خەبات – مەریوان نەقشبەندی
میسال ئالوسی کەسایەتی سیاسی عیراق و سەرۆکی حزبی ئوممە لەلێدوانێکی تایبەت بەرۆژنامەی خەبات گوتی: ئەوانەی باس لەپێشمەرگە بەخراپ دەکەن و داوای تەسلیمکردنی چەکەکانی دەکەن لەخەیاڵی وڵاتانی دراوسێ و نەیاری عیراق دەژین و نازانن پێشمەرگە چ پاڵەوانێکی شەڕ و قارەمانێکی ئاشتیە.
میسال ئالوسی لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی:پێشمەرگە تەنھا رەمزی ئازادی و پارێزەری خەڵکی کوردستان نیە بەڵکو پارێزەری زیاتر لەملیۆن و نیوێک ئاوارەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی بەغدایە کە ھانایان بۆ کوردستان و مرۆڤدۆستی پێشمەرگە ھێناوە،ھەروەھا گوتی:پێشمەرگە نەک ھەر ھێزێکی دەستوریە بەڵکو پارێزەری دەستوری عیراقیشە ،بۆیە ئەوانەی باسی تەسلیمکردنی چەکەکانی پێشمەرگە دەکەن خۆیان بەدەیان ھەزار چەکداری تایفی و میلیشیاییان دروست کردوە بەبێ شەرعیەتی دەستوری و دەیانەوێ دەست بەسەر سوپا و پێشمەرگە و ھەمو ھێزە دەستوریەکانی عیراق بگرن کەبەتەئکید ئەمەیان بۆ ناچێتەسەر و ھەموو عیراقیەکان شایەتی بۆ قارەمانیەتی و ئیلتیزامی مرۆیی پێشمەرگە دەدەن کەتێکشکێنەری ئەفسانەی تیرۆرستانی داعش بوون .










