خهبات: هێمن ئاری:-
هونەرمەندی شێوەكار تەیب عەبدولڕەحمان بابان لەدایكبووی ساڵی 1976 شاری كەركوكە.
وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەكات لەسەرەتاوە خۆرسك دەستی بەهونەری شێوەكاری كردووە.
دەڵێت: هەر لەسەرەتای مناڵیمەوە كاتێك نیگارێكم دەكێشا دەوروبەرم بەشێوەیەك سەرسامی خۆیان دەردەبری، ئەوە خاڵی دەستپێك و پاڵنەربوو بۆمن بۆ ئەوەی زیاتر حەزم بۆ هونەری شێوەكاری بچێت.
دەشڵێت: لەژیانی هونەریم 20 پێشانگای تایبەتم كردۆتەوە و بەشداریشم لەچەندین پێشانگای هاوبەشكردووە .
ئەو شوێنانەی پێشانگام تێداكردۆتەوە: زاخۆ ،سلێمانی كەركوك، شارەزور ، بازیان. هەروەها پێشانگام لەدەرەوەی وڵاتیش كردۆتەوە لە ئەستورالیا شاری ئەدلاید .
پرۆژەی داهاتووشم پێشانگایەكە لە شاری بەغدا بەڵام بەهۆی دۆخی ئەوشارە دوام خستووە.
جگە لەوەش لەبەرنامەمدایە لە شاری بەیروت لە لوبنان پێشانگایەك بكەمەوە.
قوڵایی رۆح و هونەری شێوەكاری
هونەرمەندی شێوەكار تەیب عەبدولڕەحمان لەدیمانەیەكی ڕۆژنامەی خەباتدا سەبارەت بە بایەخدان بە هونەری شێوەكاری دەڵێت:هەڵبەت لەجیهانی پێشكەوتوو هونەری شێوەكاری بەدایكی هونەرەكان هەژمار دەكرێ، بەوپێیەی هونەری شێوەكاری دەرهاویشتەی فكر و رۆشنگەریی بەرزی هونەرمەندەكەیە .لەجیهانی پێشكەوتوو هونەری شێوەكاری بەترۆپكەی مەعریفەی مرۆیی پێناسەدەكرێ .سەرجەم قوتابخانە فەلسەفییەكانی كۆن و نوێ پانتایەكیان لە فەلسەفەكانیان تەرخانكردووە بۆ هونەری شێوەكاری و هەریەكە و لەروانگە و دیدی خۆیانەوە پێناسەی ئەو چەمكەیان كردووە . ئەوەی لەسەری كۆكن و هاوڕان ئەوەیە كە كایەی هونەری نیگاركێشان ترۆپكەی هزری مرۆییە، هەندێك جار سۆز و ویژدان و هزر تێدەپەرێنێ دەڕوات تاكو قوڵایی روح.
میشێل فۆگۆ فەیلەسوفی فەرەنسی دەڵێت:كاتێك دیاردەیەكی دیاریكراو شاعیرێك ناتوانێ گوزارشتی لێبكات و فەیلەسوفێك وشەی پێ نییە شیتاڵی بكات پەنا دەبەینە بەر نیگاركێشێك ئەو بەجوانترین شێوە گوزارشتی لێوە دەكات.بەڵام لە وڵاتی ئێمە لە كوردستان بەهۆی ئاستی وشیاری و هەستی تاك هونەری شێوەكاری لە پلەی خواری خوارەوەیە لەناو چەمكی بەرفراوانی هونەر. چونكە هونەری شێوەكاری تەمەنی زۆر كورتە، رەنگە هەر هەشتا ساڵێك بێت هاتۆتە ناو وڵاتی ئێمەوە .ئێمە بەراورد ناكرێین لەگەڵ جیهانی پێشكەوتوو ئەوان چەندین قۆناغی هونەری و بزاڤی هونەرییان تێپەراندووە .هەربۆیە خوێندنەوەی كارێكی هونەری لای تاكێكی ئەوروپی و لای تاكێكی ئێمە زۆر جیاوازە .تاكو ئیستا تاكی ئێمە رووی دەرەوەی جوانی نیگارێك دەبینێ هەرگیز رووی ناوەوە و فكری پشت نیگارەكە نابینێ.
سروشتی كوردستان و هونەری شێوەكاری
هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا تەیب عەبدوڵرحمانی شێوەكار گوتی: هەڵبەت من لەماوەكانی رابوردوو لەچەندین رێبازی هونەری كارم كردووە.
لەكۆتایدا وەك پێداویستیەك بۆ ماركێتینك و بڵاوكردنەوەی رۆشنگەریی هەڵواسینی تابلۆ لەماڵەكان و شوێنەگشتیەكان پەنام بردە بەر واقعی و هەندێكجار ئینتیباعی و ئەبستراكت . چونكە وەرگری كورد ئاسانتر جوانی رووكەشی واقعی وەردەگرێ.
بەڕاستی دیمەنی پڕ ڕەنگی سروشتی كوردستان كاریگەریەكی یەكجار گەورەی لە دەروون هەستم بەجێ هێشتووە و هەمیشە ویستوومە بەشێوەیەكی ئیستاتیكی دیمەنەكان بكەمە نیگار.
هونەری شێوەكاری و زمانی هاوبەش
لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەی ڕۆژنامەی خەباتدا گوتی: هەڵبەت وەك لەسەرەتا ئاماژەمان پێكرد هونەری شێوەكاری ترۆپكەی مەعریفەی مرۆییە، بۆیە برەودان بەم كایەیە كارێكی گرنگە و بەدەرەجەیەك ئێمەی هونەرمەند لێی بەرپرسین و پاشان دامەزراوەپەیوەندارەكان وەك رۆشەنبیری و پەروەردە .ئەم دوو دامەزراوە هەستیارە. هونەری شێوەكاری زمانی هاوبەشی سەرجەم مرۆڤایەتییە، زۆر بەئاسانی دەتوانێ پەیامی خۆت بگەیەنی، بۆیە ئەم كایەیە زۆر شت دەگەیەنێ . جگە لەجوانی بۆنمونە ئاستی وشیاری كۆمەڵگا بەهیوای ئەوەی بتوانین لەئایندە كاری باشتر ئەنجام بدەین و برەو بەو كایەیە بدەین.











