وەزیرى تەندروستیی هەرێمى کوردستان، لەگەڵ سەرۆکى نووسینگەى رێکخراوى تەندروستى جیهانى لە عیراق کۆبوونەوە و لەدواى کۆبوونەوەکە ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە ئێستاش رەوشی کۆرۆنا لە کوردستان لەژێر کۆنترۆڵدایە.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24/5/2021، د. سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ د. مازن زەیتوون، سەرۆکى نووسینگەى رێکخراوى تەندروستى جیهانى لە عیراق کۆبوونەوە و دوای كۆبوونه‌وه‌ سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌وشی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه‌، بەڵام هێشتامەترسی بەردەوامە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ “ڕیکخراوى تەندروستیش بڕیاری داوە ڤاکسینى زیاترمان بۆ دابین بکات، چونکە تا ئێستا  164 هەزار و 300  ژەمە ڤاکسین بۆ هەرێمى کوردستان دابین کراوە و لەو ژمارەیەش 100 هەزار ژەم بە هاووڵاتیان دراوە، کە دەکاتە %2.2، لە هەوڵیشداین بۆ دابینکردنى پاسپۆرتى ڤاکسین بۆ ئەو هاووڵاتیانەى کە هەردوو ژەمە ڤاکسینەکەیان پێدراوە .

گوتیشى: چەندان کۆمپانیا و كونسوڵخانە لە هەوڵى دابینکردنى ڤاکسینن بۆ ئەوەى زۆرترین ڤاکسین بگاتە هەرێمى کوردستان و بۆ هەر لایەنێکیش بیەوێ هاوکاریمان بکات بۆ دابینکردنى ڤاکسین، ئێمە ڕێکارەکانى بۆ دابین دەکەین و هەرچییەکى وەک هاوکارى پێویست بێ، ئێمە پێشکەشی دەکەین.

د. سامان بەرزنجى بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کە ڕێکخراوى تەندروستىی جیهانى بەردەوام لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەماهەنگىی هەبووە و بە ماوەى 24 کاتژمێریش چاودێریی دۆخى کۆرۆنا دەکەن و توانیویانە لە چوارچێوەى هەوڵەکانیان چەندان وڵات بخەنە بازنەى هاوکارییەکانى بەرنامەى نیشتمانیی  عێراقه‌وه‌.

لە  بارەى ڤاکسینیشەوە وەزیرى تەندروستى گوتى: لە ڕێگەى ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانییەوە کار لەگەڵ دەزگاى کۆڤاکسی نێودەوڵه‌تى کراوە، بۆئەوەى زۆرترین ڤاکسین بۆ هەرێمى کوردستان دابین بکرێت، چونکە هەڕێمى کوردستان تایبەتمەندیى خۆی هەیە هەم لە ڕووى دانیشتوانى خۆیەوە، هەمیش به‌ هۆى ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارە و پەنابەر، کە لەناو خاکى کوردستاندا لە کەمپەکاندان.

ڕوونیشی کردەوە کە لەگەڵ ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى رێک کەوتوون بۆئەوەى بتوانن هەم کۆنفرانسێکى تەندروستیى فراوان لە بارەى خۆپارێزى و هەمیش گەشەکردنى جۆرە تازەکانى ڤایرۆسی کۆرۆنا ببەستن. ئەمە سەربارى ئەوەى ڕیکخراوەکە بڕیاری داوە بە ئەنجامدانى چەندان خولى فراوانى ڕاهێنان و هۆشیارى بۆ کارمەندانى تەندروستى، لەسەر ئاستى عیراق و کوردستان.

سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، كە ڕێکخراوى کۆڤاکسی نێودەوڵەتى، ڕەزامەندیى نیشان داوە بۆ ئەوەى لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڕێکى دیکە لە ڤاکسین بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان دابین بکات و ئەوەش دەبێتە هۆی هاوکارییەکى باشتر بۆ ڕووبەڕووبونەوەى ئەو پەتایە.

لە  بارەى پەیامەکانى خۆپارێزیش وەزیرى تەندروستى گوتى: هێشتا خۆپارێزى و بەستنى ماسک و دوورکەوتنەوە لە شوێنە جەنجاڵەکان پێویستە و دەبێ هاووڵاتیان ڕێکارەکانى خۆپارێزى بە تەواوى جێبەجێ بکه‌ن بۆ ئەوەى مەترسییەکانى تێپەڕێنین.

لە لای خۆشیەوە د. مازن زەیتوون، بەرپرسی نووسینگەى ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانى لە عیراق، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کە ئەوان کار دەکەن لەسەر بەرزکردنەوەى تواناى کارمەندانى تەندروستى لەگەڵ ئەوەى کە زۆر هەڵیان داوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو پەتایەی سەرانسەرى جیهانى گرتووه‌تەوە و عێراقیش قوربانى تێدا هەبووە.