ئەمڕۆ هەینی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان ئاگادارییەکی تایبەت بۆ بازرگانان بڵاو کردەوە و رای گەیاند لەمڕۆوە رسومات و گومرگی هاوردەکردنی تایبەت بە بەنزین هەڵدەگیرێت.

دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە لەمڕۆوە رسومات و گومرگی هاوردەکردنی تایبەت بە بەنزین هەڵدەگیرێت، لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان ئامادەکاری و رێکاری پێویست بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتە بەر، بازرگانان دەتوانن بەبێ باج و رسومات لە ڕێگەی دەروازەکەوە بەنزین هاوردە بکەن.

بە فەرمانێکی وەزاری، وەزارەتی دارایی و ئابووری/نووسینگەی وەزیر لە رێکەوتی (2022/6/16) و بە پشت بەستن بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (1682) لە رێکەوتی (2022/6/15)، ئەوە خراوەتە روو، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزینی هاوردە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بڕیارمان دا بە هەڵگرتنی تەواوی باج و ڕسوماتی گومرگی تایبەت بە بەرهەمی بەنزینی هاوردە، بە رەچاوکردنی کوالێتی، لەگەڵ کەمکردنەوەی ڕسوماتی کارگێڕی هەناردەکردن و هاوردەکردنی سامانە سروشتییەکان، تەنها بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین بۆ حەفت دۆلار بۆ هەر تۆنێک. هەروەها دەرفەتی یەکسان بدرێت بە سەرجەم لایەنەکان بەمەبەستی هاوردەکردنی بەنزین بەبێ جیاوازی و ڕێگری بکرێت لە قۆرخکاری، بە مەرجێک ڕەچاوی کوالێتی بکرێت.