەوە بۆ یەک دەڕوانن. کچە خوێندکار کە میترای ناوە هەرگیز پەردەکانی ژوورەکەی دانادات و ژنەش لە دەلاقە بچووکەکەی ئاودەستخانەوە کە ڕوو لە ژووری میترا دەکرێتەوە،سەیری کچە دەکات و دەیخاتە چاودێڕییەوە. ژنە بەردەوام خۆی لە گەڵ میترادا هەڵدەسەنگێنێت و هەست بە نزمییەکی ئێگجار دەکات لە دەروونییدا و ئیدی ناتوانێت ڕاستییەکان لەدرۆیەکان لێکبکاتەوە.
” ئەگینا خۆم ئەزانم بەو خێراییەی من ئاوڕ ئەدەمەوە دەرفەتی نوقم بوونی لە لا نامێنێ، کەچی شەریف ئەیژێ خێرایی نوقم بوونی ئەو لە خێرایی ئاوڕ دانەوەم فرەترە، هیشتا نازانم لێی ئەترسم یان نیازم پێیەتی، وەک چۆن خەسووم ئەیوت دەرزییەکیان لێئەدا و ئەبوو بەخزمەتکاری ئەو ماڵە، ئەگەر ترسێنەر وناحەزیشە با ببێت و وەکوو خۆم تەنانەت باشتر لە خۆم هەموو ڕۆژێ بڕۆسەکەی بژەندایە ناو تایتاو وایتێکسەکەوە و هێندە بە هێز کاشییەکانی ناو حەمام و چێشتخانەی خاوێن بکردایەتەوە تا دۆغاوی نێوانیانی پێیوە ببردایێ.”
ژنە تێدەگات کە ماوەیەکە تاڵ تاڵ قژگەلێکی هاو ڕەنگ لەگەڵ قژەکانی میترا لە نێو ماڵەکەیدا دیارە. لە حەمام، لەسەر قەرەوێڵەکە، لەسەر قاڵییەکان. تێدەگات کە هەندێ لەکەل وپەلەکانی میکیاژەکەی و تەنوورە کورتەکەی کە شەریفی هاوسەری زۆر حەزی لێیە، نەماون. کاتێکیش لەبارەیانەوە پرسیار لە میترا دەکات، کچە حاشا دەکات و دەڵێت دڵنیابە کە هەمووی لەو جندۆکەوە دەوەشێتەوە کە لە ماڵەکەدا دەژیت و ژنەش بڕوا بەو قسانە دەکات.
ژنە کە لە دەلاقەی ئاودەستخانەوە بۆ ژووری میترا دەڕوانێت هێدی ، هێدی فێری ئاودەستخانە دەبێت و زۆرتری کاتەکانی لەوێدا تێدەپەڕێنێت. ژنە چەندین گوڵدانی گوڵە مێخەکیشی لە ئاودەستخانەدا داناوە و زۆریش ئاگای لێیانە و خۆشیانی دەوێت. لە ڕاستیدا ژنە وا دڵی لە خۆ دادەمێنێت کە تەنیا ئاودەستخانە شایانی خۆی دەبینێت و بەردەوام هەوڵدەدات لەگەڵ خاوێنکردنی کاشییەکانی ئاودەستخانەدا ڕۆحی زامداری خۆی خاوێن بکاتەوە و زامەکانی لێی بسڕێتەوە، بەڵام بێ سوودە و ژنە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە خۆیا ون دەبێت و بڕوای بە خۆی کەم دەبێتەوە و دونیای واقیع و خەیاڵی لێ ئاڵۆزتر دەبێتەوە. ژنە لەو ئاودەستخانەدا بەردەوام بەرانبەر بە ئاوێنەکە ڕادەوەستێت و لە گەڵ خۆیدا دەدوێت و ئاگای لەهەموو شتێکی ئاودەستخانەکەیە، ئەو تەنانەت هەست دەکات دەتوانێت بۆنی پیساییەکانی هاوسەرەکەی و میترا لە بۆنی پیسایەکانیتری ئاودەستخانە بکاتەوە. لە راستیدا ژنە کەسایەتیەکی ئینسانی داوەتە کەل و پەلەکانی ئاودەستخانەوە. وەکوو گوڵە مێخەکەکان، کاشییەکان، ئاوێنەکە، بۆنی پیساییەکان و کەل و پەلی شۆردنی ئاودەستخانەکە و هەموویانی خۆش ئەوێت و لەگەڵیاندا مورتاحە. لەهەمان کاتدا ژنە هەست بە تاوانباریش دەکات و لەوە کە ناتوانێت بەرانبەر بە خەیانەتەکانی هاوسەرەکەی و کچە دۆستەکەی ئازایانە ڕابوەستێت و لەوە کە پەنای بردووەتە دونیای جن و پەرییەکان،خۆی بە گوناحکار دەزانێت و بەزیندانی کردنی خۆی لە ئاودەستخانەدا خۆی سزا دەدات.
”هێندە لە ئاودەس ئاسوودەم لە هیچ کوێی ئەم ماڵە وا نیم، نازانن چ پێوەندییەکی قووڵ لەنێوان من و ئەم ژوورە بچووکە و دەلاقەکەی و گوڵە مێخەکەکاندا هەیە؟ نازانن من خاوەنی ئەم ژوورە بچووکەم و بۆنی پیسایی شریف و میترا و میوانەكان باش ئەناسمەوە، ئەشزانم بۆنیکی کۆن و ناخۆش لەنێو دڵی کاشییەکانا ماوەتەوە و بەپژاندنی بۆنی گوڵە مریەمی تازەش لاناچێ، من زۆر حەزم لە میوان نییە، ئەترسم بۆنە ناخۆشی پیساییان خوڵەمیشی ئەو بۆنە کۆنەیە گەشکاتەوە و کاشییەکان پیرتر بکا.”
لەکۆتاییدا شەوێک ژنە بە دەنگه دەنگێکی نزم بە خەبەر دێتەوە. دەنگ لە چێشتخانەوە دێت. تێدەگات کەسێک لەوێیەوە و خەریکە لە سەلاجەکە خواردن هەڵدەگرێت بەڵام ژنە لە دونیای ترس و وەهمی خۆیدا نوقمە و زات ناکات بڕواتە چێشتخانە و هەموو شتێک بەچاوی خۆی ببینێت پاش بێدەنگ بوونی ماڵ لە دەلاقەکەی هۆڵی دانیشتندا سەیری ژووری میترا دەکات و دەبینێت کەسێک کە سەرو چاوی خۆی داپۆشاوە بەقاپیکی پڕ لە خواردنەوە خۆی دەکاتە ژوورەکەی میترا دا و ژنە دەبینێت که پەردەکانی ژوورەکە میتراش دادەخرێت.
دەنگ هەڵبڕین لەم چیرۆکەدا دژ بە سیستەمی چەوسێنەری خێزانییە کە دەچێتە بازنەی فێمێنیزمەوە. نووسەر لەم چیرۆکەدا بەباشی توانیویەتی غەدرێک کە نێوان ماڵەکاندا لە دەرحەقی ژنانی ماڵ دەڕوات پیشان بدات. ژنانی ماڵ لە رادەبەدەر ئیش و کار دەکەوێتە ئەستۆیان بەجۆرێک کە بۆ بەڕێیەوە بردنی ئیشی ماڵ پەنا دەبەنە دونیایەکی پڕ و پووچەوە و لەم ڕووەوە بەردەوام هەستی نزم بوون و بێ قابل بوون لە دەروونیاندا بەهێز دەبێتەوە و زۆربەی کات لەلایەن مێردەکانیانەوە خەیانەتیان پێ دەکرێت.
لەم چیرۆکەدا ژنە دژ بە خۆی دەنگ هەڵدێنێت و بەرانبەر بەخۆی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و بە زیندانی کردنی خۆی لە ئاودەستخانە خۆی سزا دەدات. لەوە کە ناتوانێت ئازایانە بڕیار بداتە خۆی و بەرانبەر بەخەیانەتەکانی مێردەکەی و میترا ڕاوەستێت دەنگ هەڵدێنێت و ناڕەزایەتی دەنوێنێت. لە کۆتاییدا دەنگ هەڵبڕین دەبینین بەرانبەر بەبڕوا هێنان بە دونیای پڕ و پوچ و جن و پەرییەکان لەم چیرۆکەدا که بە باشی شی کراوەتەوە.










