له كۆنفرانسێكی میدیاییه‌دا، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سامان به‌رزنجی رایگه‌یاند، نیگه‌رانین له ره‌وشی سلێمانی و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی به په‌رۆشه‌وه چاودێری ره‌وشی سلێمانی ده‌كات و بڕیاری داوه بوودجه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌ناكاوی بۆ سلێمانی ته‌رخان بكات.
سامان به‌رزنجی گوتیشی: له سه‌ره‌تای كۆرۆناوه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به په‌رۆشه‌وه بێ كه‌مته‌رخه‌می رێكاری زۆر پێویستی گرته به‌ر بۆ رێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و تا راده‌یه‌كی زۆر باش توانرابوو ره‌وشه‌كه كۆنترۆڵ بكرێت.
گوتیشی: تا رۆژانی پێش جه‌ژن هه‌موو رێكاره‌كان زۆر به رێكوپێكی جێبه‌جێ ده‌كران تا وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌سه‌ڵاتی دایه یه‌كه ئیدارییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به گوێره‌ی هه‌لومه‌رج و پێویستی ژیان هه‌ندێك ئاسانكاری بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌یانی ژماره 39 و 41ی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا هاتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان ره‌وشی كۆرۆنا مه‌ترسیدار تر بوو و ئاماره‌كان هه‌ڵكشان.
روونیشیكرده‌وه، تا ئه‌مڕۆ 2872 كه‌س له هه‌رێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون و له‌و ژماره‌یه 1525 كه‌س له نه‌خۆشخانه‌كان له ژێر چاودێریدان و 82 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه و رێژه‌ی مردن گه‌یشتووه‌ته %3.7.
له باره‌ی سلێمانیشه‌وه گوتی: به داخه‌وه نیگه‌رانین له‌و ره‌وشه‌ی له سلێمانی هه‌یه و %67ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون و مردن له سلێمانی تۆمار كراوون و ئه‌مه‌ش جێی نیگه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خودی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه. هه‌ر بۆیه سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی 2 ملیار دیناری دیكه‌ی بۆ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی سلێمانی ته‌رخانكرد، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی پێویسته بكرێت له پێناو رێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنا.
ئاشكراشیكرد، هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له سنووری سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ له‌به‌رچاونه‌گرتنی مه‌ترسییه‌كان و ره‌چاونه‌كردنی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی له بازگه و ده‌روازه سنوورییه‌كان و ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه هات، كه رێنماییه‌كان به هه‌ند وه‌رنه‌گیران و متمانه لاواز كرا و رێكاره‌كان به خاوی جێبه‌جێ كران.










