خهبات: بەرهەم شێخ عزەدین:-
هونەرمەندی بە ئەزموون و دەنگخۆش بەرهەم حەسەن كە یەكێكە لەو هونەرمەندانەی ساڵانێكی دوورو درێژە لە بواری هونەری گۆرانیگوتن ئەسپی خۆی تاو داوەو خاوەن پێگەیەكی بەهێزەو گوێگرێكی زۆری هەیە، ئەم هونەرمەندە ساڵانێكە لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبات، بەڵام هیچكات لە كۆمەڵگای كوردستان دانەبڕاوەو لەگەڵ ئازارو خۆشیەكانی گەلی كورددا بووەو لەسەرجەم پرسە نیشتیمانییەكان هەڵوێستی هەبووە، ئەمجارەش لەسەر هێرشی تورك بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ئەم هونەرمەندە لەواڵی تایبەتی خۆیەوە پەیامێكی ڤیدۆیی بڵاوكردۆتەوەو چەند پەیڤێكی لەسەر ئەو كارەساتە دەربڕی و گوتی:
كارەساتێكی گەورە بەسەر میللەتەكەمدا هاتووە
هونەرمەند بەرهەم حەسەن گوتی : هاوڕێیان سڵاو خۆم زۆر بە دڵگران دەزانم كەوا كارەساتێكی گەورە بەسەر میللەتەكەمدا هاتووە، بە تایبەت پارچەیەك لە دڵە گەورەكەی كوردستان ڕۆژئاوا، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دڕندانەی ئەو دوژمنە سەر سەختە ئەكەم كە كەوتۆتە وێزەی گیانی ژن و منداڵ و پیرو خەڵكی بێتاوانی خەڵكی ڕۆژئاوا، بە توندی ئیدانەی دەكەم و بەرەنگاری دەوەستمەوە.
شەرمە بۆ وڵاتانی زلهێزی جیهان
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەو هونەرمەندە دەڵێت: بە ڕاستی شەرمە بۆ وڵاتانی زلهێزی جیهان هەركات میللەتی كورد توشی ناخۆشی و تەنگانە بوو ئەوان پشتی تێدەكەن، لەگەڵ ئەوەی ئێمەی كورد هەمیشە لەگەڵ هەموو ئەو دەوڵەتانە هاوكارو دەست لەسەر سنگ بووین بۆیان.
بایكۆتی گۆرانی و
فیلمی توركی بكەن
پاشان بەرهەم حەسەن ڕوویكردە میللەتی كوردو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بە تایبەتی تیڤییەكان و گوتی:
تكایە داواتان لێدەكەم درامای توركی و بیانی لە ئێستاوە ڕابگرن، ئەو پارانەی كەوا ئەیدەن بە درامای توركی بیدەن بە ئەكتەرو دەرهێنەرانی كورد ئەوا ئێمەش خاوەنی كلتورو فەرهەنگ و هونەری خۆمان دەبین، بە ڕاستی زۆر حەیفە كورد هەتا ئێستا بێ خاوەنە، هەتا ئێستا سەفیرو بەرپرسانی تورك لە كوردستانەوە لە كەناڵە كالنی خۆمانەوە كورد بە تیرۆریست ناو دەبەن، بۆیە لێرەوە دووبارە داواكارم بایكۆتی گۆرانی و فیلم و كەلو پەلی توركی بكەن چونكە دەركەوت تورك دوژمنی سەر سەختی كوردە.
رۆژئاوا ئێمە لەگەڵتاین
لە دوماهیدا ئەو هونەرمەندە گوتی:
هەر لەگەڵ ئەو ئازارە بە سۆییە هەر چۆنێك بێت توانیم ئەمە چەند دێڕە هۆنراوەیە پێشكەش بە گەلەكەم بكەم ، ئەو گەلەی كە هەمیشە زامەكانی ساڕێژ نابێ هیوادارم ئەم گەلە خێر لەخۆ نەدیوە بە زوویی سەر بكەوێت و زامەكانی ساڕێژ ببێت. بەرەو دەوڵەت و سەربەخۆیی و سەركەوتن و پێشكەوتنی یەكجاری بڕۆین، ئەم لاواندنەوەیەش لەژێر ناوی ڕۆژ ئاوا ئێمە لەگەڵتاین پێشكەشە .
بەشێك لە هۆنراوەكەی هونەرمەند بەرهەم حەسەن كە بە لاواندنەوە پێشكەشی كرد:
دیسان بەختەكەی كوردە لارییە
خوایە هەتا كەی ئەو غـەدارییە
ئێستا رۆژ ئاوام لێهاتۆتە ژان
خوێنم ئەڕێژن دوژمنی كوردان
دەمێ مەجووسی و دەمێ پێ پەتی
هەموو ساڵێكمان كۆچ و مەینەتی
دەمێ سەر سەخت و دەمێ عەباسی
كوردە تۆ یەكنیت بۆیە كەساسی
ئاگرێك نەماوە تۆی تیا نەسووتێی
رووبارێك نەماوە تۆی تیا نەخنكێی
بەردێك نەماوە خوێنتی لێنەپرژێ
گردێك نەماوە كوردی لێنەنێژرێ.
سهرهتا هزرو هونهر بەرهەم حەسەن: شەرمە بۆ وڵاتانی زلهێزی جیهان هەركات میللەتی كورد تووشی ناخۆشی...










