بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر دەنگۆی بڵاو بوونەوەی حاڵەتی پەتای کۆلێرا لە سنووری پارێزگای هەولێر رەت دەکاتەوە.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر  رایگەیاند: “لیژنەیەکی باڵامان بۆ بەدواداچوون لەسەر پەتای کۆلێرا پێکهێناوە، رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکمان لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامدا، سێ چوار حاڵەت هەبوون کە پشتڕاست نەکرابوونەوە و سامپڵیان لێ وەرگیرابوو”.

بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر گوتیشی: “تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا تۆمار نەکراوە”.

ئەوەشی خستە روو کە ئەو حاڵەتانەی نیشانەکانیان لە هی کۆلێرا دەچێت پشکنینیان بۆ کراوە، بەڵام تا ئێستا دەرنەچووە کۆلێرا بووبن.

سەبارەت بە دەنگۆی گیانلەدەستدانی منداڵێک کە گوایە لە هەولێر، د. دلۆڤان دەڵێ: “هەموو ساڵێک لە وەرزی هاوین ئەم کاتانە سکچوون و رشانەوە زیاد دەکات، هۆکارەکەش گۆڕانی کەشەکەیە، ڤایرۆس هەیە کە دەبێتە هۆی رشانەوە و سکچوون و بەتایبەت منداڵ تووشی دەبن، بەڵام مەرج نییە کۆلێرابن، زۆر جار ئەمە روودەدات و منداڵی بچوکیش زۆر بەرگە ناگرێ ئاوی لێ بروا، لەوانەیە ببێتە هۆی گیانلەدەستدان دوورنیە حاڵەتی وا رووی دابێت بەس کۆلێرا نەبووە”.