هەیفا عەلی عەبدولباقی
دوای ئەوەی خۆپیشاندەران لە گۆرەپانی تەحریری پایتەختی عیراق دەنگی نارەزایەتییان گەیاندە عەرشی حوكمڕانی، چەندین دروشمی جیاجیایان هەڵگرتبوو، كە هەر یەكێك لەو دروشمانە گوزارشت بوو لە رەهەندێكی دیاریكراوی داواكارییە زۆرەكانی شەقامی عێراقی لە دەسەڵاتی سیاسی، ئەو داواكاریانە خۆیان دەبینییەوە لە (بنبڕكردنی گەندەڵی، باشتركردنی بژێوییان، دامەزراندنیان لە گشت سێكتەرەكانی حكوومەتدا)، سەرەتا داواكارییەكانی پەیوەست بوون بە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ ژیانێكی سادە، بەڵام دواتر سروشتی خۆپیشاندانەكان گۆرانكاری بەسەردا هات و تەنانەت ئاراستەی ئەم دروشمە سادانەش گۆڕدرا بۆ دروشمی (هەمواركردنی دەستووری عێراق). دواتر ئەم داواكارییەی شەقامی عێراقی گوازرایەوە ناو پەرلەمان و چەندین لایەنی بەشدار لە دەسەڵات خۆیان كردە خاوەنی ئەم داواكارییەو خۆیان وەك نوێنەری داواكارییەكانی خەڵك نمایش كرد.
دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005دا، لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەگشت پێكهاتەكانەوە (كوردو سوننەو شیعەو كەمینە نەتەوەییەكانیش) كە زیاتر لە سەدا81% دەنگیان دا بە پەسەندكردنی ئەم دەستوورە. پەسەندكردنی ئەم دەستوورە گوزارشت بوو لە دەستپێكی قۆناغێكی سیاسی نوێ بۆ عیراقییەكان، كە تێیدا كۆی پایەكانی سیستەمی سیاسی و حوكمرانی گۆرانكاری بەسەردا هات. هەموو عێراقییەكان خۆیان لەناو ئەم دەستوورەدا دەبینییەوەو پێیان وابوو باشترین دەستوورە لەسەر ئاستی ناوچەكە.
مەرج نییە داواكاری خۆپێشاندەران وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بەڵام دەرگا لەسەر هەموو ئەگەرەكان وەك یەكە، بەشێوەیەك كە دەشێ هەموو لایەنەكان كۆك بن لەسەر هەمواركردنەوەی دەستووری هەمیشەیی، هەروەك چۆنیش ئەگەری ئەوە هەیە دەست بۆ ئەم دەستوورە نەبردرێت. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لەسەر هەردوو گریمانە سیاسەتی خۆمان بنیات بنێین. لە ئەگەری هەمواركردنی دەستووری عێراق لە 2019دا كاریگەری ئەوتۆی دەبێ لەسەر پێكهاتەكان بەگشتی و لەسەر كورد (هەرێمی كوردستان) بەتایبەتی، بێگومان بەشێكی زۆری ئەم كاریگەرییانەش نەرێنی (سلبی) دەبێت، چونكە هەر هەمواركردنێكی دەستووری ببێتە هۆی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمەكان، ئەوە مەبەست لێی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانە و پێگەكەی لاواز دەبێت. بەپێی ماددەی 142 دوو لەسەر سێی دوو پارێزگا ئەتوانن هەمواری دەستووری رەتبكەنەوە، لە دەرەنجام دەستوورەكە هەموار ناكرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەبیانووی جیاواز كار بە ماددەی 142ی دەستووری عێراق نەكرێت، ئەوە رەنگە دەسەڵات و چۆنیەتی جێبەجێ كردنی دەسەڵاتی هەرێمەكان هەمواربكرێتەوە، هەروەها دەستكاری كردنی ماددەی 140ی ناوچە جێناكۆكەكانە (ئەو شوێنانەی لە ژێر دەسەڵاتی هەرێم و حكوومەتی ناوەند)ە و كەمتركردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە لە دەستووردا بەڕێژەی 17% جێگیركراوە. لەبەرامبەر ئەم هەوڵی هەمواركردنەوەی دەستوور و لاوازكردنی پێگەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان، دەبێ هەرێمی كوردستان بەباشترین شێوە خۆی ئامادە بكات و كار لەسەر ئەوە بكات كە لێكەوتەكانی ئەم هەموارە لەسەری كەم ببێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستە رەچاوی هەندێ خاڵی جەوهەری بكات،
لەوانە
1- پێكهێنانی لیژنەیەك كە گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان تێدا بەشدار بن تایبەت بە هەمواركردنی دەستووری عێراق، كار لەسەر ئامادەكردنی رەشنووسێكی تازە بكەن بۆ ئەم هەموارە
2- گۆرینی سیستەمی سیاسی لە سیستەمی فیدڕاڵییەوە بۆ سیستەمی كۆنفیدڕاڵی
3- هەوڵدان بۆ چەسپاندن و سازش نەكردن و نەگۆرینی ماددەی 140ی ناوچە جێناكۆكەكان و دانانی میكانیزمێكی كاریگەرتر بۆ ئەو ناوچانەی كە بەشی زۆری كوردن.










