نەوزاد كەلهوڕ
ئەگەر بە وردی سەرنجی دەوروپشتی خۆمان بدەین ، هیچ شتێك نابینین كە لە سەدا سەد بەیەك بچن ، هەر بۆ نمونە گەر تەماشای مرۆڤ بكەین كەم وارێك دەكەوێت دوو كەسی تەواو بەیەك بچن ، ئەگەر هاتوو ئەو دوو كەسە دووانە جمك یش بن ، رەنگە لە شێوەو روخسار زۆر لەیەكەوە نزیك بن ، بەڵام سەیر دەكەین لە هەڵسوكەوت و رەفتاردا لەیەك جیاوازن ، كەواتە هەندێك شت هەیە لەیەكتریان جیا دەكاتەوە. زیرەكی یەكێكە لە كردارەكانی عەقڵی ، ئەو زیرەكیەش جیاوازی لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی دیكە هەیە.
دەروونزانەكان بۆ رێژەی زیرەكی منداڵ هۆكاری ژینگەو بۆماوە بە دوو هۆكاری سەرەكی دەزانن ، بەڵام تاكو ئێستا ساغ نەبۆتەوە كە كامیان زیاتر كاریگەری لەسەر زیرەكی هەیە ، بۆ نمونە كەمبوونی ژمارەی كروموسوم لە رێژەی سروشتی خۆی كاردەكاتە سەر پلەی تێگەیشتن ، هەروەها زیادبوونی رێژەی كروموسوم دیسان كار لە پلەی زیرەكی منداڵ وتووشی كەم عەقڵی دەكات كە ناسراوە بە مەنگولی ، بەشێكی دیكەی زانایانی دەروونزانی لەو باوەڕەدان كە هۆكاری بۆماوە لە بەشێكی كەمی ئەو جیاوازیەدا بەرپرسە ، ئەوەی زیاتر لە رێژەی زیرەكی منداڵ بەشدار دەبێت هۆكاری ژینگەیە ، ژینگە بە پلەی یەكەم بەرپرسە لە رێژەی زیرەكی و هەر ژینگەیە دەتوانێت گەشە بەپەرەپێدانی عەقڵی مرۆڤ بدات.
لە لێكۆلینەوەیەكی مەیدانیدا لەسەر دوو كۆمەڵە منداڵدا كرا ، كە كۆمەڵەی یەكەم پشت بە تواناكانی خۆیان بەسترا ، كۆمەڵەی دووەمیش خرانە ژێر چاودێری كردنی پەروەردەیەوە ، وەكو كردنەوەی خولی بەهێز كردن و مەشق راهێناوە ، پاش ماوەیەك سەیریان كردن ، كۆمەڵەی یەكەم بە ئاسایی خۆیان دەرۆیشتن ، بەڵام هەرچی كۆمەڵەی دووەم بوو رێژەی زیرەكیان لەسەدا 25% زیادی كردووە ، ئەگەرچی ئەو رێژەیە كەمە ، بەڵام بەڵگەیە لەسەر ئەوە كە دەتوانین رێژەی زیرەكی بە هۆی ژینگەی گونجاو لەبارەوە زیاد بكەین.
هەتا ئێستا هیچ لێكۆلینەوەیەك نەكراوە لەسەر ئەوەی بیسەلمێنن كە نەتەوەیەك زیرەكتر بێت لە نەتەوەیەكی دیكە ، رەنگبێت پرسیارێك بە خەیاڵی یەكێك دابێت و ، پرسیار بكات و بڵێت ئەی ئەوە نیە فلانە میللەت هەر رۆژەی داهێنانێك دادەهێنن و ، هەندێك میللەتی دیكەش داهێنانیان نیە ، لە وەڵامدا دەڵێن ئەو میللەتانەی داهێنانیان كردووە هۆكارەكەی بۆ ژینگە دەگەرێتەوە نەك بۆ رێژەی زیرەكیان لەسەر كەسانی دیكە . ئەو تاقیكردنەوانەی لەسەر زیرەكی كراون واپیشان دەدەن كە رێژەی زیرەكی لە نێوان ئەو منداڵانەی لەخێزانی هەژارو كەم دەرامەت پەروەردە دەكرێن لە 20 - 30 پلە لەچاو ئەو منداڵانەی كە دەوڵەمەندن كەمترە ، هۆیەكەشی بۆ خراپی ژینگە دەگەرێتەوە بۆ نمونە ، ئەو كاتەی دایك سك پڕە بووە تووشی بەدخۆراكی بووە كاری لە كۆرپەلە كردووە ، لەپاش جیا بوونەوەی منداڵ لە دایكی كەمی چاودێری پزیشكی و خۆراك كار لە منداڵەكە دەكات ، هۆیەكی دیكەی خێزانە كەم دەرامەتەكان ئەویش كە بەستراوەتەوە بە ژیانێكی پڕ لە دەنگە دەنگ و ئالۆز كە منداڵ ناتوانێت گوێی لە زانیاری تازە بێت و بتوانێت توانستی زمانی پێ پاراو بكاو سامانی زمانی زیاد بكا، هەروەها ئەو دایك و باوكەی كە كەم دەرفەتن رۆژگار زۆر ماندوو هیلاكی كردوون كاتێكی خۆیان تەرخان نەكردووە بۆ پەرەپێدان و بەهێزكردنی بیری منداڵەكنیان و دەتوانین باێین تا رادەیەكی زۆر منداڵەكانیان فەرامۆش كردووە ئەوە وایان لێدەكا هەرچی بەهرەیان هەیە هەمووی لە شوێنی خۆیدا ببوكێتەوە وەكو گولێك لەسەرەتای پشكوتنی هەڵبوەرێت ، بە پێچەوانەی ئەو خێزانانەی كە باری گوزەرانیان باشە ، كاتێكی دیاریكراو بۆ گەشانەوەو پەرەپێدانی منداڵەكانیان تەرخان دەكەن گۆڤارو رۆژنامەی منداڵانیان بۆ پەیدا دەكەن لە هەمانكاتیشدا توانایان هەیە منداڵەكانیان بەشداری پێبكەن لەو خولانەی كە ئارەزویان لێ هەیە ، كەواتە ژینگەیەكیان بۆ دابین دەكەن كە یارمەتیدەرێكی باشە بۆ زیادكردنی رێژەی زیرەكی ، هیچ بە دوور نازانرێت كە كەسانی خاوەن بەهرەی وەكو بتهوڤن و موزارت لەو كوردستانەی ئێمە لە دایك بووینە بەڵام ژینگە لەبار نەبووە بەهرەكەیان پوكاوەتەوەو كەس پێینەزانیونن ، یاخود بە پێچەوانەوە گەر بتهوڤن و موزارت خەڵكی وڵاتێكی دوواكەوتوو بونایە نەیان دەتوانی سەمفونیایەكانی خۆیان دابهێنن.
ئەوەی زیاتر مەبەستە ئەوەیە ماوەیەك بەر لە ئێستا پەسندكراوە كە لەمەودوا منداڵ لە تەمەنی5 ساڵادا بچێتە قوتابخانە ، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو تەمەنە گونجاو بۆ ئەوەی منداڵ بچێتە قوتابخانە یاخودنا! ئایا پلەی زیرەكی ئەو منداڵ گەیشتۆتە ئەو ڕادەیە كە زانیاریەكانی قوتابخانە وەكو پێویست وەربگرێت !ئایا دەتوانێت لە چوون و هاتنەوەی بۆ قوتابخانە پشت بە خۆی ببەستێت!
ئەمرۆ لە دنیای پێشكەوتوودا دوو ئاراستەی دژ بەیەك هەیە لەسەر ئەو تەمەنە ، ئاراستەی یەكەم كە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا پشتیوانی لێ دەكات و دەڵێت : ئێمە واتە ئەمەریكا وڵاتێكین ئالیات و ئیمانكانیات و تەقەنیاتمان هەیە ، بە هۆی ئەوانەوە دەتوانین منداڵ لە تەمەنی5 ساڵیدا ئامادە بكەین بۆ خوێندنی رەسمی ، چونكە سەردەمی تەكنەلوژیا وامان داوا لێدەكات.
هەرچی ئاراستەی دووەم ، ئاراستەیەكی ئەوروپیە بە تایبەتی فەرەنسا پشتیوانی لێدەكات و دەڵێن: با ئێمە ئالیات و میكانیزماتمان هەبێ ، بەڵام هیچ پێویست بە وە ناكات ئێمە پەلە لە منداڵ بكەین ، با منداڵ بە سروشتی خۆی بگاتە پلەی گەیین نــچج ، چونكە ئەو منداڵانەی بە سروشتی خۆیان گەشە دەكەن دەتوانن باشترو چاكتر خۆیان لەگەڵ دەوروبەر بگونجێنن.










