دێكان عەلی

بەدرێژایی مێژووی گەلی كورد، ئەگەر بەوردی بیخوێنینەوە و پێداچوونەوەی بۆ بکەین، تێدەگەین هەمیشە و بۆ هەر ڕووداوێکی مێژوویی یان بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆزی کورد، لایەنێک كێشە و بەربەستی دروست كردووە.

لە ڕۆژی 7/6/2017 بە ئامادەبوونی نوێنەری بەشێک زۆر لە لایەنە سیاسییەکان و نوێنەری پێکهاتەکانی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی ڕۆژی شانازیی کورد دەستنیشانکرا، ڕۆژی دەنگدان بۆ سەربەرزی، ڕۆژی دەنگدان بۆ ئازادی، ڕۆژی دەنگدان بۆ شانازی، ئەویش دەنگدان بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان.

لەو کۆبونەوەیەدا بەدیاریکراوی ڕۆژی 25/9/2017 وەک ڕۆژی ئەنجامدانی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان دیاریکرا، هەڵبەت بە ڕەزامەندی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی ئەو کۆبونەوەیە، پاش ململانێکی زۆری سەرۆک بارزانی لەلایەن نەیارانی كورد و سەربەخۆیی، هەوڵێکی زۆریش درا بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەو ڕووداوە پڕ شانازییە و مێژووییە، سەرئەنجام بە هەوڵ و کۆششەکانی سەرۆک بارزانی لە هەمان ڕێکكەوتی دیاریكراودا، گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان کرا و بەشانازییەوە لە %93 خەڵکی کوردستان بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی لە عێراق دا.

بەداخەوە لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم وەک هەمیشە بەرژەوەندیی کەسی و پلە و پۆست دووبارە ڕێگربوون لە بەدیهاتنی ئامانجەكە و سەربەخۆیی کوردستان، ئەوەبوو نەیارانی كورد بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی كوردستان ڕووداوی شانزەی ئۆکتۆبەریان ئەنجامدا و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی نیوەی خاكی كوردستان داگیر بكرێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی شانازی ڕیفراندۆمخوازەكانە، ئێستا و لە داهاتووشدا دەنگدانە بەو ڕیفراندۆمەی لە ئەنجامی کۆششی چەند ساڵەی پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان و هەوڵە چڕەکانی سەرۆک بارزانی بوو، بۆ دروستکردنی دەوڵەتی كوردستان، ئەوە شانازییە ئێمەش وەک میللەتی کورد سنگ دەرپەڕێنین و بڵێن ئێمەش خاوەن دەوڵەتین، دەوڵەتی کوردستان.