خەبات: مەریوان نەقشبەندی:-
بەرپرسێكی نووسینگەی رزگاركردنی ئێزیدییە رفێنراوەكان لە لێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات ئاماژە بۆ رێنماییە بەردەوامەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەوڵەكانی رزگاركردنی ئەو ئێزیدیانەی كە لەلایەن داعشەوە ساڵی 2014 رفێنرون و تائێستاش چارەنووسیان دیار نییە گوتی: پرۆسەی بەدیكۆمێنتكردنی جینۆسایدی ئێزیدیەكان و هەوڵی رزگاركردنی ئەو ئێزیدیانەی داعش رفاندوونی هاوتەریب بەردەوام دەبێت.
خەیری بوزانی بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوكات یەكێكە لە بەرپرسە چالاكەكانی نووسینگەی بەدواداچوون و رزگاركردنی ئەو ئێزیدیانەی كە تیرۆریستانی داعش رفاندوونی لە لێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات تیشكی خستە سەر پڕۆسەی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو ئێزیدیانەی كە لە دەستی داعشن و هەوڵی بەجینۆسایدناساندن و بەدیكۆمێنتكردنی تاوەكانی داعش دژی ئێزیدییەكان بەردەوام دەبێت.
لەبارەی شێوازی بەدیكۆمێنتكردنی ئەو تاوانانە خەیری بوزانی گوتی: چەندین كتێب و نامیلكە و لێكۆڵینەوەی زانستی و نامەی ماستەر و دكتۆرا لەسەر چیرۆكەكان و رەهەندە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینییەكانی ئەو تاوانە گەورەیەی ساڵی 2014 هەیە كە بەشێكیمان چاپكردووە و ئەوەش دیكۆمێنتی مێژوویی گرنگ دەبێت و لە ئایندەشدا هەوڵی هاوشێوەمان بەردەوام دەبێت. خەیری بوزانی كۆمەڵێك لەو كتێب و نامیلكە چاپكراوانەی خستەبەردەم رۆژنامەی خەبات و تەئكیدی كردەوە كە شیعر و رۆمان و لێكۆڵینەوەی زانستی گرنگی تێدایە كە دەبێتە سەرچاوەیەكی مێژوویی گرنگ لە پڕۆسەی بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە گەورەیەی دەرهەق بە كوردانی ئێزیدی كراوە.










