ڕاپۆرت: سەید فاتیح بەرزنجی
لەماوەی ئەو چەند ساڵانەی دواییدا بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر ژمارەیەك پارك و باخچەی لە نێو گەڕەكەكانی شاری هەولێر دروستكرد، جگە لەوەش هەوڵیدا هەموو ناوەندە شەقامەكانیش سەوزو جوان بكات، ئەندازیار عەبدولواحێد ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر دەڵێت: هەموو كاتێك هەوڵەكانمان لە پێناو زیاد كردنی ڕێژەی سەوزایی بووە ئەویش بە هەوڵ و كۆشش و ماندووبوونی ئەندازیاران و كارمەندە دڵسۆزەكانی ئەندازەی پاركەكان بووەو هەوڵیشمانداوە هەموو ناوەندە شەقامەكان سەوز بكەین و ساڵانەش چەندین هەڵمەتی نەمام چاندن و گوڵ چاندن ئەنجام دەدەین تا سیمای پایتەخت ڕازاوەتر بێت.
هەڵمەتێك بۆ چاندنی 30 هەزار نەمام
هەر شەقامێكی تازە دروست بكرێت تیمەكانی ئەندازەی پاركەكان هەوڵی چاندنی نەمامی بۆ دەدەن، دەربارەی دوایین هەڵمەتی نەمام چاندن لەشەقامی هەولێر ژ مەخمور ئەندازیار عەبدولواحێد ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر گوتی: ساڵانە چەندین هەڵمەتی نەمام چاندن لە شوێنە جیاجیاكانی هەولێر ئەنجام دەدەین وەك هەڵمەتی نەمام چاندن لە شەقامی هەولێر-مەخمور كە ماوەیەكی زۆربوو ئەو شەقامە پێویستی بە چاندنی نەمام و سەوزكردن هەبوو، ئەوەبوو بەهەوڵ و كۆششی ئەندازەی پاركەكان توانرا شەقامی مەخمور بەچاندنی نەمام جوان بكەین ئەو شەقامە ماوەیەك بوو لە سەوزایی بێبەش كرابوو ئێمە هەوڵماندالە شەقامەكە 30 هەزار نەمام بچێنین ئەویش بە پاڵپشتی و هاو ئاهەنگی وەزارەتی شارەوانی و چەند شارەوانیەكی ناو گەڕەكەكان و لە پلان و بەرنامەشدایە ژمارەیەك پارك و باخچە لە هەولێر دروست بكەین بەبێ جیاوازی وهەڵمەتی ئەمجارە لەشەقامی 100 مەتری دارو نەمام چاندراوە تا گەڕەكی مامزاوە جگە لەوەش هەوڵمانداوە ناوەندە شەقامەكانیش سەوزبكەین ئەگەرچی ئەو شوێنە ناوچەی پیشەسازی باشوورەو هاووڵاتیان بەردەوام گلەیی لە پیسبوونی ژینگەی ئەو شوێنە دەكەن بەهۆی هەبوونی دەیان كارگەی جۆراوجۆرو زۆرجار ژینگەی ئەو ناوچەیە تەپ و تۆزاویەو چاندنی نەمام و دروستكردنی پارك و باخچە بۆ ئەو ناوچەیە زۆر گرنگە، بۆیە ئێمە بەدرێژایی 5 كیلۆ مەتر لەناوەندە شەقامەكە نەمام چاندران ئەگەرچی لەكاتی نەمام چاندن چەندین كێشەو كەموكوڕی هاتە بەردەمی كارەكانمان، بەڵام هەوڵماندا هەموو كێشەكان چارەسەر بكەین و داری تەسبیح و سنەوبەرو ئەدۆنیا لەلایەن كارمەندانەوە بەجوانی خزمەت دەكرێت و ئاودانی بەردەوامی بۆ دەكەن و ئەو دارونەمامانەش بەرهەمی نەمامگەكانی خۆمانە.
هەڵمەتی دیكەی نەمام چاندن لەبەرنامەدایە
دواتر ئەندازیار عەبدولواحێد ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر دەربارەی هەڵمەتی دیكەی نەمام چاندن ڕوونیكردەوە: بۆ زیاتر گرنگیدان بەو دارو درەختانە لەو شەقامە سیستەمی ئاودێری دڵۆپاندن دانراوە تا نەمامەكان نەفەوتێت و پێشتریش چەندین نەمامی جۆراو جۆرمان لەشەقامەكان چاندووە ئەگەر هاتوو نەمامێك فەوتا ئەوا هەوڵ دەدەین نەمامێكی دیكەی لەشوێنی دابنێن دیارە ئەو هەڵمەتە درێژەی هەیە هەوڵ هەیە هەڵمەتی دیكەی نەمام چاندن ئەنجام بدەین و لەچوارچێوەی بەرنامەو پلانی چوارساڵەی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاروایە بایەخێكی تەواو بەپارك و باخچەكان بدرێت بۆ ئەو مەبەستەش خودی وەزیری شارەوانی پاڵپشتی تەواو لەكارەكانمان بكرێت لەهەگبەدایەو كۆمەڵێك پڕۆژە هەن ئومێدەوارین بە زوویی جێبەجێ بكرێت گەڕەكە تازەكانیش فەرامۆش ناكرێت و داواش لە هاووڵاتیان دەكەین كە پارێزگاری لە دارو درەخت بكەن تا ژینگەیەكی پاك و خاوێنیان هەبێت و پێویستە هاووڵاتیان نەمام لەبەردەمی ماڵەكانیان بچێنن تا ڕێژەی سەوزایی زیاتربێت لەكۆتاییدا سوپاسی سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەكەین كە پاڵپشتیمان لێ دەكات وزۆرجار هاوكاری كردووین بە دابینكردنی پێداویستی بۆ پارك و باخچەكان و هەڵمەتەكانی نەمام چاندن درێژەی هەیە.










