عەباس سوارە❊
لێپرسراویەتی نێودەوڵەتی بریتییە لەسیستەمێكی یاسایی، بەگوێرەی ئەو سیستەمە دەوڵەتێك لێپرسراو دەبێت بەرامبەر بە دەوڵەتێك یان چەند دەوڵەتێك یان ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی كاتێك بەهۆی هەڵسوكەوتی كاربەدەستانی دەوڵەتەكە یان هاووڵاتیانی دەوڵەت یان هاووڵاتیانی بیانی دانیشتووی ئەو وڵاتە زیانیان بەردەكەوێت.
بەڵام دەبێت زەرەر و زیانێك هەبێت و دەوڵەتی زیانلێكەوتووش بتوانێت ئیسپاتی زیانەكە بكات و بیخاتە ئەستۆی دەوڵەتەكە، ئەوكاتە دەتوانێت داوای قەرەبووی خەڵمێندراو بكات بەپێی یاسای نێودەوڵەتی. لێپرسراویەتی نێودەوڵەتی لەكاتی نائاسایی و بارودۆخی تایبەتدا سەرهەڵدەدات، كاتێك دەوڵەت ڕووبەڕووی بارودۆخێكی نەخوازراو دەبێتەوە كە زۆرجار لەدەرەوەی ئیرادەی دەوڵەتەكەدایە وناتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت، هەرچەندە بە ئەركی یاسایی خۆشی هەڵدەستێت! وەك ناڕەزایەتیی جەماوەری لەخۆپێشاندان كەزۆرجار هەڵكوتانەسەر بارەگا و باڵوێزخانە و كونسوڵگەری وڵاتان یان بنكەی سەربازی وڵاتان لەو وڵاتەی لێدەكەوێتەوە، لەئەنجامی ئەوەش زەرەر و زیان دروست دەبێت كەدەوڵەت لێی بەرپرسیاردەبێت؟ جاریش هەیە دەوڵەت بەهۆی پاشگەزبوونەوە یان خۆبواردن لەجێبەجێ كردنی بەندێك یان چەندبەندێك لەڕێككەوتننامەیەكی نێودەوڵەتی زیان دەگەنێت بەدەوڵەتانی دیكە لەئەنجامی ئەوە دەوڵەت لێپرسراو دەبێت و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەبێت قەرەبووی ئەودەوڵەتانە بكاتەوە. جاریش هەیە بەهۆی هەڵسوكەوتی هێزە ئاسایشییەكانی ئەو وڵاتە دەوڵەت لێپرسراویەتی دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە زیان بەدەوڵەتێكی دیكە دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە قەرەبووی ئەو دەوڵەتە بكاتەوە مادی بێت یان مەعنەوی. وەك پەلاماردانی هێزی ئاسایش و پۆلیس بۆسەر باڵوێزخانەی وڵاتێك بەبیانووی بوونی زانیاری لەسەركاری تێكدەرانە بەرامبەرئاسایشی ئەو وڵاتە یان جار هەیە كەسێكی داواكراو پەنا دەباتە بەر باڵوێزخانەی وڵاتێك بۆدەستگیركردنی، هێزەكانی ئاسایش هەڵدەكوتنە سەر باڵوێزخانەی وڵاتێكی بیانی! كەئەوەش ڕێگەپێدراو نیە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان بۆپەیوەندییە دیپلۆماسی و قونسوڵییەكان هێزی دەوڵەتی خانەخوێ بێ ئیزنی باڵوێز بۆیان نیە بەهیچ بیانوویەك بچنە ناو باڵوێزخانە لەحاڵەتی ئاوادا دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ باڵوێزخانە ئەنجام بدرێت بۆچارەسەری كێشەكە. زۆرجار دەوڵەت لێپرسراویەتی دەكەوێتە ئەستۆبەرامبەر بەدەوڵەتانی دیكە كاتێك هاووڵاتییەك یان ژمارەیەك هاووڵاتی بێڕێزی دەكەن بەرامبەر بەسەرۆكی وڵاتێك یان نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان دەبێت قەرەبوو بدات لەشێوەی ماددی بێت یان مەعنەوی. بەشێوەیەكی گشتی لەكاتی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لەناو وڵاتدا لەئەنجامی ئەوە دیپلۆماسی وڵاتان یان بازرگان یان كارمەندانی ڕێكخراوی بیانی دەكوژرێت، لێپرسراویەتی دەكەوێتە ئەستۆی دەوڵەت. یان لەئەنجامی شۆڕش و كودەتا پشێوی دروست دەبێت زیان بەوڵاتانی دیكە دەگات، لەڕووی ئابووری یان مرۆیی دەوڵەت لێی بەرپرسیاردەبێت و دەبێت قەرەبووی دەوڵەتانی زیانلێكەوتوو بكاتەوە لەحاڵەتی سەركوتكردنی شۆڕش یان كودەتا، بەڵام ئەگەر سەرانی شۆڕش یان كودەتا سەركەوتن و دەسەڵاتیان گرتەدەست ئەوكاتە لێپرسراویەتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان، چونكە دەسەڵات دەگرنەدەست و شەرعیەت وەردەگرن. قەرەبووكردنەوەی دەوڵەتان كاتێك زیانیان پێدەگات لەلایەن دەوڵەتێكی دیكە لێپرسراویەتی دروست دەبێت، بۆیە دەبێت قەرەبووی ئەو زیانانە بكرێتەوە لەكاتێكدا زیانەكە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ. قەرەبووكردنەوەش دوو جۆرە قەرەبووكردنەوەی ماددییە یان قەرەبووكردنەوەی مەعنەوییە:
1-مەعنەوی، مەبەست لەقەرەبووی مەعنەوی بریتییە لەپۆزشهێناوە كاتێك دەوڵەتێك لەئەنجامی هێرشی هاووڵاتیانی وڵاتێك بۆسەر باڵوێزخانەكەی سیادەی پێشێل دەكرێت، ئاڵای وڵاتەكەی دەسوتێنرێت ئەو وڵاتەی زیانەكەی داوە، پۆزشی بۆدەهێنێتەوە و لەمەراسیمێكی شایستەدا ئاڵای وڵاتی خاوەن باڵوێزخانە بەرز دەكاتەوە یان كاتێك هاووڵاتیانی وڵاتێك بێ ڕێزی دەكەن بەرامبەربەسەرۆكی وڵاتێك هاوشێوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە عێڕاقییەی بێ ڕێزی كرد بەرامبەربە (جۆرج بۆش)ی سەرۆكی ئەمریكا! پۆزش دەهێنرێتەوە بەشێوەی فەرمی.
2-قەرەبووی مادی كە بریتییە لەدیاریكردنی بڕێكی دیاریكراو لەماددە بەپێی زیانەكە كە لەدەوڵەتەكە كەوتووە دەدرێتە دەوڵەتی زیانلێكەوتوو. لێپرسراویەتیش بەپێی هەڵوێستی دەوڵەت یان بارودۆخی ڕووداوەكان دەگۆڕێت! چونكە لەكاتی ڕووداوەكاندا لێپرسراویەتی دەوڵەت دەگۆڕێت، جاری وا هەیە ڕووداوەكان لەدەرەوەی ئیرادەی دەوڵەت ڕوودەدەن، دەوڵەتەكە ناتوانێت زاڵ بێت بەسەریدا! بۆیە لێپرسراویەتییەكەشی كەم دەبێتەوە، جاریش هەیە نامێنێ. پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتان لەڕووی سیاسی، ئابووری و پاراستنی باڵوێزخانەی وڵاتان و ستافی باڵوێزخانە و كەسانی بیانی لەناو وڵاتێك ئەركی دەوڵەتەكەیە، بۆیە دەبێت دەوڵەت بەئەركی یاسایی خۆی هەڵبستێت و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ پاراستنیان. بەڵام ئەگەر دەوڵەت لەتوانایدا نەبوو ڕێگری لەهێرشبەران بكات و ڕێوشوێنی یاسایی پێویستیشی گرتەبەر لەگەڵ ئەوەشدا زیانیان بەبینای باڵوێزخانە گەیاند یان زیانیان بە باڵوێز یان ستافی باڵوێزخانە گەیاند، ئەوە لێپرسراویەتی كەم دەبێتەوە چونكە دەوڵەت بەئەركی خۆی هەستاوە و كەمتەرخەمی نەكردووە. بەڵام ئەگەر لەئەنجامی كەمتەرخەمی دەوڵەت زیان بەردەوڵەتێكی دیكە كەوت بەهەرشێوازێك بێت، ئەوە دەوڵەت بەرپرسیار دەبێت هاوشێوەی ڕووخانی بەشێك لەبینای كەعبەی پیرۆز لەوڵاتی سعودیە لەكاتی فەریزەی حەجدا كە بووە هۆی مردن و زامداربوونی چەندین هاووڵاتی وڵاتانی دیكە، بۆیە دەوڵەتی سعودیە بەرپرسیاربوو و ناچار بوو قەرەبووی مادی ومەعنەویشیان بكاتەوە چونكەلەئەنجامی كەمتەرخەمی وڵاتی سعودیە ئەو زیانە ڕوویداوە. عێڕاقیش وەك دەوڵەتێكی خاوەن سیادە و ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان و چەندین ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و بەشدار لە چەندین ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بەقۆناغی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە لەسەرەتای دروستبونییەوە. عێڕاق وەك دەوڵەت ئیلتزاماتی زۆری دەكەوێتەسەر لەڕووی یاسای نێودەوڵەتی كە ناچارە جێبەجێیان بكات. بەتایبەت هەوڵدان بۆبێلایەنی لەكێشە ناوچەییەكان لەنێوان وڵاتان كە ڕیشەیەكی قوڵیان هەیە بەو پێیە عێڕاق یەكێكە لەوڵاتانی ئەندام لەڕێكخراوی وڵاتانی بێلایەن. بەڵام دوای پرۆسەی ئازادی عێڕاق پێی نایە قۆناغێكی تازەوە لەجێگەی خۆدورگرتن لەكێشە و ململانێكانی ناوچەكە كەوتە ژێر كاریگەری شەڕی تائیفی تۆڵەسەندنەوە كە تەنها گەلی عێڕاق باجی داوە! عێڕاق بووەتە ناوچەیەك بۆتەسوێی حساباتی وڵاتان. بۆیە عێڕاق نەیتوانی بەئەركی یاسایی خۆی هەڵبستێت بەتایبەتیش لەپاراستنی باڵوێزخانە و كونسوڵگەرییەكان و پاراستنی ژیانی كەسانی بیانی وەك دیپلۆمات و بازرگان و گەشتیاری بیانی تاگەیشتە بێ ڕێزی بەسەرۆكی وڵاتان و وەزیر و نێردە دیپلۆماسییەكان كە چەندین جار كەسانی بیانی دەڕفێنران و تیرۆر دەكران كە دەكرێت ئاماژە بە فڕاندن و كوشتنی سەفیری میسر و ڕفاندنی سەفیری پاكستان و هێرش بۆسەر باڵوێزخانەی وڵاتان بكەین كەبەشێكی لێپرسراویەتییەكان لەسەرعێڕاق كەم بۆتەوە یان نەماوە بەهۆی بارودۆخی عێڕاق، چونكە لەدەرەوەی ئیرادەی عێڕاقدا بووە، دەوڵەتانیش داوای قەرەبوویان نەكردووە.
بەڵام هێرشی ئەمدواییەی سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە سەرعێڕاق، دەكەوێتە ژێر لێپرسراویەتی بەرامبەر بەدەوڵەتی زیانلێكەوتوو، جگە لە ناشیرین بوونی سومعەی دەوڵەت، چونكە ڕێوشوێنی توندوتۆڵیان بۆپارێزگاری كردن لەباڵوێزخانەی ئەمریكا نەگرتۆتە بەر، لەكاتێكدا دەیانتوانی پارێزگاری لێ بكەن. بینای باڵوێزخانە دەكەوێتە ناوچەی سەوز كە ناوچەیەكی پارێزراوە و خۆپشاندەران ناتوانن بگەنە بینای باڵوێزخانە .
3-بەشێك لەوكەسانەی كە بەناوی خۆپێشاندەر هێرشیان كردۆتە سەرباڵوێزخانە پۆشاكی سەربازییان لەبەر بووە.
?-بەشێك لەوهێزانەی كە ئەركیان پارێزگاری بووە لەناوچەی سەوز و باڵوێزخانەی ئەمریكا، لەجێگەی پارێزگاریكردن لەبینای باڵوێزخانە، هاوكاری خۆپێشاندەرانیان كرد بە لابردن و شكاندنی بەربەستەكان، بەمەش هێرشبەران زیانیان بەباڵوێزخانە گەیاند.
❊ ئەندامی دەزگای گشتی هەڵبژاردن.










