خەبات: هەولێر
شەوانە ژمارەیەك هاووڵاتیی بێنەوا لە بەردەم دوكانەكانی باغی شار لە هەولێر جێگای خەوتن رادەخەن و لەم شوێنە دەخەون، هەر یەك لەم هاووڵاتییانە كێشەیەكی تایبەتی هەیە و زۆرینەشیان بێ ماڵ و حاڵن و ژن و منداڵیان نییە. لە دوای كاتژمێر 12ی شەوەوە، هەریەك لەو بێنەوایانە، بۆخۆیان و پێخەفی خەوتنیان، روو دەكەنە ژێر دوكانەكانی باغی شار و، سەرەتا بۆ كەمتر هەست بە سەرماكردن، كارتۆنێك رادەخەن و دواتر پێخەفی خەوتنیان رادەخەن و تا بەیانی لە بەردەم ئەم دوكانانەدا دەخەون، بەیانییانیش لە چایخانەیەكی نزیك شوێنەكە، بێ بەرامبەر نانی بەیانی دەخۆن و، بۆ نیوەڕۆش دەچنە مزگەوتی شێخی چۆلی بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ، كە لە سەردەمی شێخی چۆلییەوە نیوەڕۆیان خواردن بۆ خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت لەم مزگەوتە دورست دەكرێت.
یەكێك لەو بێنەوایانە، عەبدولناسڕ مەحموود تەمەن 46 ساڵ و خەڵكی شاری دهۆكە، ئەو سەر و ریشێكی ماش و برنجی و رووخسارێكی ماندووی هەیە، بەهۆی كێشەی میراتەوە لەگەڵ براكەی، ماڵی بەجێهێشتووە و ماوەی ساڵێكە لە بەردەم دوكانەكانی باغی شار دەخەوێت و لە ئێستاشدا جۆرە نەخۆشییەك لە قاچەكانی دەرچووە و مەترسی تەشەنەكردنی نەخۆشییەكە دەكرێت.
ئەو قەترەیەكی چاو و مەرهەمێك بۆ برینەكانی قاچی، لە ژێر كارتۆنەكە داناوە و وەك خۆی دەڵێت كە پێش ئەوەی سەرگەردان بێت، پیاوێكی بەهێز بووە و ئێستا توانای رۆیشتن و كاركردنی نەماوە و برینەكانی قاچی، تووشی دڵەڕاوكێ و مەترسی كردووە.
عەبدولناسڕ مەحموود گوتی: ماوەی ساڵێكە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ برایەكم، لەسەر بابەتی میرات، ماڵ و منداڵم لە شاری دهۆك بەجێهێشتووە و لە ژێر ئەو دوكانانەی باغی شار لە هەولێر دەخەوم.
عەبدولناسڕ مەحموود گوتیشی: برایەكەم رێگا نادات بچمەوە ماڵەوە، چوار منداڵم هەیە، كچێكم شووی كردووە و ئەوانی دیكە بچووكن، من ناتوانم بجووڵێم، نەخۆشی لە قاچەكانم هەیە و باری تەندروستیم خراپە، تەنیا رۆژانی هەینی كار دەكەم، بۆ كەسێك ئاو و پیپسی بۆ دەفرۆشم و بڕی 15 هەزار دینارم پێ دەدات”.
لەبارەی سكاڵاكردن لە دۆسیەكەی، عەبدولناسڕ مەحموود گوتی: هەڵەی خۆم بوو سەرەتا نەچوومە لە دادگا سكاڵا بكەم و دهۆكم بەجێهێشت، بۆیەش وازم لە مافەكەی خۆم هێناوە، ئەگەرنا لە میراتەكە نزیكەی 60 ملیۆن دینارم بەردەكەوێت، بەڵام یەكێك لە برایەكانم رازی نییە كە میراتەكان دابەش بكەین، چونكە ئێمە 7 براین و تەنیا من سەرگەردان بووم، ئەوانی دیكە هەموو كاری خۆیان هەیە.
هەر لەم شوێنە كەسێكی دیكەی بە رەگەز عەرەب و خەڵكی شاری بەغدایە، وەك خۆی دەڵێت ماوەی 12 ساڵ لە ئەمریكا ژیاوە و دواتر نێردراوەتە بۆ عێراق و ماوەی حەوت مانگیش دەبێت لەو شوێنە دەخەوێت.
سەڵاح مەحموود تەمەن 52 ساڵ و خەڵكی بەغدا، گوتی: ماوەی 7 ساڵە لێرەم، ژن و منداڵم نییە، لە ساڵی 1989 چوومە ئەمریكا و ماوەی 12 ساڵ لەوێ نیشتەجێ بووم و دواتر منیان ناردەوە بۆ عێراق، ماوەی 7 ساڵیش دەبێت لێرەم، پێشتر كارم دەكرد و ئێستاش كار نەماوە، رۆژانە بەیانییان لە چایخانە نانی بەیانی و لە مزگەوتی شێخی چۆلیش نانی نیوەڕۆ دەخۆم، خەڵك یارمەتیمان دەدات.
سەڵاح مەحموود گوتیشی: پێویستە حكوومەت هاوكاریمان بكات، لە ئەمریكا بووم لەوێ شوێنی تایبەتی داڵدەدان هەبوو بۆ هەموو ئەوانەی لەسەر شەقامەكان دەكەون. پێویستە ئێمەش هاوشێوەی پەنابەرە سوورییەكان شوێن و خواردنمان بۆ دابین بكەن، لێرە سەرما و گەرما تینمان بۆ دێنێت و كاریگەری لەسەر تەندروستیمان هەیە.
هاووڵاتییەكی دیكەی خەڵكی كەركووك كە وەك خۆی دەڵێت 30 ساڵ پێش ئێستا، رژێمی بەعس ژن و منداڵەكانی لەناوبردوون و بۆخۆیشی لە زیندان ئازاد بووە و هیچ كەسێكی نەماوە، ماوەی 2 ساڵیشە لە هەولێر دەژیت و شەوانە لەبەردەم دوكانەكانی باغی شار دەخەوێت.
دەروێش خەلیفەی تەمەن 60 ساڵ، سەر و ریشێكی سپی هەیە و بەهۆی شكانی قاچی راستییەوە، ناچارە بە دارشەق رێ بكات و، كەسێكیش پێخەفی خەوتنی بۆ هەڵبگرێت تا دەگاتە ناو چایخانەكەی باغی شار و لەوێ رۆژ بكاتەوە.
دەروێش خەلیفە تەمەن 60 ساڵ و خەڵكی كەركووك، گوتی: لە ساڵی 2017 دوای پەلامارەكەی حەشدی شەعبی بۆ كەركووك، من شارەكەم بەجێهێشت، رۆژانە لە دەوروبەری قەڵای هەولێر ژیان بەسەر دەبەم، شەوانەش لە تەنیشت دوكانەكانی باغی شار دەخەوم.
دەروێش خەلیفە گوتیشی: لە ساڵی 1990 رژێمی عێراق ئێمەی گرت و دواتر من ئازاد بووم و ژن و منداڵەكانیشی كوشتم، بۆیە من بە تەنیا ماومەتەوە، مووچەیەكی شەهیدانەی براكەم هەبوو كە مانگانە بڕی 750 هەزار دینار بوو، بەڵام مووچەكە دابەزی و ئێستا دوو مانگ جارێك بڕی 150 هەزار دینار وەردەگرم، بەهۆی شكانی قاچەكانیشم ناتوانم كار بكەن.
دوو هاووڵاتی دیكە كە خەڵكی شاری هەولێر بوون، ئامادە نەبوون لەبەردەم زوومی كامێرا قسە بكەن، ئەوانیش بە رۆژ خەریكی كرێكارین و بەشەویش لە تەنیشت دوكانەكانی باغی شار دەخەون. هەردووكیان رەتیانكردنەوە كە هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتییان هەبێت، تەنیا ئاماژەیان بەوەكرد كە ژن و منداڵیان نییە و بەرۆژ خەریكی كرێكارین و بەشەویش لەم شوێنە دەخەون.
چاودێرێكی شارەوانی و گەشتوگوزار، كە ماوەیەكی زۆرە لەم شوێنە چاودێری شوێنە گەشتیارییەكان دەكات و لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئەو كەسانە بووە كە لەم شوێنە دەخەون، ئاماژە بەوە دەكات كە لە وەرزی هاویندا ژمارەی ئەو كەسانە زیاد دەكات كە لە بەردەم دوكانەكانی باغی شاردا دەخەون.
لەمبارەیەوە چاودێری شارەوانی و گەشتوگوزار، محەمەد لوقمان گوتی: ئەوانە ماوەیەكی زۆرە لێرەن، هەفتەی رابردوو نافوورەكەی باغی شار بەهۆی سەرماوە بەستبووی، ئەوانە لە ژێر نافوورەكە خەوتبوون، جۆرەها خەڵك و تەمەنی تێدایە، نیوەڕۆیان دەچنە مزگەوتی شێخی چۆلی بۆ نانخواردن، بەڵام خراپەی كەسیان نییە و هەر یەك بەهۆی كێشەیەكی تایبەتییەوە ماڵەوەی بەجێهێشتووە و سەرگەردان بووە.
محەمەد لوقمان گوتیشی: لە وەرزی هاوین ژمارەی ئەو كەسانەی لە چوار دەوری نافوورەكەی باغی شاردا دەخەون زۆرە و هەندێك جار گەشتیاریش لەم شوێنە دەخەوێت، بەڵام لە وەرزی سەرمادا، ژمارەیان كەمترە.
باغی شار تایبەتكراوە بەخانەنشینان، لە ساڵی 1937 بە بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر دروستكراوە، لەساڵی 2008 بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر نۆژەنكرایەوە و لە ئێستاشدا بە رۆژ خانەنشینان كاتەكانییان لێ بەسەر دەبەن و بە شەویش بێنەوایان لێی دەخەون.










