خەبات: عەلی بانیشاری:- ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهاندا تادێت روو لەزیادبوون دەكات. بەپێی ئاماری ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی وۆرڵد ئۆ میتەر تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە لەتەواوی جیهاندا حەوت ملیۆن و 739 هەزار و 831 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون. لەڕووی ژمارەی توشبووان بە كۆرۆنا ئەمریكا لە پلەی یەكەمدا دێت كە تائێستا لەو وڵاتە دوو ملیۆن و 116 هەزار و 922 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و 116 هەزار و 825 كەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی سنگ و بۆری هەوا دەڵێ: تاكەمترین بەریەككەوتن هەبێت، كەمتر خەڵك تووشی ڤایرۆسەكە دەبن.
وۆرڵد ئۆ میتەر بڵاویكردووەتەوە، لەسەر ئاستی جیهاندا تا رۆژی شەممە 428 هەزار و337 كەس كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون گیانیان لەدەستداوە. هەروەها سێ ملیۆن و 966 هەزار و 262 كەسیش كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون چاكبوونەتەوە. لە پاش ئەمریكا وڵاتی بەرازیل لە پلەی دووەمی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دێت، بەشێوەیەك لەو وڵاتە 829 هەزار و 902 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و 41 هەزار و 901 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
هەرچی سەبارەت بە وڵاتی رووسیاشە لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی سێیەمی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دێت، لەو وڵاتە 511 هەزار و 423 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و شەش هەزار و 715 كەسیش گیانیان لەدەستداوە. وڵاتی عێراقیش لەڕووی زۆری ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهاندا تا رۆژی شەممە لە پلەی 46دا هاتووە، بەشێوەیەك لەعێراق 17 هەزار و 770 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و لەو ژمارەیەش 496 كەس گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە ژمارە تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 2005 كەس لەو ژمارەیەش 38 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و 600 كەسیان چاكبوونەتەوە و 1367 لەژێر چاودێری پزیشكی دان. وەزارەتی تەندروستی هەرێم جەخت لەوە دەكاتەوە هۆكاری سەرەكی بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ پابەندنەبوونی هاوڵاتیان بەرێنماییە تەندروستییەكان دەگەڕێتەوە.
د.كامەران قەرەداغی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی سنگ و بۆری هەوا دەڵێت: ڤایرۆسەكە لەناو خەڵكدا هەیە، كاتێك كەسێك خۆی ناپارێزێت، بەبێ ئەوەی ئاگای لێی بێت تووش دەبێت، وەكو ئەوەی لە وڵاتی دەرەوەی روویداوە. تاكەمترین بەریەككەوتن هەبێت، كەمتر خەڵك تووشی ڤایرۆسەكە دەبن. دەشڵێت: ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان هەموو تەمەنێكدا زۆر بووە و ژمارەی هەوكردنی سییەكان زۆر بووە و ژمارەی بەكارهێنانی ئۆكسیجن بۆ تووشبووان زیاد بووە، ئەمەش وایكردووە ژمارەی مردن زیاد بكات، بۆیە تەنها چارەسەر خۆپارێزییە.
وەزارەتی تەندروستی رووسیا 10ـی ئەم مانگە بڵاویكردەوە لەم هەفتەیدا دەرمانیئەڤیفاڤیر بەخۆڕایی دەگاتە نەخۆشخانەكانی وڵاتەكەی و دەتوانن بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا بەكاربهێنن. وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندووە دەرمانی ئەڤیفاڤیر لە رووسیا دەكرێت. بۆ یەكەمجار لە 24ـی شوباتی ئەمساڵ یەكەم حاڵەتی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەعێراق تۆماركرا. وەزارەتی تەندروستی توركیا رۆژی هەینی رایگەیاند دەرمانی Favicovir ی دروستكردووە كە بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا بەكاردێت.
هەریەك لە وڵاتانی ئەمریكا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و چەند وڵاتێكی دیكە لە هەوڵی بەردەوامدان تا پێكوتەی ڤاكسینی تایبەت بە كۆرۆنا بدۆزنەوە. زانایانی زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی رایگەیاندووە لەدۆزینەوەی پێكوتەیەك بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا نزیكبوونەتەوە. هەواڵەكانی زانایانی زانكۆی ئۆكسفۆرد بووە مانێشتی بەشێك لە رۆژنامە بەناوبانگەكانی جیهان و ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. لەنوێترین لێدوانیدا تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند: لەسەرتاسەری جیهاندا كۆرۆنا بەرەو خراپتر دەڕوات.










