خهبات: رەمزی میرەكانی:-
لاوتارۆ مارتینێز، هێرشبەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، تووڕەیی خۆی لەو دۆڕانە دەربڕی، كە یانەكەی لەسەر دەستی بوروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، شەوی سێ شەمەی رابردوو تووشی هات. ئینتەر نەیتوانی بەرگری لە پێشكەوتنی بە دوو گۆڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بكات، دوای ئەوەی دۆرتمۆند توانی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەكە بباتەوە، كە لە گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بوو. دوای تەواو بوونی یارییەكە، لاوتارۆ، لێدوانی بۆتۆڕی سكای سپۆرتی ئیتاڵی دا و وتی:”لە گێمی یەكەمدا زۆر باش دەركەوتین، بەڵام لە گێمی دووەمدا، شتەكە گۆڕا”.
هەروەها وتی:” لەوانەیە لە رووی زەینەوە باش نەبووبین، چونكە دوای پشووی نێوان دوو گێمەكە،بە تەواوی گۆڕاین، ئێمە پێویستمان بە گەشەكردن و نەشونما كردنە، بۆ ئەوەی بتوانین بە ئاستێكی بەرز دەركەوین”. وتیشی:”كێشەكە جەستەیی نەبوو، بەڵكو كێشەی زەینمان هەبوو، بەڵام هێشتا هیوابڕاو نەبووین و دەتوانین بۆ قۆناغی داهاتوو سەركەوین”. بەو ئەنجامەش بوروسیا دۆرتمۆند بە كۆكردنەوەی 7 خاڵ، بۆ پلەی دووەمی كۆمەڵەی شەشەم سەركەوت، ئینتەرمیلان بە 4 خاڵ، بۆ پلەی سێیەم دابەزی و بەرشلۆنەش هەر لە پلەی یەكەم مایەوە.










