خەبات: تریفە ئازاد:-
پرسی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق بۆتە پرسێكی گرینگ لە ئێستادا و لایەنە عێراقیەكان و خۆپیشاندەرانی عێراق داوای هەمواركردنەوەی بڕگە و مادەكانی دەستووری عێراق دەكەن و پێیان وایە ئەم دەستوورە مافەكانی ئەوان دەستەبەرناكات، هەمواركردنەوەی دەستووریش گەر لە ماف و دەسەڵاتەكانی كورد كەمبكاتەوە هەڵبەت لایەنە كوردییەكان لەگەڵ ئەم جۆرە هەمواركردنە نابن، شارەزایانی دەستووریش پێیانوایە هەندێك مادە پێویستی بەهەمواركردن هەیە، بەڵام نابێت دەستكاری ئەو ماددانە بكرێت كە تایبەتن بە مافەكانی كوردو نابێ هیچ ماددەیەكی دیكە بخزێنرێتە ناو دەستوور كە ماف و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە.
دەبێت نوێنەرانی كورد پێداگری لە مافەكانی گەلی كورد بكەن
دكتۆر خامۆش عمر، شارەزا لە بواری دەستوور لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات لەبارەی هەمواركردنەوەی دەستوور و مافەكانی كورد گوتی: هەمواركردنی دەستووری عێراق بە گوێرەی مادەی 142 دەستوورە بڕگەی یەكەمی ئەو مادەیە لیژنەیەك لە پێكهاتە سەرەكیەكانی كۆمەڵگای عێراقی پێك دەهێنرێ بێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارە و ئەندامان و میكانزم و بڕیار وەرگرتن بكات، هەروەها بە گوێرەی بڕگەی دووەمی هەمان مادە، ئەو لیژنەیە ڕاسپاردەی پێشنیاری هەمواركردنەكە هەمووی بە یەك پاكێج پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بۆ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان گرفتە چونكە لەنێو ئەنجومەنی نوێنەران لەبەردەم دوو بژاردە دەبن یان ئەوەیە هەمووی قبوڵ دەكەن یان ئەوەیە هەمووی ڕەت دەكەنەوە چونكە ڕاسپاردەی پێشنیاری هەموار كردنەكە مادە بە مادە ناخرێتە دەنگدانەوە ئەگەر ئەم قۆناغە ببڕێت كە ئەمە ئەگەرێكی زۆرە چونكە بە زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن پەسەند دەكرێت ژمارەی نوێنەرانی كوردیش ئەو ژمارەیە نییە كە بتوانن ڕێگری لە تێپەڕ بوونی بگیرێت، لە دواجار دەنگدەری كوردستانی دەتوانێت ڕوو بەڕووی ئەم هەموار كردنە ببێتەوە ئەگەر لەبەرژەوەندی نەبێت، بە مەرجێك دوو لەسەر سێی پارێزگا بە نەخێر دەنگی بۆ بدەن بەڵام ڕەنگە ئەم كاتە دەسەڵاتی ئیتحادی بڵێتە خۆپیشاندەران ئەوە ئێمە ئامادەین بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور ئەوەی ڕێگرە هەرێمی كوردستانە نەك ئێمە. مەترسی پەنابردنە بەر هەموار كردنی دەستوور بە پاڵپشت بە مادەی 142 خۆی لەوە دەبینێتەوە كە ئەو لیژنەیە دەستكراوەیە پێشنیاری هەموار كردنی هەرمادەیەك بكات چونكە لیژنەكە بۆ پێداچوونەوە بە تەواوی دەستوورەكە هیچ مادەیەك و بڕگەیەكی دەستوورە كەش پارێزراو نییە لە هەمواركردنەوەیان بۆیە دەبێت نوێنەرانی كورد پێداگری لە مافەكانی گەلی كورد بكەن.
بە پێی ماددەی 126ی دەستوور، بەهیچ شێوەیەك مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان نابێت
هاوڕێ كەمال، مامۆستای زانكۆ لە بواری دەستووری لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: سەبارەت بە هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق وەك هەموو دەستوورەكانی دیكە لە نێو ماددەكانی خودی خۆی باسی لە چۆنییەتی هەمواركردنەوەكەی كردووە، لە دەستووری عێراق بە دوو مادەی جیاواز ئەم پرسەی رێكخستووە، یەكەمیان لە مادەی126 كە پێویستە لە كاتی ئاساییدا بە پێی ئەم ماددەیە هەموار بكرێتەوە و دووەمیان لە ماددەی 142 كە وەك لە ماددەكەدا هاتووە لە سەرەتای كاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاش پەسەندكردنی دەستوورەكە دەبووایە بە پێی ئەم ماددەیە هەموار بكرایەتەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئاڵۆزی ئەو كاتەی عێراق ئەو ماددەیە جێبەجێ نەكرا و هەمووارەكە نەكرا، لێرەدا پرسیارە سەرەكی و گرنگەكان دێنە ئاراوە ئایە هەمواركردنی دەستووری عێراقی دەبێت بە پێی كام ماددەیان بكرێت؟ ئایا ماددەی142 بە ماددەیەكی بەسەرچوو هەژمار دەكرێت وەك ماددەیەكی بەستراو بە كات كە لە بەشی گواستنەوەی دەستووردا هاتووە؟ ئایا بڕیاری ئەم دواییەی پەرلەمان بڕیارێكی دروست بوو بە دەستنیشان كردنی ماددەی 142 بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور؟ هەموو ئەم پرسیارانە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە 42ی فیدڕاڵی2017 لە ڕێك كەوتی 21ی 5ی 2017 وەڵام درانەوە، كە لە بڕیارەكەدا هاتووە كە نابێت هەمواركردن بەپێی ماددەی 126 بكرێت تاوەكو مادەی 142 جێبەجێ نەكرێت، كەواتە دەستووری عێراق دەبێت جاری یەكەم بە پێی ماددەی142 هەموار بكرێت پاشان بۆ جارەكانی داهاتوو بە ماددەی126 هەموار بكرێت. بەم شێوەیە وەڵامی زۆربەی پرسیارە گرنگەكانمان دەستكەوت دەربارەی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراقی لە نێوانیاندا كە دەستووری ساڵی 2005ی عێراقی بەركار دەستوورێكی وشك و قوڕسە بۆ هەمواركردنەوە چونكە لە بڕگەی چوارەمی مادەی 142 هاتووە كە نابێت دوو لەسەر سێی دەنگدەران لە سێ پارێزگا یان زیاتر بە نەخێر دەنگ بۆ هەموارەكە بدەن، كە ئەم دەقە لەوەیە ببێتە هۆی زەحمەتی هەمواركردنی دەستوور.
بەڵام ئەو پرسیارەی كە تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە ئەوەیە هەمواركردنەوە بە پێی كام ماددەیان مەترسی زیاتری دەبێت لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان؟ ئەگەر قوڵ ببینەوە لە خوێندەوەی هەردوو ماددەكە ئەوە بۆمان دەردەكەوێت كام ماددەیان مەترسی زیاترە، ماددەی 126 كە لە ئێستادا كاری پێناكرێت و چاوەڕێی هەمواركردنێك دەكات بە پێی فەرمانەكانی ماددەی 142 و پاشان دەست بەكار دەبێت، لە ناوەڕۆكیدا پێنج بڕگە هاتووە كە چۆنییەتی هەمواركردنەكە رێك دەخات و ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان بڕگەی چوارەمە كە تێیدا هاتووە: نابێت هیچ هەمواركردنێك بكرێت لەو ماددە دەستوورییانە كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمەكان كە لە دەسەڵاتە تایبەتەكانی دەسەڵاتی فیدڕاڵی نەهاتووە تەنها بە ڕەزامەندی دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمەكە و ڕەزامەندی زۆرینەی دانیشتووانی هەرێمەكە لە ڕێیی ڕاپرسییەكی گشتییەوە نەبێت. كەواتە ئەگەر هاتوو هەمواركردن بە پێی ماددەی 126ی دەستوور ئەنجام بدرێت ئەوە بە هیچ شێوەیەك مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان نابێت، بەڵام وەك ئاماژەمان پێی دا كە هەمواركردنەوەی یەكەم دەبێت بە پێی مادەی142 ئەنجام بدرێت وەك لە بڕیاری پەرلەمان هاتووە پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.
بۆیە دەبێت ئێمە زیاتر گرنگی بە مادەی 142ی دەستوور بدەین چونكە لە ئێستادا ئەو ماددەیە بەركارە و دەبێت خوێندنەوەی وردی بۆ بكەین و بزانین لە بە پێی كام بڕگەی دەتوانین هەرێم بپاریزین لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو. كاتێ بڕگەكانی ئەو ماددەیە دەخوێنیتەوە كە بریتین لە پێنج بڕگە ئەو گرنتیانەی ماددەی 126ی لێ بەدی ناكرێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان و تەنانەت گرنتی مانەوەی هەرێمەكان لە پاش هەمواركردنەوەی دەستوور و ئەم ماددەیە بە رەهایی باسی لە هەمواركردنەوە كردووە و هیچ بەربەستێكی دانەناوە بۆ هەمواركردنەوە لە پێش لیژنەی هەمواركردنەوە، تەنیا هیوای كورد بەشی دووەمی بڕگەی چوارەمی ئەم ماددەیە كە تێیدا هاتووە: نابێت دوو لەسەر سێی دەنگدەران لە سێ پارێزگا یان زیاتر هەموارەكە رەت بكەنەوە. بەم شێوەیەش دەتوانین بڵیین تروسكاییەكی یاسایی هەیە لەم ماددەیە بەڵام نابێت بە روناكی ئەگەر هاتوو رێككەوتنێكی سیاسی و جەماوەری لە نێو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبێت، چونكە لە ئەگەری كەمكردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمەكان لەلایەن لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور و قبوڵكردنی لە لایەن زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ئەوە تەنها و تەنها رێگەی یاسایی بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو هەمووارە دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانە، چونكە هیچ پارێزگا و پێكهاتەیەكی دیكەی عێراق لە چوارچێوەی هەرێمێك رێك نەخراون و كەمكردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمەكان جێی بایەخ نییە لایان.










