فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا❊
پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت “راست بڕۆ بڕۆ رێی شێری” پێم وایە كەس نییە گوێبیستی ئەو پەندە نەبووبێ، مانای پەندەكەش ئاسانە و مەبەست لێی ئەوەیە گەر مرۆڤ راست بێت و پێچ و پەناو فرتوفێلی نەبێت و راستگۆ و دەستپاك و خاوێن بێت، كەواتە بێباكە و ترسی لە هیچ نییە.. بارزانیی نەمریش فەرموویەتی “ئەوەی پاكە لە موحاسبە بێ باكە” دیارە بێباكی و خاوێنی و راست رۆیشتن و راست گوتن هەمووی پێناسەی مەردایەتی و ئازایەتی مرۆڤن، بۆیە گوتراوە گەر راست بووی بڕۆ رێی شێری، كەواتە سەربەرزی و بێ منەتی.. كەچی ئەمرۆ ئەوەی دەبینرێ لەو سەردەمە دەقاودەق پێچەوانەی ئەو پەندەیە و راستی مایەی سەر ئێشەیە، جا مرۆڤ نازانێ چۆن قەناعەت بەخۆی بێنێ ئەو رێیەی كە شێر تێیدایە كام رێگەیە، چونكە گورگ و رێوی هێندە زۆر بوونە رێگای شێر و شێرخوازان و شێردۆستانیان شێواندووەو وێنەی ئاوی بەرچاویشیان شێلوو كردووە.
كەواتە گەر مرۆڤ راست بڕوا گورگ دەیخواو رێویش گاڵتەی پێدەكات و لە كۆتاییش شێر لێی بێئاگاو دەرئەنجام رەشەبا یان لافاو لاشەی دەبات و بزریشی دەكات و وای لێدێت قەلەرەشكەو سیساركە كەچەریش بەشێك لە جەستەی بخوات “بەڵێ راست بڕۆ بڕۆ رێی شێری” یان لەو سەردەمە باوی نەماوە یان هەر لە ئەساسەوە نەبووە و هەر وتەیەك بووە و گوتراوە! بەخوا وەك مەسەلەكەی گوتەنی ئەو سەردەمە “ئەوەی راست بڵێت كڵاوی دەپەڕێت” كە ئەمەشیان مەسەلەیەكی كوردییەو گوتراوە و پێچەوانەی راست رۆیشتن و رێگای شێرە، بەڵێ شێر بێئاگایە و دەبێ پێی بگوترێ كڵاوی پەڕیو زۆرن، رۆژانەش كڵاو دەپەڕن! وە راستی باجی لە سەرە! هەروەك ئەو وتەیەی كە لەو ماوەیەدا لە سۆشیال میدیاكان بەرچاوم كەوت و تەعلیقێكی لەسەرەو لەسەر وێنەیەك نووسراوە “خوار مورتاحە و راست تێر شەقە” كە لەو وێنەیە دیاردەكەوێ.
چەندین بزماری خوار هەن چەكووشیان لەسەر نییە كەچی یەك بزماری راست هەیە چەكووش لەسەر سەری حازر و ئامادەیە، بەڵێ ئەوەی راست بێت لەو سەردەمە وەك ئەو چەكووشە هەر سەری هەڵبڕێ چەكووش دایدەكوتی! زۆر بە داخەوە دەكرێ لەسەر ئەو تەختە جوانەی لە بەردەستمانە ئەم بزمارە خوار و ژەنگاویانە یان لابدەین یان لە جیاتی ئەوەی ئەو چەكووشە لەسەر یەك بزمار دانێین بەر لەو بزمارە خوارەكانی پێ راست بكەینەوە.. بەڵێ چاومان یەك بزماری راست دەبینێ، لە راستیشدا ئەو بزمارە توانای راگرتنی ئەو تەختەیەی نییە بە تەنیا هەم لەگەل چەكووش لێدان هیلاكی دەكەین و هەم دەیڕزێنینەوە، جا چاكتر وایە و پێویستە چەكووشەكەمان رابگرین، یان كۆمەڵێك بزماری راست بێنین كە راست بڕۆن تا تەختەكەمان بۆ ببەستنەوە و ژێر پێی شێر توند بكەن یان بزمارە خوارە ژەنگاویەكان راست بكەینەوە. هەر چەندە هیلاكیش دەبین و ئەستەمە بەو خوارانە كاربكەین، بەهەرحاڵ گەر بەهەمان عەقلیەت كاربكەین كە لەو وێنەیەدا هاتووە چەكووش لەسەر یەك بزمار دانێین و ئەو بزمارە هەر چەند پۆلاین بێت بەڵام لەناو تەختەكە بزر دەبێ و سەریشی بە چەكووش پان دەبێتەوەو رۆژێك لە رۆژان وەكو “بەردی بن گۆمێ”ی لێ دێت و ون دەبێ.. دەرئەنجامیش بە تەختەوە وەردەگەڕێ، بزماری خواریش لە قاچمان رادەچێ و ئەوەی خراپە پێمان دەكات.
دەبا بڕیار بدەین بزمارە خوار و ژەنگاوییەكان فڕێ بدەین و كات بەو بزمارە خوارانە نەكوژین و بزماری راست زۆرن سوودیان لێ وەرگرین، ئەو راستەی ماون لەناو خواران چەكووش لەسەر سەریان هەڵگرین تا ئەو هێندەی ماوە ئەویش بزر نەكەین گەر هەموو بزمارەكان راستبن و راست بكەینەوە ئەوكات دەچینە رێی شێر و تەختەی بن پێمان قایم دەكەین، كە شێریش بەئاگابوو لە مەملەكەتی خۆی گورگ و چەقەل لەناودەبەین و مەملەكەتێكی جوان و جوانتر دروست دەكەین، ئەوكات گومان لە پەندە كوردیەكانیشمان ناكەین لە جیاتی بنووسین “راست بڕۆ)!! دەنووسین “راست بڕۆ بڕۆ رێی شێری”.
❊ ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (پ.د.ك)










