ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە هێزەكانی هاوپەیمانیی شەڕی دژی داعش كار و چالاكییەكانیان لە عێراق راگرت.

هاوپەیمانییەكە لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە كارەكانی ڕاهێنان و یارمەتیدانی هێزەكانی سوپای عێراقیان راگرت، ئەمەش بە هۆی بەردەوامیی هێرشە مووشەكیەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.

لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە كە كاری لەپێشینەیان پاراستنی سەرجەم هێزەكانی هاوپەیمانانە، كە ئەركی سەرەكییان نەهێشتنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشە، بەڵام لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هێرشە مووشەكیەكان لەلایەن میلیشیای حزبوڵای عێراقەوە بەردەوام بووە بۆ سەر بنكەكانیان لە عێراق و ئەمەش بووەتە هۆی كوژرانی چەند سەربازێكی عێراقی و كوژرانی هاووڵاتیەكی ئەمریكی.

لە كۆتاییشدا دووپاتی كردووەتەوە كە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، كار و چالاكییەكانیان رادەگرن بۆ ئێستا و بە شێوەیەكی بەردەوامیش پێداچوونەوە بۆ ئەم بڕیارە دەكەن.