خهبات: بەرهەم شێخ عزەدین:-
توانا ئەبوبەكر قادر لە دایكبووی 1987 سلێمانی ، لەساڵی 1992 دەستیكردووە بە فێر بوونی میوزیك ، سەرە تا لەپەیمانگای ئۆركسترای سلێمانی لەسەردەستی مامۆستا سەركار عزەت دواتر لەساڵی 1993 لەگەڵ كۆمەڵێك هاوتەمەنی خۆی تیپی مۆسیقای نوێكاریان دامەزراندوە ، بەهۆی باری نالەباری ماددی تیپەكەیان هەڵوەشاوەتەوە، دواتر لە ساڵی 1996 دەستی بە كاركردووە لەگەڵ تیپی مۆسیقای شنروێ تا ئێستا بەردەوامە، وە لە هەمانكاتدا ئەندامی گرووپی گەڕیان بووە سەر بە كەناڵی كوردسات بۆماوەی 2 ساڵ. لە ئێستاشدا خاوە نی فێرگەی تایبەت بەخۆیەتی بۆ فێربوونی نەی خاوەنی چەندان فێرخوازە كە بۆ ماوە ی 3 ساڵە دایناوە، لەسەرجەم شارەكانی كوردستان فێرخواز دەچنە لای بۆ فێربوونی نەی ئەو میوزیكسیانە لەم دیمانەیەدا بەمجۆرە بۆمان دوا:
مێژووی ئەم ئامێرە زۆر كۆنە
سەرەتا دەربارەی ئامێری نەی چۆن و كەی هاتۆتە ناو بواری هونەر؟
میوزیكسیان توانای نەی گوتی: دیارە مێژووی ئەم ئامێرە زۆر كۆنە، لە سەرەتای بە ئاگابوونی مرۆڤەوە دروستبووە، بۆنموونە: كاتێك قامیشیان بڕیوە هەر قامیشەی دەنگێكی دروستكردووە تاوای لێهاتووە بە یەكیانەوە نووساندووەو ئامێیری پان فلوتی لێدروستكراوە، وردە وردە كوونیان بۆ زیاد كردووە تا ئەم ساتەی نەیان لێدروستكردووە ، ئامێرە فوودارە فۆلكلۆرییەكان چەند جۆرێكن، نەی و شمشاڵ و كفاڵ و بلوێر.
ئامێرێكی سەرەكی نێو خێزانی فوودارەكانە
دەربارەی پرسیاری ئەوەی نەی لەكوێی میوزیك لە ڕووی ئەكادیمی جێگای بۆتەوە؟
توانای نەی گوتی: نەی كۆنترین ئامێرە ، هەر لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤەوە پەیان پێبردووە .زۆرێك كۆكن لەسەر ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ دۆڵی میزۆپۆتامیا، نەی هەمان نۆتەی وەك ئامێرەكانی دیكەی هەیە، خۆشبەختانە وەك بولبولی نێو میوزیك سەیر دەكرێت ، واتا ئامێرێكی سەرەكی نێو خێزانی فوودارەكانە.
ئامێری یەزدانی
دواتر دەربارەی پرسیاری تا چەند نەی ڕووحی كلتور بە گۆرانی دەبەخشێت ؟
توانا گوتی: نەی هەڵقوڵاوی نێو هەستە كاتێك دەیژەنیت گەلێك وشەی دڵ و سینەمانی پێدەخەینە ئاخافتن ?بەو واتایەی كەپێیدەوترێت ئامێری یەزدانی خۆشبەختانە ئامێرێكی پڕ هەستە لە نێو فۆڕمی میوزیكی شەرقیدا یەكەم ئامێرە مرۆڤ بە كاریهێناوە.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا ڕاستە دەگوترێت تاكە ئالەت كە بۆتە هۆی مانەوەی ڕەسەنایەتی لەگۆرانی كوردی نەییە؟
توانای نەی گوتی: بەڵێ ڕاستە چونكە كۆنترین ئامێرە بەڵكو ئەشكرێت بڵێین : یەكەم ئامێرە مرۆڤ بە كاریهێناوە زۆر كات مەرج نییە.
ئینجا لە وەڵامی پرسیاری مەرجە لە هەموو گۆرانیەك نەی لێبدرێت؟
ئەو میوزیكسیانە دەڵێت: نەخێر زۆر كات مەرج نییە، لە هەموو ئاوازێكدا نەی لێبدرێت، فۆڕم و ئەدای میوزیكەكە دەور دەبینێت لە بەشداریكردنی
گەلێك كەسانی نوێ هاتوونەتە نێو ئەو فۆڕمە كوردییەوە.
دەربارەی ئەوەی چ گلەیەكت لە هونەری گۆرانی كوردی هەیە؟
توانای نەی گوتی: زۆر كات سۆشیال میدیا دەبێتە هۆی بەلاڕێدا بردنی مۆركی هونەری ، كەواتە ئەبێت بە هەموو لایەكمان هەوڵبدەین هونەر لەو شەڕە فكری و سیاسییە بپارێزین،خۆشبەختانە گەلێك كەسانی نوێ هاتوونەتە نێو ئەو فۆڕمە كوردییەوە.
دەشێت خۆمان نەشارینەوە
دەرباەی پرسیاری بۆچوونت چییە لە سەر ئەوەی ئافرەتان لە كلیپ بەكار دەهێندرێن بۆسەرنجڕاكێشانی گوێگر یان بینەر؟
میوزیكسیان توانای نەی بۆچوونی وابوو: ئەمڕۆ بە هۆی لەبار بردنی وێنەی كلتوری و بە بازرگانیكردن و بە كاڵاكردنی مرۆڤ بووەتە بەلاڕێدا بردنی هونەر ، دەشێت خۆمان نەشارینەوە بۆ خۆ گونجاندنی بینینی جیلێك بۆ خەفەكردنی هەستی بینینیان.
كاتێك نەی دەژەنم
خەبات لە توانای نەی پرسی شەهیدان و پێشمەرگە لە كوێی كارە هونەرییەكانی تۆدان؟
ئەوگوتی: ئەم خاكەی ئێمە بەخوێنی شەهیدان و ڕۆڵەی بە ئەمەك و پێشمەرگە هەمیشە لە جوانیدایە، واتا كاتێك نەی دەژەنم هەموو كات هە نسك و ئارەزووە پڕ هەستەكانی زارۆكی شەهیدان یەكەم هەستی خوڵقاندنی ئاوازەكانمە.
بەشداری چەندان كارمكردووە
لە وەڵامی خاوەنی چەند بەرهەمیت؟
توانا گوتی: من زیاتر وەك ژەنیار بەشداری چەندان كارمكردووە لەگەڵ گشت گۆرانیبێژەكان و تیپە میوزیكەكان، بەڵام وەك كاری سەربەخۆی خۆم لە ئێستادا لە داڕشتنی كارێكم بۆ ئەنفال.
گرووپی تایبەت بەنەی
دەربارەی پرۆژەی ئایندەی توانای نەی گوتی: ئەوەی كە من هەوڵی بۆ دەدەم دروستكردنی گرووپێكی تایبەت بەنەییە، زۆریش هەوڵمداوە بۆی لە ڕێی فێرگەكەمەوە كەسانی ژەنیاری نەی دروست بكەم.










