ساسان دەروێش- هۆڵەندا
ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی شوبات، كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بۆ پرسە گەرمەكانی جیهان، سەركردە و بەرپرس و ڕاوێژكاران لە ژێر یەك چەتر كۆدەكاتەوە، بۆ گفتوگۆكردنی نێوانیان لەو بابەتانەی گرنگیان بۆ جیهان هەیە و دڵنیایی بوون و دەستەبەركردنی ئارامی و ئاسایشی جیهان و كەڵەكەبوونی قەیرانەكانی جیهان و هەڕەشەی بەردەوام و هەمەجۆرەكان و چۆنیەتی ڕێگری لێیان و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆیان و نزیككردنەوەی هەوڵەكانیان، چەندین دیدار و كۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت.
ئەمساڵیش وەكو هەموو ساڵەكانی تر كە56 هەمین ساڵەی كۆنفرانسەكە بوو لە وڵاتی ئەڵمانیا ئەنجامدرا، چەند ساڵێكیشە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو وڵاتێك بانگهێشتی فەرمی دەكرێت، ئەمەش بەهۆی پێگەی بەهێزی كوردستان لە هاوكێشەكانی جیهان و بەهێزی كاری دیبلۆماسیەتی كوردەوەیە، ئەوەی جێگەی باسە ئەمساڵ شاندێك بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداربوون و بەكۆمەڵێك كۆبوونەوە و دیداری گرنگیان لە ماوەی ئەوچەند ڕۆژە لەگەڵ بەرپرسانی بڕیاڕ بەدەستی ئەورووپاو جیهان و دەرئەنجامی باشی دەبێت بۆ ئایندەی باشوری كوردستان لە پەیامی پاڵپشتیكردنی زیاتریان بۆ ئەزموونی هەرێمی كوردستان و هاودۆستی زیاتریان دووپات كردۆتەوە. هەروەها لە كۆتایی كۆبوونەوەكانیش مەسرور بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی لە چوار چێوەی كۆنفرانسەكە لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی بەشدار خستەڕوو و ڕایگەیاند تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەلای دۆستەكانی لەبەر چاو گیراوە و كۆبوونەوەی زۆر باشمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بەشداربووانی كۆنفرانسەكە ئەنجامداو لە ئایندەشدا ئاكامی باشی دەبێت. ڕەوەندی كورد لە هۆڵەندا باس لە گرنگیی كۆبوونەوەی هەردوو سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و هۆڵەندا مارك ڕووتە دەكەن.
سەرەتا كاروان عوسمان مەجید مامۆستای زانكۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: پێم واییە هەموو دیدار و گفتوگۆكان لەسەر ئاستی بەرز و بەرپرسیاریەتیدابوون كە ئاكامی باشی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، ئەویش بەهەوڵ و هیمەتی دیبلۆماسیەتی كاكە مەسرور بارزانی و كارنامەی حكوومەتەكەی و هەنگاوە خێراو باشەكانی دەبڕێت، ئێمە وەك نیشتەجێی هۆڵەندا ئەو كۆبوونەوەی هەردوو سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا بەرز دەنرخێنین لە زیاترپەیوەندیكردن و هاوكارییەكانی هۆڵەندا بۆ هەرێمی كوردستان و هەر لەو كۆبوونەوەیەشدا بارودۆخی عێراق و ناوچەكەو پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كراون، كە من پێم وایە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەبێت بەپێی دەستوور مامەڵەی لەگەڵ بكرێ و سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا ڕایگەیاند كە پەیوەندییەكی بە هێزمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە و بەردەوامیش دەبین لە هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، گوتیشی هانی كۆمپانیاكانی هۆڵەندا دەدەین بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی هۆڵەندی لەهەرێمی كوردستان و ستایشی بەرنامەی چاكسازیی كارگێڕی و دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و ئامادەیی خۆیشی بۆ هاوكاریكردنی دەربڕی. لە بەرامبەریشدا مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی پشتیوانی هۆڵەندای كرد وتیشكی خستە سەر بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەمە چەشنكردنی ئابووری و گرنگیدانی زیاتر بەپرۆسەی وەبەرهێنان، ئەم دۆستایەتیە و هاوكاریكردنەیان بۆ ئێمەی كوردیش كارێكی باشە كە چاو لە ئەزموونی ئەوان بكەین بۆ كاروباری ژیانی خۆمان. هەروەها سامان محەمەدئەمین حەسەن ئەفسەرە لەهێزەكانی پۆلیسی هۆڵەندا دەڵێت: هۆڵەندا دوو لەسەر سێی خاكەكەی دابینكراوە بۆ كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و یەك لەسەر سێی بۆ ژیان و ڕێگاوبانی شەمەندەفەر و ڕێگاوبانی ئۆتۆبان و فڕۆكەخانەكان و ناوچەی گەشتوگوزار، كەرتی ئاژەڵداری و كشتوكاڵ داهاتێكی هێندە باشە بۆ ئەم وڵاتە كە لەم بوارەدا شارەزایی و توانایەكی زانستی بەرزیان هەیە بۆ بەردەوام بوون لێی، لە بەرنامەی5 ساڵی تری وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا هاتووە كە دەخوازن، پەرە بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كوردستان بدەن لە بواری جیاجیادا، لە ئێستەدا هەلێكی باش بۆ حكوومەتی هەرێم هاتۆتە پێشەوە بۆ ئەوەی لەم وڵاتە و شارەزاییەكانی سوود وەربگرن.
لە كۆتاییشدا جوان كەریم مستەفا ئابووریناس لەو بارەیەوە گوتی: جێگەی خۆشحاڵیمانە هەرێمی كوردستان بە پێگەیەكی بەهێزەوە بەشداری كۆنفرانسە نێودەوڵەتیەكان دەكات بە لێزانین و كارایی كاری دیبلۆماسیەت و بالانس ڕاگرتنی هاوكێشەكان، بەتایبەتی هۆڵەندا گرنگیەكی باشی ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە بۆ هەرێم دەبێت و بووە، هەروەك بینیمان لە جەنگی تیرۆریستانی داعش بە فڕۆكەی جەنگی و ڕاهێنەری هۆڵەندای بۆ مەشق كردن بە پێشمەرگە هاوكاریان كردین بۆ سەركەوتنمان بەسەر ئەو نامرۆڤانەی داعش، هۆڵەندا لە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی گوڵ پلەی یەكەمی جیهانی هەیە، ئاژەڵداری و كشتوكاڵ، دوو كۆڵەكەی سەرەكی ئابووریی هۆڵەندان، لەگەڵ بچووكی ڕووبەری وڵاتەكەشیان دیسان هۆڵەندییەكان ڕۆڵێكی كارا و بەرچاویان هەیە لە بازرگانی و پیشەی بانكداری جیهانیدا، بەهەموو ئەمانەو شتی تریش كە ئابووری وڵاتەكەیان خستۆتە ئاستێكی بەرز، ئەزموونێكی دەوڵەمەندییان هەیە، دەكرێ ئێمەی كوردیش لەو ئەزموونەیان بگوازینەوە بۆ وڵاتەكەمان كە نیشتیمانی كوردستان خاكەكەی زۆر بەپیتە بۆ كشتوكاڵ و ئاژەڵداری كە بەهەردووكیان جێگەی نەوتمان بۆ بگرنەوە كە لە كارنامەی حكوومەتەكەی رێزدار مەسرور بارزانی ئاماژەی بۆ كرا كە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری ببێتە لەپێشینەی كارەكانی و جێگەی دەستخۆشیشە كە ئەم جارەش ئەو داوایەی خستە بەردەم هۆڵەندیەكان بۆ هاوكاریكردنمان.
سهرهتا بهدواداچوون رەوەندی كورد بەشداری كارای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەرز...










