خەبات:تریفە ئازاد
هەموو ساڵێك لەم مێژووەدا بیرەورەی ساڵیادی دەمەزراندنی (ی.ق.ك) دەكرێتەوە ئەو توێژە كارایەی وەكو خۆری كۆمەڵگا دێتە هەژماركردن چونكە هەم ڕێنیشاندرو هەم ڕۆشنكەرەوەی ئایندەی كۆمەڵگان لە ئێستا دا (ی.ق.ك) ئامادەییەكانی خوێندن تا دەگاتە زانكۆ و پلە باڵاكان لە جموجۆل و چالاكی بەردەوام دان بۆیە ئەم بۆنەیە هەڵدەقۆزینەوە بۆ ورژاندنی چەند پرسیارێكی هەستیار.
پ.د. محەمەد سدیق خۆشناو سەرۆكی زانكۆی لوبنانی فەرەنسی لە یادی 18ی شوبات باس لە ڕۆڵی یەكێتی قوتابیانی كوردستان دەكات لە ڕابردوو و تاوەكو بە ئەمرۆ دەگات لە پێگەیاندنی تاكێكی ڕۆشنبیر لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی:سەرەتا پیرۆزبایی 67 ەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان لەسەرجەم قوتابیانی كوردستان دەكەم كە دەبینین ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی قوتابیان لە كوردستان ناسێندراوە.دیارە توێژی قوتابیان لەسەر ئاستی دونیا بەتوێژێكی ئاكتیڤ و بزوێنەری گۆڕانكاری و هیوای ئایندە و ڕەوتی پیشخستنی تەكنۆلۆژیا و زانستخوازی لە قەڵەم دەدرێن، هەر بۆیە نەتەوە زیندووەكان بەچاوێكی بەرز لەم توێژە دەڕوانن، چونكە ڕۆڵی گرنگیان لە پێشخستن و ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەیاندا هەیە.هەڵبەتە یەكێتی قوتابیانی كوردستانیش كە لە ساڵی 1953 دامەزراوە، توانیویەتی لە ئاڵۆزترین كاتدا هێز و تواناكانی توێژی قوتابیان و لاوانی كوردستان كۆبكاتەوە و بە چەكی كاریگەری مەعریفی و هزری هەڵقوڵاویی نەتەوەخوازی ئەندامەكانی پەروەردە بكات، بۆ ئەوەی لە رێگەی بایەخدان بە بواری زاستخوازییەوە خزمەتی گەورە پێشكەش بە بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان و كۆمەڵگای كوردی بكەن.
شجگە لەمەش یەكێتی قوتابیانی كوردستان هەوڵی داوە بەعەقڵیەتێكی كراوە مامەڵە لەگەڵ توێژی قوتابیاندا بكات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بە ڕوونی لەناو واقیعی كۆمەڵگەدا بەجێ هێشتووە، هەر بۆیە لەناو ڕیزەكانی ئەم رێكخراوە ئاكتیڤەدا، زۆر كەسایەتی ناودار و پسپۆری بلیمەتی ناو بوارە زانستە جۆراوجۆرەكان و كەسایەتی ڕوناكبیری گەورە و فەرماندەی بەهێز و سەركردەی مەزن پەیدابوون.
هاوكار كەلهوڕی، قوتابی بەشی تەكنیكی میدیا لە كۆلێژی تەكنیكی كارگێڕی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات لە یادی 18ی شوبات ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان گوتی، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوی یەكێتی قونابیانی كوردستان” پیرۆزبایی لە سەرجەمی قوتابیانی كوردستان دەكەم، هیوای بەرەوپێشچونی رێكخراوەكە دەخوازم، كە زیاتر گرینگی بە تواناو بەهرەكانی قوتابیان بدات، پێشنیار دەكەم بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەت هەلی كاری زیاتر بۆ قوتابیان برەخسێنێ، ئەویش لە ڕێگای كەرتی تایبەتبەت، حكومەت مەرجی كاركردنی هەر كۆمپانیایەكی ناوخۆی و بیانی بكاتە ٪?5 كارمەندەكانی دەبێ دەرچووی ناوەندەكانی خوێندن بێت لەكوردستان بە موچەكی شایستە، بەم جۆرە دەتوانن زۆرترین خزمەتی قوتابیان و كۆمەڵگە بكەن، دۆزینەوەو فەراهەمكردنی كاركردن بۆ قوتابی كۆمەڵگە لەچەندین كێشەی كۆمەڵایەتی و تاوان دەپارێزێت، هیوادار و داواكارم زیاتر لەخەمی قوتابیاندابن و ببنە پێشەنگی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستان، پێشنیارێكیترم ئەوەیە زۆرترین گەشتی زانستیان بۆ رێكبخەن بەتایبەتی گەشتی دەرەوەی وڵات، بە رێگای كرداری قوتابیان فێری زانستەكانی خۆیانبن لەرێگای گەشتی زانستی، بەمەش ئاستی زانستی قوتابی تا بەرزترین ئاستبەرزدەبێتەوەو دەتوانن لە ئایندە داهێنانی گەورە بكەن.
نێچرڤان حوسێن سكرتێری یەكێتی قوبتابیانی كوردستان لە یادی 18ی شوبات لە لێدونێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: بە بۆنەی 18ـی شوبات، 67ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و رۆژی قوتابیانی كوردستان پیرۆز بایی لە گەشت كادیرو قوتابیانی كودرستان دەكەم .یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە 18ـی شوباتی 1953ـەوە تاوەكو ئێستا كە نزیك دەبینەوە لە 67ـەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە، بەردەوام ڕۆڵی گرنگ و كاریگەری هەبووە لە كایە جیاوازەكانی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی و مەدەنی بە پێی قۆناغە جیاوازەكانی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان. لە ڕوانگەی بڕوابوون بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان وەك لە پێشینەی كارنامەی (ی.ق.ك) ئاماژەی پێدراوە، لە هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، دواتر لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991، ئازادكردنی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە 2003، و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25ـی ئەیلولی 2017، ئەندام و كادیر و سەركردەكانی (ی.ق.ك) ڕۆڵی پێشەنگانەیان بینیووە لەو وێستگە مێژوویانە كە دەستكەوتەكانی ئەمڕۆیان لێ بەرهەم هاتووە و لە داهاتوودا زامنی گەیشتنن بە ئامانجی گەورەتر و دەستكەوتی گرنگتر بۆ گەلی كوردستان. (ی.ق.ك) لە پاڵ كاركردن و تێكۆشان لە پێناو ئامانجە نەتەوەییەكان و هەوڵدان بۆ چاندنی هزر و بیروباوەڕی نیشتمانپەروەرانە لە ناخی قوتابیاندا.










