رەسوڵ حەمەدەمین
ڤیكتۆرهۆگۆ دەڵێت: لەگەڵ كردنەوەی دەرگای هەر قوتابخانەیەك دەرگای زیندانێ دادەخرێ.
پەروەردە: ئامرازێكە بۆ بەدیهێنانی داهێنان و ئەفراندن و دۆزینەوەو راڤەكردن و لێكۆڵینەوەو بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە.
پەروەردە: كردەیەكی پەروەردەیی و چاككردنی ئاكار و پوختكردنە بە ئامانچی پێگەیشتن و گەشەكردنی منداڵ وفێرخواز بەپێگەیشت و گەشەكردنكی كۆمەڵایەتی دروست و بونیادنانی تاكێكی دروست بۆیە ناتوانرێ رۆڵی پەروەردە لەكۆمەڵگاو لەپرۆسەی خوێندندا نادیدە بگیرێت، چونكە ئاستی وشیاری و هزری و مەعریفی و زانستی خەڵك و بەها ئەخڵاقی وئاینی و كەلتووریی و فەرهەنگیەكانی پەروەردەن كاریگەریان لەسەر بونیادنانی كەسایەتی تاكەكانی كۆمەڵگاهەیە. هەربۆیەش لەم رووەوە جیاوازیەكی زۆر لەنێوان كۆمەڵگەكراوە پەروەردەییەكان و كۆمەڵگە داخراوە ناپەروەردەییەكان بەدی دەكرێت، كۆمەڵگە داخراوەكان لەرووی زانستی و مەعریفیەوە زۆر دواكەوتوون و سیستەمی خوێندن تیایدا كۆنباو تقلید یەو بەشێوەیەكی كلاسیكی بەرێوەدەچێت، بەڵام پەروەردە لەكۆمەڵگاكانی كراوەدا لەئاستێكی هەرەبەرز و مۆدێرن دایە و رۆژانە بەدەیان و سەدان داهێنانی زانستی و نوێ بەهۆی ئەو سیستەمەوە دێنە ئاراوە و سیستەم لەسەر بنەما زانستیەكان داڕێژراوە و ساڵانە گۆڕانی ڕیشەیی بەسەر پرۆگرامەكان دێت.
لێرەدا دەردەكەوێت بۆمان هەركۆمەڵگایەك بۆچین و توێژ و ئەندام و تاكەكانی خۆی قوتابخانەیەكی گەورەیە بەواتایەكی تر تاكەكان كۆپی پەروەردەی كۆمەڵگایەكانیانن بۆ نمونە : كۆمەڵگای پەروەردە رۆشنبیر و وشیار و زانستپەروەر كەسانی رۆشنبیر و وشیار و زانستپەروەردروست دەكات، بەڵام كۆمەڵگای پەروەردە نارۆشنبیر و نەفام و تەمبەڵ كەسانی ناڕۆشنبیر دروست دەكات. بێگومان ژێرخانی پەروەردەیی و زانستی هەرگەل و وڵاتێكیش لەسەر بناغەی سیستەمی خوێندندا بونیادنراوە و ئەگەرسیستەمی خوێندن سیستەمێكی پەروەردەیی نوێ و زانستی و بابەتی واقعی بێت و دەرهاوێشتەی واقیعی كۆمەڵگا و پێداویستیەكانی ژیانی ئەو سەردەمەبێت بێگومان زەمینەیەكی لەبار و گونجاو بۆ تێگەیاندن و پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست و كەسانێكی زانا و دانا و شارەزا و بلیمەت دەرەخسێنێ و دەبێتە هۆی رزگاركردنی كۆمەڵگە لەچەقبەستووی و بەستەڵەكی هزری و مەعریفی بەڵام، ئەگەڕ سیستەمی پەروەردە سیستەمێكی نارێك و ناتەواو بوو بێ و كەم وكوری تێدابێت و لەسەربنەمای زانستی دانەڕێژرابێت ناتوانێ ببێتە خاڵی وەچەرخان بۆ بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە و دروستكردنی نەوەیەكی تەندروست.
ئاڵێرەدا حكومەت و میری، لەدارشتنی ستراتیژیەتی بەپەروەردەكردنی كۆمەڵگا بۆ دروستكردنی نەوەیەكی تەندروست بەرپرسیاریەتی گەورەی لەئەستۆدایە، بۆیە چەندە حكومەت بەتەنگ پەروەردە و زانست و مەعریفەوە و خوێندنەوەبێت ئەوەندە كاروانی پەروەردە و زانست و زانیاری بەئاراستەیەكی دروست دادەروات و خوێندن رێچكەی راستەقینەی خۆی وەردەگرێ و توانا هزری و جەستەییەكانی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دەخاتەگەر بۆجوانكردنی دیمەنەكانی شارستانی بەڵام ئەگەر حكومەت بەجددی كارنەكان بۆ زیندووكردنەوە و پایەداركردن و چەسپاندنی سیستەمی پەروەردە ناتوانێ هەنگاوی كرداری بۆ بنەبركردن و نەهێشتنی نەفامی و نەزانین و پاشاگەردانی و دواكەوتوویی بهاوێژێ و رابەرایەتی كۆمەڵگایەكی وشیاربكات و سەروەریی و شكۆمەندی یاساكان و زانست بپارێزێ. بۆیە لەم سۆنگەیەوە ناكرێ رۆڵ و پێگەی پەروەردە لەكۆمەڵگا لەبەرچاو نەگیرێت و فەرامۆش بكرێت بەڵكۆ پێویستە كار بۆگەشەكردنی پەروەردەیەكی دروستبكرێت بۆ ئەوەی نەوەیەكی دروست بهێنێتە كایەوە لەكۆمەڵگا لەرووی مرۆڤایەتی و زانستی و سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و بازرگانی و هزری … تاد تاكو لەرێگەی پەروەردەیەكی دروستەوە بتوانین نەوەیەكی تەندروست و زانا و دانا و وشیار و رۆشنبیر و بەئاگا و داهێنەر و ئاستبەرز بونیادبنێین و خزمەتێكی شایستە پێشكەش بەكۆمەڵگە و جیهانی مرۆڤایەتی بكەین.










