خەبات: ڕۆشنا عەلی:-
شێوازی نوێی كاری سەرپەرشتیاران وەك ئەوەی وەزارەتی پەروەردە ناوی لێناوە ، كە گوایە سیستەم نییەو تەنها پڕۆژەیەكە و ئەركی سەرپەرشتیاری لە ناوەندەكانی خوێندندا دیاریكردووە، قسەو باسی زۆرلەسەر پڕۆژەكە هەیە و و ڕوونكردنەوەی كەم، لاپەڕەی پەروەردە بۆ چەند جارێك هەڵوەستەی لەسەر ئەم بابەتە كردووە ئەم پرسانەمان وروژاند كە پرسی گشتین ، لێرەوە ئەپرسین ئایا هەل و مەرجێكی وەها ڕەخساوە كەلەهەموو ناوچەكانی كوردستان ئەم پڕۆژەیە بێ كێشە جێبەجێبكرێت ؟ ئایا ئەم پڕۆژەیە كەمكردنەوەی ڕۆڵی سەرپەرشتیار نییەو پێدانی ڕۆڵێكی زیاتر بێت بە بەڕێوەبەر؟ بۆچی هاوڕێی ڕەخنەگر هاوڕێی قوتابخانە بێت؟ ئایا ڕۆتینیاتی ئەم پڕۆژەیە پڕۆسەی خوێندن بەرەو كوێ دەبات؟ تاچەند پڕۆژە خۆماڵییەكە تەمەن درێژ دەبێت؟ ئەم پرسیارەو چەند پرسیارێكی ترمان ئاڕاستەی جەلال هەمزە كاكەشین بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی كرد لەوەزارەتی پەروەردە.
❊ ئایا بریتش كاونسڵ لەكوێی ئەم سیستەم و پڕۆژەیەدایە؟
ــ بیرۆكەكە بیرۆكەیەكی خۆماڵییە ڕاستە بریتش كاونسڵ ئەنجومەنی ڕۆشنبیری بەریتانی هاوكارو سپۆنسەر بووە لە زۆر ڕوەوە ، بەڵام بیرۆكەكە بیرۆكەی وەزارەتی پەروەردەیە و هی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەییە ، هۆكارەكەشی ئەوەبوو كە بەم دواییە بەراوردمان دەكرد لەنێوان هەڵسەنگاندنی قوتابخانە ناحكومییەكان و هەڵسەنگاندنی قوتابخانە حكومییەكان كە ماوەیەكی زۆرە بە لیژنەهەڵسەنگاندن بۆ ناحكومییەكان دەكرێت لیژنەیەكی سێ كەسییە و هەڵسەنگاندن دەكەن لە هەڵسەنگاندنییان لاوازی تێدایە پەسەندی تێدایە داخستنی قوتابخانەی تێدایە غەرامەكردنی قوتابخانەو باخچەو پەیمانگاو ئامادەیی تێدایە ، چونكە هەڵسەنگاندنی سێ كەسی هەمیشە متمانەی زۆرترە لە هی یەك كەس، سەرەتای بیرۆكەكەش ئەوە بوو كە هەڵسەنگاندن بە گروپ بێت كە بێگومان نزیك دەبێتەوە لەڕاستی بەم شێوازە لە هەڵسەنگاندنەكانی ساڵانی پێشوو لاوازو پەسەند و ناوەندیش بەدەگمەن هەبوو لە كاتێكدا ڕێژەی دەرچوون %35 بوو ئەو شێوازەی پێشوو كە سەرپەرشتیار كاری پێدەكرد كە خۆشم سەرپەرشتیار بووم بۆ سەردەمێك باش بوو ، بەڵام بەم دواییە وای لێهات كە جێگای سەرپەرشتیار لە ناوەندەكانی خوێندن نەمابوو كاریگەریان نەمابوو نەیاندەتوانی هیچ گۆڕانكارییەك بكەن هەڵبەتە مەبەستم ئەوەنییە كە كەمتەرخەمی لە كاری سەرپەرشتیارەكان هەبووە لە هەموو شوێنێك باش و خراپ و بە تواناو بێ توانای تێدایە و باش و خراپی تێدایە ، بەڵام كێشە لە شێوازی كاركردنەكە هەبووە شێوازی كاركردنی سەرپەرشتیاری ، چونكە تۆ چ پڕۆژەیەكی بۆ دانێی ئەو لەسەر ئەو پڕۆژەیە ئەڕوات زۆری سەردانی سەرپەرشتیارانیش ببووە هۆی بێزاری مامۆستایان ،سەرپەرشتیار ناتوانێت مامۆستایەك هەڵبسەنگێنێت بە دوو سەردانی ساڵانە ئەوەی كە دەتوانێت مامۆستای خۆی هەڵبسەنگێنیێت بەڕێوەبەرە كە لە هەموو وڵاتێك باوە بەڕێوەبەر سەرپەرشتیاری نیشتە جێیە، ئەو دەتوانێت هەڵسەنگاندن بكات دواتر ئێستا باوی ئەوە نەماوە بەپێی پسپۆڕی مامۆستا هەڵبسەنگێنی بەڕێوەبەر هەیە بە توانایە بەڕێوەبەر هەیە بێ توانایە ، پێش ئەم پڕۆژەیەش ئەم مەرج و پێوەرانەی دانراوە داڕێژراوە لە هەموو قوتابخانەكانی كوردستان كار پێكراوە هەڵسەنگاندن بە پێی پسپۆڕی نییە بەپێی ئەدای مامۆستایە ، بێگومان لێرەو لەوێ بەڕێوەبەرێك ئەگەر بە توانایە دەردەكەوێت ئەگەر بێ تواناشە هەر دەردەكەوێت
*ئێوە وتتان ئەم پڕۆژەیە خۆمان دامانڕشتووە ،بەڵام برتش كاونسڵ هاوكاری كردووین ئایا هاوكارییەكە لە چ ڕوویەكەوەیە كە پڕۆژەكە خۆماڵییە بۆ لە حكومەتی مەركەزیش پەیڕەو دەكرێت ؟ لە پێگەیاندنی ڕاهێنەرەكان لە ڕووی مادیشەوە سپۆنسەری هەندێك ۆرك شۆپ و خولەكان بووە لە عێراقیش پاش ئێمە پەیڕەو كرا ئێمە لە 2017 وەكو تێست لەسەر 600 قوتابخانە پەیڕەومانكرد تاڕادەیەك ئەنجامی باش بوو بەڵام زرووف هاتە پێش وبایكۆت نەمانتوانی بیچەسپێنین ساڵی پاریش دووبارە لە شەش پەروەردە دیسان وەكو تێست پەیڕەومانكرد پێش 16ی ئۆكتۆبەر كاتێك پەیڕەومانكرد لەسەر 600 قوتابخانەكە ۆرك شۆپێكی هاوبەشمان هەبوو لەگەڵ عێراق بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی ڕۆشنبیری بەریتانی كە ئەوان ئەو كات زانیارییان نەبوو ڕاهێنەرە ئەڵمانییەكە داوای لەمن كرد بۆ ئەوانەی بەغداد ڕوونبكەمەوە كە چۆن ئەنجامدراوە وەك تێست وە دەر ئەنجامەكانی چی بوون من بۆم ڕوونكردنەوە مستەر ئاندی هەیە كە ڕاوێژكارێكی بەریتانییە چەند ساڵێكە لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پەروەردە كاردەكات ئەو بیرۆكەیەی ئاڕاستەی ئەوانكرد ئەوانیش پێیان باش بوو لەوانەیە سوودمان لە تەجروبەی وڵاتانی دیكەش وەرگرتبێت دواتر ئەو كڵێشەیەی كە سەرپەرشتیاران دەیاننوسی كاتێك سەردانی قوتابخانەیان دەكرد لە خانەقینەوە تا زاخۆ هەمان كڵێشە بوو هەبوو ڕێنماییەكانی كۆپی كردبوو ئەمە سوچی سەرپەرشتیارانی تیا نەبووە بەڵكوسووچ لە شێوازی كاركردنەكە بوو ئێستا لێرە سەرپەرشتیار چەند ئەكێكی هەیە یەكەمیان هەر سەرپەرشتیارێك چەند قوتابخانەیەكی بەردەكەوێت بەپێی ژمارەی خۆیان و بەپێی ژمارەی قوتابخانەكان ئەوانە وەكو هاوڕێی ڕەخنەگر بە درێژایی ساڵ لەگەڵ ئەو قوتابخانەیە دەبن.
❊ قسەو ڕەخنەش لەسەر دەستە واژەی هاوڕێی ڕەخنەگر هەیە بۆچی ئەم دەستەواژەیە هەڵبژێردراوە كە هاوڕێیە بۆ قوتابخانە بۆ ڕەخنەگرە؟
ــ بەداخەوە لای ئێمە هەمیشە ڕەخنە بە دیوە خراپەكەیدا دەشكێتەوە، بەڵام ئەوە سەرپەرشتیارەكە خۆیەتی ئەتوانێت ئەو دەستە واژەیە جوانبكات و هەرخۆشی دەتوانێت ناشرینی بكات ئەگەر هەموو توانای خستە گەڕ بۆ بەرەو پێشبردنی ئەو قوتابخانەیەو بووە پردێك لە نێوان دەستەی كارگێڕی و لایەنی پەیوەندیدارو هاوڕێیەكی باش بوو ڕەخنەكانی هەموو بێگومان بونیاد نەرانەیە.
❊ بێگومان ئەم پڕۆژەیە لەهەموو شوێنێك لە كوردستان وەك یەك جێبەجێنابێت كێشەی شوێنێك لە شوێنێكی تر جیاوازە كێشەكانیشییان جیاوازە ،چونكە هەندێك شوێن هەر سەرپەرشتیارێك نۆ قوتابخانەی بەردەكەوێت كە تەنها هاوڕێی بێت بێجگە لە بابەتی تری سەرپەرشتیارەكە؟
ــ ئێمە دەبێت بە گشتی سەیری پڕۆژەكە بكەین پێشتریش كێشە هەبوو لەو شوێنانە قەزا هەبوو ئەسڵەن موشریفی پسپۆڕی فیزیاو هەندێ وانەی هەر نەبوو ، لەبەر ئەوەی دانانی پلەی موشریفی نەبوو لە 2012 ەوە ڕاوەستابوو تا 2018 ئەو كۆمەڵە بوونە موشریف و سالێ پار ڕاگەیەنرا پێشتر ژمارەیان كەم بوو وەك پێویست نەبوو ، ئەم پڕۆژەیە پەیوەندی بە قەزایەك و قوتابخانەیەك نییە و لەناو ئەو هەموو قوتابخانانەش بەشی خۆی قوتابخانە هەیە كە كۆنە و ئەمە پەیوەندی بەپڕۆژەوە نییە ، بەڵكو ناوەرۆك گرنگە ئایا ئەو قوتابخانەیە چی تیا دەخوێنرێت و چی پێشكەش بە قوتابیان دەكرێت قوتابخانە هەیە بیناكەی نوێیە ، بەڵام هیچ ڕۆڵێكی پەروەردەیی نییە هەیە بە پێچەوانەوە.
❊ هەر ئەم ناوەرۆكەیە كەدەڵێن لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە كاڵ بۆتەوەو پەروەردە هەر سەرقاڵی ڕوخسارە؟
ــ ئەی فێربوون و فێركردن بەشێك نییە لەو پڕۆژەیە لەگەڵ ڕێزم دیارە پێشتر هیچییان نەكردووە و تازە بە خۆ دەكەون كە پێشتر پاك و خاوێن ڕانەگیراوە ئەوە كەمتەر خەمی بووە دیارە پڕۆژەكە كاریگەر بووە كارای كردونەتەوە.
❊ كەواتە پارە كۆكردنەوە لە كەس و كاری قوتابی بۆچی چۆتە چوار چێوەی ئەم پڕۆژەیەوە؟
ــ دەربارەی پارە كۆكردنەوە نابێت لە دایباب وەربگیرێت و پێشی ناوترێت سواڵكەری بۆنموونە بەڕێوەبەرێك لەگەڵ هاوڕێی ڕەخنەگر كۆبوونەوەیەك بە دایبابان دەكات و كەموكوڕی قوتابخانە بخاتە ڕوو لە كاتێكدا هەموو قوتابخانەكان وەك پێویست پارەیان لەبەردەست نییە، بەڵام بەبۆچوونی خۆم كە سی و نۆ ساڵە لەبواری پەروەردە كاردەكەم و لە مامۆستاییەوە دەستم پێكردووە و باوكی قوتابیش بووم زۆر خۆشحاڵ بووم هەركات منداڵەكانم هاتبێتن وتبێتییان پارەمان بدەرێ و داوامان لێكراوە پەردە بۆ پۆلەكەمان دەكڕین زۆر ئاساییە دواتریش دوای ئەو ڕوو داوانەی بەسەر هەرێمی كوردستان هات بەڕاستی ئیدارەكردنی قوتابخانە ئاسان نییە و مەبەستیشم ئەوە نییە بۆ حكومەت بپاڕێمەوە ، بەڵام شتی لە ناكاویش زۆر هاتووە هەر لە هاتنی ئاوارەوە شەڕوو قەیران و ڕەنگە حكومەتیش ئەو توانایەی نەبێت هەموو قوتابخانەكان پێرفێكت بكات و دواتریش بۆچی نابێت بەرپرسیارییەتی قوتابخانە بەرپرسیارییەتی كۆمەڵگا بێت بۆچی خەڵك وا تێدەگات تەنها بەرپرسیاییەتی حكومەتە خەڵكی خێر خوازیش هەیە هەیە بۆنموونە كەسێك دەڵێت زۆپەكان من چاكی دەكەم یەكی ترپۆلەكان سبوغ دەكاتەوە خەڵك توانای هەیەو حەزیش دەكات بەداخەوە دەبێت ڕاگەیاندن كاریگەری هەبێت و هەروەها مامۆستایانی ئاینیش ڕۆڵییان هەبێت و كۆمەڵگا تێبگەیەنن كەبەشدار بن لە ئاوەدانكردنەوەی قوتابخانەكە.
❊ دەنگۆیك هەیە كە گوایە ئەم سیستەمە پڕۆژەیەكی ئامادەكراوە و لەو وڵاتانە پەیڕەو دەكرێت كە حكومەتەكانییان توانای خزمەتكردنی قوتابخانەكانییان نەماوە بۆچوونتان چییە ؟ بۆنموونە لە وڵاتانی وەك میسر و لیبیا و لوبنان و كۆمەڵێك وڵاتانی دیكە پەیڕەو دەكرێت ئەمە تاچەند وایە؟
ــ ئەمە سیستەم نییە ئەمە تەنها گۆڕینی شێوازی كاركردنی سەرپەرشتیارانە و هیچ شتێكی زیادەی لەگەڵ نییە دواتریش هەر كەسێك بەڵگەی هەیە كە ئەو پڕۆژەیە شتێیەكی ئامادەكراوە ئێمە بەرپرسیارییەتییەكەی هەڵدەگرین سوودمان وەرگرتووە لەوڵاتان ، بۆنموونە ئەگەر هەمان هەڵسەنگاندنی دەرەكی بەگروپ دەكرێت لای ئێمەش دەكرێت ئەمە مانای وایە ئێمە لە میسڕمان وەرگرتووە ئەی میسر لە كوێی وەرگرتووە؟ جگە لەوە ئەوە بنەمای سزاو پاداشتیشی تێدایە دەیدەینە وەزیر و هەركات پەسەند كرا گشتاندنی بۆدەكرێت ئەو هەڵسەنگاندنە خۆی چوار ئاستە پێشتر گلەیی ئەوە هەبوو كە گوایە مدیر چەندین ساڵە مدیرە و بێ توانایە ئێستا ئەو سەرپەرشتیارە بەڕێزانەی كەبە گروپ هەڵسەنگاندن دەكەن با بەوردی هەڵسەنگاندن بكەن ئەو بەڕێوەبەرەی كە ئاستی یەكەمی بەدەست هێنا بەرپرسیارەو لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت وە ئەوەی ئاستی چوارەمیش بەدەست دەهێنێت سوپاس و ستایش دەكرێت وەهەر بەڕێوەبەرێك لە ئاستی یەك هەنگاو بنێت بۆ ئاستی دوو سێ ئەویش ستایش دەكرێت دیارە گۆڕانكاری كردووە ئاستیش تەنها لە سبوغ و جوانكردن نایەت بەڵكو لەبنەما زانستییەكەش دەگرێتەوە و ڕێژەی دەرچوون و ئاستی قوتابیان دواتر لەوە گرنگتر خود هەڵسەنگاندنی تێدایە كە زۆر جار لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبیستین كە گوایە خراپترین بنامایە ، بەڵام بە پێچەوانەوە خود هەڵسەنگاندن بنەمای هەموو گۆڕانكارییەكە هەیە دەڵێت من 200 ئەدەمە خۆم ئایا ئەكرێت من كە بەڕێوەبەرێكم 100 نمرە بەخۆم بدەم لە كاتێكدا بارودۆخی پەروەردە بەم شێوەیەیە هەتا ئەو سەرپەرشتیارەی وەك هاوڕێی ڕەخنەگر سەردانی قوتابخانەكان دەكات بەرپرسیارە لە قوتابخانەكە ئەگەر ئاستی یەكی بەدەست هێنا دەبێت ڕوونكردنەوە بدات ئەی ڕۆڵی چی بووە بەدرێژایی ساڵ چیكردووە چۆن پاڵپشتی ئەو قوتابخانەیەی كردووە.
❊ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە تا ئێستا مشتومڕ لەسەر كۆمەڵێك بابەت هەیە كە پەیوەندی بەم پڕۆژەیەوە هەیە كەوا دەریدەخات بۆچوونی جیاوازی لەسەرە و تێگەشتنەكان وەك یەك نین كەواتە بەم كۆلكە تێگەشتنە لەبەرنامەكە ئەم هەڵسەنگاندنە تاچەند تەندروستە؟
ــ لەراستییا بەهیچ جۆرێك ناكرێت سەرپەرشتیار بچێتە قوتابخانەیەك و بەڕێوەبەرەكە زانیاری لەو زیاتر بێت جێگای نیگەرانییە سوچی پڕۆژەكە چییە كاتێك سەرپەرشتیارێك ناتوانێت وەك پێویست خۆی پێبگەیەنێت ، ئەمە هەرچی بێت تەكانێكی بە پەروەردە داوە كە جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو ئاستی خوێندنی گۆڕیوە ئێستاش گروپێكی كارمان هەیە كە هەر خۆیان داڕێژەری ئەو پڕۆژەیەن و بەسەر پەرشتی ئێمە مانگانە كۆبوونەوە دەكەین ئەو گروپە هەر لایەنێكی پڕۆژەكە پێویستی بە پێداچوونەوە هەبێت دەیكات كە بۆچوونی پەروەردەكاران و خەڵك وەردەگرن .
❊ دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بۆچوونێك هەیە كە دوو دابەشكردن هەبێت لەو یەكەكانی سەرپەرشتیاری یەكێكییان بۆ هاوڕێی ڕەخنەگر بێت و ئەوی تر بۆ پسپۆڕی كە جیگای ڕەخنەیە؟ ــ پسپۆڕییەكان بەپێی ڕێنمایی لەو پڕۆژەیە ئەوەیە دەتوانن بەردەوام كۆڕوو كۆبوونەوە ئەنجامبدەن بەپێی بەركەوتەی خۆیان لە ژمارەی قوتابخانەكان كۆڕوو سمناریان بۆبكەن زۆر بەسوود ترە لەوەی سەرپەرشتیارێك بەتەنها دەچێتە قوتابخانەیەك و مامۆستایەك هەڵدەسەنگێنێت كە ڕەنگە مامۆستاكە پرسیارێكی بە مێشكدا نەیەت لێی بكات بەو كتوپڕییە ، بەڵام كەبوو بە كۆڕوو كۆبوونەوە ئەو كات سوودی زیاتر دەبێت.
❊ بۆچوونێك پێی وایە ئەم پڕۆژەیەش وەك پڕۆژەی بەئینگلیزیكردنەكە ساڵێك دوو ساڵ بەردەوام دەبێت و فەشەل ئەهێنێ ئەگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو بۆچوونتان لەمبارەیەوە چییە؟
ــ ئەمە بە بۆچوونی من جێگیر بووە لەناو هەموو ناوەندەكانی خوێندن و بۆچی فەشەل ئەهێنێ هیچ شتێیەك نەكراوە تەنها كاراكردن كراوە تەنها لەبری سەرپەرشتیار بەڕێوەبەر مامۆستای خۆی هەڵدەسەنگێنێت ئەویش بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر ،بەڵام مافی هەڵسەنگاندنەكە لای بەڕێوەبەرە و بەڕێوەبەر پێوەری هەیە ئەمە كاراكردنی ڕۆڵی سەرپەرشتیارە لە ناوەندەكانی خوێندن.
بەڵگەی وێنەیی ئەو شتەیە كە مامۆستایانی نیگەرانكردووە لە كاتێكدا هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ بەڵگەی مامۆستایەكی بە توانا، ڤیدۆیە كە دەبێتە بەڵگە ئایا ئەمە بەپێی پڕۆژەكە پێویستە یان گەورە كراوە و كراوە بە بارگرانی لەسەر مامۆستا؟
ئاستی قوتابیان بەوێنە دیاریناكرێت ئەم فۆتۆ گرتنە بەڵگەی هەموو شتێیەك نییە و بەڵگەی گۆڕانكاری قوتابخانە نییە دواتر بەڕێوەبەر دەبێت لەوانەی مامۆستا دانیشێت ئەوە بەڵگەیە و چۆن وانە دەڵێتەوە بەڕێوەبەر دەبێت خوێندنەوەی بۆ ئاستی قوتابییەكانی هەبێت بزانێت تاچەند بەرەو پێش چووە بێگومان هەموو شتێیەك نییە.










