ئاماژەیەك لە وەرگێڕەوە
( تێری لێین كارڵ Terry Lynn Karl)
پرۆفیسۆری ئەمەریكایی بواری زانستە سیاسیەكان، 21ی نۆڤێمبەری1947 لەدایك بووە. ئەم لێكۆڵینەوەیەی كاتی خۆی ساڵی2007 لە لایەن – پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی عێڕاق- كەخوالێخۆشبوو نووسەری ناسراو فالح عەبدولجەببار سەرپەرشتی دەكرد كراوە بە عەرەبی و وەكات لە بەغدا و هەولێر و بێرووت بڵاوكراوەتەوە.
نووسەر لەم لێكۆڵینەوەیدا بە ڕاشكاوی باسی گرفتە پەنهان و ئاشكراكانی نەوت و مەترسییەكانی لە وڵاتانی خاوەن نەوت دەكا كە چۆن ئەگەر پسپۆڕی دڵسۆز و لێزانی حیكمەتدار لە پشت ئیدارەدانییەوە نەبن لە باتی خێر دەبێتە بەڵا بەسەر خودی دەوڵەتەكەوە ونەك هەر گەشەی دەوەستێنێ یا دوای دەخا، بەڵكو دەیخاتە ژێر باری قەرزی قورسیشەوە. لەم بوارەشدا نموونە و داتای حاشاهەڵنەگر و هەندێ جار بەڵگەنەویست دێنێتەوە بەتایبەتی لە دەوڵەتە دواكەوتووەكاندا.
بەهۆی گرینگی لێكۆڵینەوەكە و بۆ بەرچاوڕوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پێویستم زانی بیكەم بە كوردی، دەنا ڕەنگە بابەتی لەم چەشنە كاری ئابووریزانان بێ تا خوێنەر و بەدواداچوویەكی ئەدەب و هونەر).
وەرگێڕ
مەترسییەكانی دەوڵەتی خاوەن نەوت
وردبوونەوە لە پارادۆكسی زۆری(*)
تێری لێین كارڵ
و : نەژاد عزیز سورمێ
2-5
-1 پشت بەستنی بێسنوور بە داهاتی نەوت بەوەی چەقی هەموو چالاكییەكی ئابوورییە، كە بەوەدادەشكێتەوە پێداویستییەكانی پیشەسازی نەوت لە بان چالاكی دی دادەنێ.
-2 نەبوونی پەیوەندی بەرهەمهێنان و باڵكێشانی هاندانی دارایی گەنجینە.
-3 لایەنگیریی سنووربەدەر بۆ پیشەسازی قورسی سەرمایە چڕ، لە بەرابەر ستەم كردن لە بونیاتیی كشتوكاڵ و لایەنی دیكەی كەرتی هەناردە كردن.
-4 بیركردنەوە لە پێویستیی خێرایی پەرەپێدان و پەلە كردن لێی (پێش ئەوەی نەوت وشك بێ).
-5 دەست بەسەرداگرتنی دەوڵەت بەسەر داهاتی نەوت و ڕێگاكانی بەكارهێنانی. ئەو تایبەتایەتیانە لۆژیكێكی لە ناوەخۆیدا هەیە دەتوانێ بەخۆی، خۆی بەهێز بكا، لە سەرەتادا دەبینین پێداویستی وەبەرهێنانی نەوت و چك كردنی ئەو سەرچاوەیە، دەخوازێ دەسەڵاتێكی بە تینی ناوەندی هەبێ، ئەگەر بۆ هیچ نەبێ، لانی كەم بۆ ئەوەی هاوبەشێكی باوەڕپێكراو سەرمایەی بێگانە بۆ دانوستان، قازانجی نەوتیش بۆ دەوڵەت دەچێ، ئینجا بە پێی قانوون بێ یاخود بە هێزی نەریت (عورف).
بەو پێیەی نەوتیش موڵكی هەموو نەتەوەیە، بۆیە كاری هەرە لە پێشی ئەو دەسەڵاتە ناوەندییە ئەوەیە بە دوای ئەڵتەرناتیفی بەرهەمدا بگەڕێ كە تێیدا بێ جێگای پەرەپێدانی بە كەرتی نەوت بەڕێوە دەچێ بگرێتەوە، ئەمەش بە بەكارهێنانی خاسییەتەكانی دارایی نەوت، بەڵام لەپێشگرتنی هەمان دارایی بە لای بەهێز كردنی ئارەزووی بەكاربردندا دەشكێتەوە، بە جۆرێك باڵ بەسەر ویستی بەرهەمهێناندا دەكێشێ ، لەگەڵ ئەوەی ئارەزووی بەرهەمهێنان بۆ گەشەی ئەو ئابووریانەی تێیاندایە بەردەوام بن پێویستە (9).
دیسان ئەو لەپێشگرتنە داراییەش كۆسپ دەخاتە پێش ڕێگەچارەكانی خۆ ڕاست كردنەوە و لاسەنگیان دەكا، بەمەش شوێنكەوتنی تاكلایەنە بۆ دۆلارەكانی نەوت دەچەسپێنێ.
(سەرسامی بە نەوت) لۆژیكی ئابووری نەوت بەهێز دەكا، چونكە دەست كەوتنی یەكەمین جاری دارایی نەوت ، یا خرۆشانێك لە نرخیدا هەڵڕژانی دۆلاری نەوت زیاتر دەكا، ئەمەش هانی گەشەسەندنی كۆمەڵێك باوەڕی نوێ دەدا لەبارەی ڕۆڵی بەرفراوانی كەرتی حكوومەتی هەروەها هانی شێوازی نوێی ڕەفتار و بەرژەوەندی نوێش لە ناو حكوومەت و دەرەویدا دەدا، بە نموونە سامانی نەوت كە لە حەفتا و هەشتایەكاندا (مەبەستی سەدەی ڕابردووە) هەڵڕژا هیوای سەركردە سیاسییەكانی، لەوانەی بەخت یاوەریان بوو ئەو سامانەیان هەبێ بەرز كردەوە.
ئەو سەركردانە بەوە نەوەستان كە باوەڕیان بۆ ئەوە چوو نەك هەر دەتوانن باروبووی پڕۆژەی پەرەپێدانی زەبەللاح لە ناوەوەی وڵاتدا بكەن، بەڵكو مەزەندەیان لەوەشی تێیپەڕاند لە توانایاندایە وەبەرهێنان یان كڕینی سەرچاوە و پارێزبەندی لە دەرەوەشدا بكەن.
ئەوانە بە هۆی زێڕی ڕەشەوە بۆیان مەیسەر بوو ژیانێكی شاهانە بەدی بێنن بێ ئەوەی پێویستیان بە هیچ پاشەكەوتێكی ناچارییەوە هەبێ یان هیچ بەرنامەیەكی دەستگرتنەوە جێبەجێ بكەن، یاخود ڕێگە بە زیادكردنی پەكخستنی بودجە لە ڕێی زیادەخەرجییەوە بدەن ئەمەش بوو بە ئادگاری دەوڵەتانی دیكەی جبهانی سێیەم.
دیارە (سەرسام بوون بە نەوت) بە تەنیا دەسەڵاتدارانی نەگرتەوە، چونكە دەسكەوتنی دارایی ئاسان، ئاكاری كاری باو هەروەها ئەنگیزەی ڕێكخستنی كاریش لە بازاڕدا سست دەكا.
دیسان ڕێكوپێكی دارایش ( لە خەرج كردندا) لە ناو دەزگاكانی حكوومەتدا لاواز دەكا، ئەمەش دەبێتە هۆی كاری هەڵەشە لە بودجەدا. لەوەش وێرانتر سەرسام بوون بە نەوت تەگەرە دەخاتە پێش كۆششی تەیاركردنی ناوخۆیی سەرچاوەكان لە ڕێگای باجەوە و مەیلی قبووڵ كردنی دەستگرتنەوە كز دەكا و پشت بەستنێكی مەترسیداری بە دەوڵەتی لێ دەكەوێتەوە بۆ چارەسەر كردنی تەواوی كێشەكان ئەمەش دەبێتە هۆی پشت بەستنی زیاتر بە داهاتەكانی نەوت و زیادبوونی دەست خستنی دەوڵەت بۆ ناو كەرتی تایبەت. بە واتایەكی دی گرفتی مەترسی ئەخلاقی و مەترسییەكانی سەرهەڵدانی سەرمایەی خزمخزمێنەCrony Capitalism بە تەواوی دەردەكەوێ.
ئەوەی دەوڵەتی خاوەن نەوت لە دەوڵەتانی دی جیا دەكاتەوە ئاڵوودە بوونیانە بە داهاتی نەوت، لە كوێشدا ئەو ئاڵوودە بوونە بچەسپێ، كۆمەڵێكی شێواوی ئەنگیزەی سیاسی و ئابووری تیا دەبینین كە پەل بە هەموو لایەنەكانی ژیاندا داوێ، بە جۆرێك وای لێ دێ هەموو شتێك دەخرێتە فرۆتنێ.
بەرپرسانی دەوڵەتانی خاوەن نەوت وەك بەرپرسانی دەوڵەتانی دی ناجوولێنەوە ئەوان ناچار نین وا بن، بەڵام كۆمپانیاكانی نەوت هیچ سەركێشییەكی سیاسی ناكەن بە هەمان ئەو ڕێگایانەی كۆمپانیاكانی تر دەیكەن و بە هەمان نرخاندن.
كۆمپانیاكانی نەوت تەنانەت لە جەنگەی شەڕی ناوخۆشدا لە كارەكانیان بەردەوام دەبن (وەكو ئەنگۆلا)، تەنانەت لە كاتێكدا پارتیزان و چەتەی ماددە هۆشبەرەكانیش هێرش دەكەنە سەر بۆڕییەكانی نەوت و بەڕێوەبەری كۆمپانیاكان (وەك كۆلۆمبیا)، یان تەنانەت هەڕەشەی نائارامی هەرێمایەتی كە سەقامگیریی دەشێوێنێ وەكو (گۆلی دەریای قەزوین).
لە بەرامبەردا خاوەنكاری ناوخۆ و سەركردەی سەندیكاكان و سەرانی سیاسی حساباتیان بە پێی ڕێساكانی باو بنیات نانێن، لە كوێدا نەوت ببێتە چەقی ململانێی ناوخۆ و جیهانی لەسەر قازانج، مەترسیەكان گەورەتر دەبن لەوەی بتوانرێ لە دەست بدرێن، ملیاران دۆلار ئامادەیە بۆ وەرگرتن، هەر لەو كاتەدا ئەو ملیارانە بە گشتیی لە چوارچێوەی پەیكەرێكی كارگێڕیی لاواز و مافی خاوەندارییەتی مسۆگەر نەبوو و نەبوونی پابەندبوونی دادوەریدا دەخوولێتەوە، دابەش بوونی قووڵیش لەو لاوە بوەستێ هەروەها بەرزخوازیی سیاسی بەهێز كە ئەمەش داڕشتەیەك نییە توانایی ئابووری بەجێ بێنێ.
لەم بارەیەوە دەوڵەتانی خاوەن نەوت هاوشێوەی دەوڵەتانی دیكەی قازانج ویست، كە هێزی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی لە توانای دوولایەنەی لە دەستخستنی قازانجی دەرەوە لە بازنەی جیهانیدا هەڵدێنجێ، لە پاشانیشدا دابەش كردنەوەی ئەو داهاتانە لە ناوخۆدا.
بە ڕاستی دەوڵەتانی خاوەن نەوت بە تەواوی دەوڵەتی قازانج ویستن: نەوت ئاستی بەرزی نائاساییان لە قازانج بۆ ماوەیەكی درێژ بۆ دەستەبەر دەكا، وەك ئەوەی قەرز كردنی نێودەوڵەتیشی بۆ ئاسان دەكا، كە ئەمەش توانایی ژیانی زیاتر لە توانای دارایی بەردەست درێژە پێ دەدا. ڕەنگە ئەمەش ببێتە ئەگەری ئەوەی ڕێگە بە سەركردەكانی دەوڵەتانی خاوەن نەوت بدا خۆیان لە گۆڕانكاری بنەڕەتی پێویست بۆ ماوەیەكی درێژتر لە توانای سەركردەكانی دی وڵاتانی پەرەسێن بە دوور بگرن، چونكە دەوڵەتانی پەرەسێن خێراتر دێنە ژێر باری پێداویستی گۆڕان هەر وەختێ نیشانە گەورەكانی ئابووری هەبوونی ئاڵۆزی دەردەخەن، بەڵام بە بوونی نەوت، دەوڵەتی خاوەن نەوت شتێك نابینێ بەسەریدا بسەپێنێ خۆی بگونجێنێ – ئەگەر بیشیكات لە كات و ساتی پێویستدا نایكا، بەو واتایەی دۆلارەكانی نەوت بژاردەی پەرەپێدانی پێشووی پشت بە نەوت بەستوو (دادەخا) و ئەو بژاردانە دەچەسپێنێ، بەمەش سستی لە دامەزراوەكاندا دادێنێ و كۆسپی بڵیند لە بەرابەر چاكسازیدا هەڵدەنێ.
دیسان دۆلارەكانی نەوت هانی گرتنەبەری شێوازێك لە سیاسەت دەدا خۆی لە ئارەزووی لەڕادەبەدەر بە داپۆشینی گرفتان بە پارە دەبینێتەوە، یان ئەگەر ئەوە نەلوا بژاردە قورسەكان دوا دەخەن تا خرۆشانێكی تازەی نەوت دێتەوە، بەڵام كێشە دواخراوەكان دەسبەجێ كەڵەكە دەبن و بارەكە خراپتر دەبێ، لە ئەنجامی ئەمەشدا گۆڕان – كە لە پاشاندا هەر دێ- بە كاریگەری قەیرانە قووڵەكانی سیاسی و ئابوورییەوە دێ.
ناتەوانایی دەوڵەتانی خاوەن نەوت بەوەی خۆی لەگەڵ بارودۆخی نوێدا بگونجێنێ و توانای نوێبوونەوە و نەرمی نواندنی لە سیاسەتدا هەبێ كە بۆ سەركەوتنی گەشە پێویستن ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە بنیاتی هاندانی شێواوەوە هەیە كە ڕەفتاری سیاسی و خودانی كاران بە یەك ئاست دادەڕێژێ، لە دەوڵەتانی دی گەشەسەندووی خاوەن نەوت هێزی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی تاڕادەیەك لەسەر توانای دوولایەنەدا دەوەستێ:
-1 هەڵێنجانی قازانج (دراو بەرامبەر نەوت) لە دەرەوەی بازنەی جیهانیی وزەدا.
-2 دابەش كردنی قازانج لە ناوخۆدا بە بەكارهێنانی پێوەری سیاسی وەك شێوازێكی ناوەندیی دابەش كردن، ئەمەش پەیوەستییەكی توندی نائاسایی لە نێوان دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیدا پەیدا دەكا و چەندین تۆڕی ڕێككەوتنی ژێربەژێر پەرە پێ دەدا كە لەسەر ئاڵوگۆڕی كلاسیكیدا دەوەستێ لە نێوان مافی حوكم و مافی پارە كۆكردنەوە. دیسان هەر ئەمە ئەنجامە ئابوورییەكان بە مەحكەمی بە سیاسەتەوە دەبەستێتەوە لە شێوەی تێكەڵاو بوونی ئابووری و سیاسەت لە دەوڵەتانی پێشووی سۆشیالست- ئەم واقیعەش وا دەردەكەوێ بەسەر سەرنجی زۆربەی چاودێراندا تێپەڕێ. ڕاستیی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتانی نێردەكاری نەوت هیچ هاندەرێكی ڕاستەوخۆیان نییە وایان لێ بكا بگر و لێهاتوو و لە خەمی داڕشتنی سیاسەتدا بن، هەروەها كەمترین هۆ لای خۆیان نابینن پاڵیان پێوە بنێ بۆ نامەركەزایەتی دەسەڵات بە بەشداری پێ كردنی هاوبەشی دیكە، بە پێچەوانەوە ئەو پارەیەی دڕژێتە ناو گەنجینەكانی دەسەڵاتێكی ناوەندی توند نامانگەیێنێتە هیچ لە بە ناوەند بوونی ئەو دەسەڵاتە بەدەر لەوەی هانی ئەو پەیوەندییە قازانجیانەی نێوان سیاسی و سەرمایەدارەكان دەدا.
لە باتی ئەوەی سەركردەی ئەو وڵاتانە كار بۆ دووركەوتنەوە لە پیشەسازی بە پەلەپەل بكەن و سنوورێك بۆ زیادەڕۆیی لە خەرجی و بەكاربردنی لەڕادەبەری ناوخۆ دابنێن كە وڵاتانی ئۆپێكی پێ دەناسرایەوە (بە پێی ڕاسپاردەی شارەزایانی گەشە)، یا كار بۆ ئەوە بكەن سنوورێك بۆ زیادەڕۆیی دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت بەسەر ئابووریدا (وەك لیبڕالە نوێكان ئامۆژگاری دەدەن) دەیانبینین بە جۆرێكی دی دەجوولێنەوە لە ڕوانگەی باوەڕبوون بە توانایان لە دواخستنی كێشە سیاسی و ئابوورییە گرینگەكان و بیركردنەوە بە جۆرێكی تەواو پێچەوانەوە. ئەو چوارچێوەیەی دەوری دورست كردنی بڕیاریش كە لە دابەش كردنی قازانجدا پێك دێ و خۆی لەسەر ڕادەگرێ هەر ئەوەش مەتەڵی سەیرایەتی زۆریمان بۆ هەڵدێنێ، واتە ئەو هۆیەمان بۆ لێك دەداتەوە كە وا لە حكوومەتە جیاجیاكانی دەوڵەتانی نێردەكاری نەوت دەكا لەگەڵ جیاوازی شێوازی حوكم وجیاوازی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و كولتوور و قەوارەو بایەخی جیۆستراتیجییاندا ڕێڕەوێكی گەشەی هاوبەش هەڵدەبژێرن و لە جەوسەرێكی وێكچوودا دەخوولێنەوەو بە گشتی بە باری پێچەوانەی زیانبەخشدا دەشكێنەوەو لە جیاتی چاك كردنی توانایی ئابووری یا فێر بوونی سیاسی، دۆلاری نەوتێ جێی شارەزایی سیاسی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا دەگرێتەوە، لە كوێشدا ئەمە ببێ توانای بەرەنگاربوونەوەی داواكاریان لاواز دەبێ و پارێزبەندی ڕێژەیی داڕێژەرانی سیاست دادەڕمێ. ڕاستیی دەسەڵاتداران توانای ئەوەیان نامێنێ بڵێن (نا)(10).
ئەمە لەبەر ئەوە نییە سەركردەی دەوڵەتانی نێردەكاری نەوت لەوە ناگەن چی خزمەت بە بەرژەوەندییەكانیان دەكا، بەڵكو ئەوان با لە ماوەیەكی كورتیشدا بێ زۆر چاك لەو بەرژەوەندیانە دەگەن.
تۆماری ئۆپێك
كارڕایی سیاسی و ئابووری وڵاتانی ئۆپێك دوای سێ شەپۆلی خرۆشانی نەوت گەواهییەكی حاشاهەڵنەگرە بەسەر ئەم تەڵە داڕێژراوەدا.
ڕەنگە ئەوەی زیاتر لێتۆژ نیگەران دەكا كە لە تۆماری ئەو وڵاتانەدا، نێوان ئەو دوو دەیەیە دەكۆڵێتەوە كە سەرەتای حەفتایەكان بەدوای خرۆشانی نەوتەوە هاتن ئەوەیە، وڵاتانی تر بە كردەنی بە پلەی جیاواز پاشەكشەیان لە گۆڕینی ئەو زۆربوونە گەورەیەی لە كۆی بەرهەمی ناوخۆداGDP بۆ خۆشگوزەرانی هاوشێوە لە ژیانی گەلەكانیاندا كرد ، لەباتی ئەوە لە بارێكی خراپتر لەوەی یەكەمین جار بۆی دەچین دەیانبینین ، چونكە ئەو دەوڵەتانە بەدەست داڕمانی كشتوكێڵ و كەرتی پیشەسازی و داڕمانی سیستەمی بانكی و كەم بوونەوەی هەناردەی دەرەوەی نەوتەوە گیرۆدەن ، نیشانەی بنچینەیش هەیە پێمان دەڵێ كە دۆخی ئەو دەوڵەتانە خراپترە لە باری زۆر لەو دەوڵەتانەی نەوتیان نییە و ململانێیان لە پێناوی ئەوەدا كردووە خۆیان لەگەڵ زۆر بوونی لیستەكانی وزەدا بگونجێنن.
هەر كە گەیشتینە ناوەڕاستی نەوەتەكان وای لێ هات كورتهێنانی ساڵانەی وڵاتانی ئۆپێك لە شمەك و خزمەتگوزاری لە جیهانی وڵاتانی گەشەسەندوو لە هەمووان زۆرتر بێ ئیتر گەیشتە ئەوەی هەموو ئەو وڵاتانە لە پێشان زیاتر پشت بە هەناردەی تاك شمەك ببەستن هەروەها قەرزەكانیان زۆر زیادی كرد ، سەرەڕای ئەوەش هەموو دەوڵەتانی ئۆپێك كەوتنە بەرامبەر گەورەترین دەستگرتنەوە (تقشف) كە لە میانی ئەو چوار دەیەیەی ڕابردوودا پێیدا تێپەڕیون. (11).
پەراوێز:
(9) Albert Hirschman , Essays in Trespassing: Economics To Politics and Beyond (Cambridge, England: Cambridge University Press , 1981 ) .
(10) بەڕێز هیكتۆر هورتادۆ، كە وەزارەتی دارایی فەنزوێللای وەرگرت ئاماژەی بە نووسەری ئەم دێرانە داوە و وتوویەتی: (چۆن دەتوانین بە بەهێزەكان بڵێین ئێمە پارەیان لێ قەدەغە دەكەین، یان پێیان بڵێین پارەمان نییە، لە كاتێكدا ئەوان بێگومان دەزانن كە تۆ نەوتت هەبێ واتە پارەی پێویستت هەیە، یا دەتوانی دەستی بخەی؟) (كاراكاس، فەنزوێللا، هاوینی 1979) .
(11) Alan Gelb, Oil Windfalls: Blessing Curse (New York: Oxford UniversityPress, 1988); and Karl (1997)










