خەبات: عەلی بانیشاری:- بەپێی چەند ئامارێكی نافەری لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و دەشتی شارەزوور لە ماوەی یەك هەفتەدا نزیكەی 5 هەزار دۆنم گەنمی جووتیاران و پووش و پاوان سووتاوە. بەوتەی جووتیارانی سنوورەكە هۆكاری سەرەكی ئاگركەوتنەوەكان فڕێدانی “جگەرە”ـیە. یەكێك لەو جووتیارانەی 7 دۆنم گەنمی سووتاوە دەڵێت: هێشتا پارەی گەنمی ساڵانی 2014 و 2015م وەرنەگرتووە، كەچی رەنج و ماندووبوونی ئەمساڵیش بەهەدەرچوو. جووتیارێكی دیكەش داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكات قەرەبووی زیانەكانیان بكاتەوە. وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هۆكاری ئاگركەوتنەوەكانی چەند رۆژی رابردوو نادیارن.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەڵەبجە رایگەیاند: 9ـی ئەم مانگە توانیوویانە ئاگرێك لە شاخی بەمۆ كە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیان نەبووە كۆنتڕۆڵ بكەن كە بۆ ماوەی 3 رۆژ بوو ئاگرەكە بەردەوام هەبوو. بەڕێوەبەرایەتییەكە بڵاویكردووەتەوە بۆ ماوەی 6 كاتژمێر تیمەكانییان بە بەردەوامی سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەی شاخی بەمۆ بوون. شاخی بەمۆ دەكەوێتە نێوان ناحیەی مەیدان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و ناحیەی بەمۆی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە.
كێشەی زوو كۆنتڕۆڵ نەكردنی بەشێك لەو ئاگرانەی لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەكەنەوە بۆ بوونی “مین و تەقەمەنی” دەگەڕێتەوە. 2ـی ئەم مانگەش بەهۆی كەوتنەی دوو ئاگری گەورە لە گوندەكانیخێڵی حەمە، بانیشار، عامورە، تەپەكوڕە، دەرەشیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 3 هەزار دۆنم گەنمی جووتیاران و پووش و پاوان سووتا. زانیار عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە راگەیاند: ئاگركەوتنەوەكان بەهۆكارێكی نادیار نەبوون.
عەلی حەمەلاو، یەكێك لەو جووتیارانەی چەندین بەهۆی ئاگركەوتنەوەكەی 2ـی مانگی گوندی بانیشاری سەر بە پارێزگای هەڵەبجە زیانێكی زۆری بەركەوتووە. ئەو دەڵێت: بەشێك لە ئاگركەوتنەوەكان بەهۆی فڕێدانی جگەرەوەیە، جگەرەكێش دوای كێشانی جگەرەكەی بە تەواوی ناكوژێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاگركەوتنەوە. دەشڵێت: بڕیار بوو دوای چەند رۆژێكی تر دەڕاسە گەنمەكەم بۆ بدورێتەوە، بەڵام ئاگر هیچی بۆ نەهێشتمەوە. ناوبراو سوپاسی تیمەكانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان دەكات كە هەوڵێكی زۆریان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە داوە. عەلی حەمەلاو داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكات قەرەبووی جووتیارە زیان لێكەوتووەكان بكاتەوە.
هەر بەهۆی ئاگركەوتنەوە 6 و 7ـی مانگ لە گوندەكانیبێڕەشكە، كانی سپیكە لە سنووری شارەزوور نزیكەی 2 هەزار دۆنم گەنم و پووش سووتا، پاش هەوڵێكی زۆر تیمەكانی بەرگری شارستانی سەیدسادق تووانیان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن. كەریم مەحمود، جووتیارێكی نیشتەجێی قەزای سەیدسادقە، ئەو دەڵێت: بەهۆی ئاگركەوتنەوە 7 دۆنم گەنمم سووتاوە و زیانێكی زۆرم بەركەوتووە. ئەو جووتیارە گوتیشی: هێشتا پارەی گەنمی ساڵانی 2014 و 2015م وەرنەگرتووە كە زیاتر لە 5 ملیۆن دینارە. كەریم مەمحمود كە ماوەی 28 ساڵە جووتیارە دەشڵێت: دەبێت ئەو كەسانە سزای توند بدرێن كە دەبنە هۆی ئاگركەوتنەوە و ماڵوێرانكردنی خەڵك. ئەوەشی گوت: ئەگەر سزای توند دانەندرێت بۆ ئەو كەسانەی ئاگر دەخەنەوە، هەموو ساڵێك جووتیار تەنها ماندووبوونی بۆ دەمێنێتەوە.










