خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین:-
ماوەی چەند سالێكە یانە وەرزشییەكانی كوردستان خاوەنی چەندین تیپی بەهێزی كچانن لەیارییە جۆراوجۆرەكان، یاری فوتساڵیش یەكێكە لەو یارییانەی كەهەمیشە ئافرەتان حەز بەو یارییە دەكەن، خاتوو نیان وەلی رەسول یەكێكە لەو یاریزانانەی كە هەمیشە هەموو كات ڕاهێنەر لەكاتی یارییەكاندا پشتی پێ دەبەستێت و جێی متمانەیە، بۆتیشك خستە سەر ئەم یاریزانە ئاست بەرزەی یانەی هەڵەبجەی شەهید لەیاری فوتساڵدا لەنزیكەوە بەباشمانزانی ئەم كچە وەرزشوانە بەچەند پرسیارێك بەسەر بكەینەوە و سەرەتا سەبارەت بەچۆنیەتی هاتنی بۆ نێو دونیای وەرزش خاتوو نیان بۆ خەبات ڕایگەیاند: بێگومان هەر لەمناڵییەوە خولیایەكی زۆرم بۆ بواری وەرزش و وەرزش كردن هەبوو بەتایبەتی لەقوتابخانەكان هەموو كات بەشداری چالاكییە وەرزشییەكانم دەكرد، لەساڵی 1202 وە بەشێوەیەكی ئەكادیمی لەقوتابخانەی ئاسۆ وەرزشی تۆپی پێم دەستپێكرد، بە ماوەیەكی كورت توانیم بوونی خۆم بسەڵمێنم و ئێستا وەك یاریزانێكی سەرەكی لەیانەی هەڵەبجە یاری دەكەم.
سەبارەت بەئامادەكاری تیپەكەیان بۆ خولی فوتساڵی نایابی كوردستان ئەو بۆ ئەم پرسەیش قسەی خۆی هەبوو لەوەڵامدا گوتی: بێگومان رۆژانە بەبێ وەستان بەپێی پلان و بەرنامە مەشقەكانمان ئەنجام دەدەین، خۆشبەخاتە ئەم وەرزە چەندین یاریزانی ئاست بەرز وبەتوانامان هێناوەتە رێزی تیپەكە بۆ بەشداری كردنیان لەخولی فوتساڵی كوردستان.
گوتیشی: زۆربەی زۆری یانەكان بەهۆی نەخۆشی كۆرۆنا چالاكییەكانیان ڕاگرتووە، بەڵام یانەكەی ئێمە بەبەردەوامی ئێستاش مەشق وڕاهێنان ئەنجام دەدات.
لەبارەی كردنەوەی خول لەماوەی یەك ساڵدا لەلایەن یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان خاتوو نیان بۆ ئەمەیش گوتی: بێگومان كردنەوەی خول لەماوەی یەك ساڵدا بۆ یانەكان خۆی لەخۆیدا كارێكی باش نییە و سستی و لاوازی دەكەوێتە نێو یاریزانەكان بەهۆی چاوەڕوانی كردنیان بۆ ماوەیەكی یەكجار درێژ، بۆیە حەقوایە لەماوەی سالێكدا 2 خول بۆ یانەكان ئەنجام بدرێت، چونكە ژمارەی یانەكانی خولی فوتساڵ ژمارەیەكی زۆر نییە تاخەرجی زۆری بۆ تەرخانبكرێ.
هەر لەبارەی ئاستی وەرزشی ئافرەتان لەكوردستان بەگشتی و لەشاری هەڵەبجە بەتایبەتی نیان بەڕاشكاوانە بۆ ئەم پرسیارەیش بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە: بێگومان وەرزشی ئافرەتان لەهەڵەبجەی شەهید تارادەیەكی زۆر پێكشەتووە، بەڵام لەكوردستان من شاری سلێمانی بەپێشكەوتووترین شار دەزانم كەزۆر بایەخ و گرینگی بەوەرزشی ئافرەتان دەدرێت و زۆربەی زۆری یاریزانەكان خاوەن دەستكەوتی گەورەن لەیارییە جیاجیاكاندا.










