سەربەست بامەڕنی
بە هەڵەدا چووە ئەوەی وا گومان ببات، گەلی كوردستان، تاكە دۆڕاوی ئاكامی بڕیارە دەستخەڕۆییەكەی سەرۆكی ئەمریكا، بە كشانەوە لە رۆژئاوای كوردستان و رادەستكردنی بەسەرۆكی توركیا ئەردۆغان دەبێت، ئەوانەی لە ئاكامی ئەو بڕیارە سەرەڕۆییە دەدۆڕێن، هەموو جیهانی شارستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر دەبێت، چونكە ئەو بڕیارە دووبارە دەرگە بۆ گەڕانەوەی تیرۆری جیهانی دەكاتەوە، بۆ ئەوەی هەناسەی بێتەوە بەر و دووبارە هەژموون بەسەر ناوچەكەدا بكات و خۆكوژەكانی بۆ ئەوروپا بنێرێت، زێدەباری ئەوەی گەورەترین دۆڕاو، خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، كە بەو بڕیارەی، دوایین كارتی راستگۆیی و شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لەدەست دەدات، لەمەودوا كەس نامێنێت، باوەڕ بەخۆی و وتەكانی لەبارەی دیموكراسییەت و مافەكانی مرۆڤدا بكات. دۆڕاوێكی دیكە، گەلی توركیایە، كە بە دەست نەگبەتی ئەردۆغان، گیری خواردووە، چونكە دەیەوێت گەلەكەی بخاتە نێو زەڵكاوی جەنگێكی بێ كۆتایی لەدژی گەلی كوردستان، وەكو خۆدزینەوەیەك لە كێشەكانی ناوخۆ، كە هەڕەشە لە دەسەڵاتە رەهاكانی دەكات، هەروەها بۆ بەدیهێنانی خەونی رەگەزپەرستی و ئەندێشەی نەخۆشی، بە قڕكردنی گەلی كوردستان و گۆڕینی ژینواری نەتەوەیی لە رۆژئاوای كوردستاندا، ئەویش بە جێگیركردنی نزیكەی سێ ملیۆن پەنابەری سووری و پەلهاویشتن لەو ناوچەیە، بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتداریەتی عوسمانی و دەوردانی ئەزموونی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، وەكو رێگە خۆشكردنێك بۆ لەناوبردنی، چونكە ئەو پیاوە نایشارێتەوە، دوژمنی كوردە لە هەر شوێنێك هەبێت، ئەوە لەكاتێك دایە، كە گەلانی توركیا، بە دەست دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی ئەردۆغان و لەناوبردنی نەیارەكانی بە دڵڕەقی، دەناڵێنن، كە خەریكە وا لە وڵاتەكەی دەكات زیاتر لە نێو لمی بزۆكی كارەساتی داهاتووی ئابووری رۆ بچنە خوارەوە.
بە دڵنیایییەوە گەلی كوردستان، كە لە رێككەوتنی بەدناوی سایكس پیكۆوە دەزانێت، بووەتە پڕۆژەی كوشتن و قڕكردن لەلایەن داگیركەرانی وڵاتەكەیەوە، ئەو گەلەی لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان، هەزارەها قوربانی و شەهیدی دا و جیهانی لە شەڕی تیرۆر رزگار كرد، بە نینۆك و ددانەكانی شەڕ دەكات و بەرگریی لە بوونی خۆی و نیشتمانەكەی دەكات، هیچ بەدوور نازانرێت، كوردستان ببێتە ڤێتنامی دووەم، بۆ هێزە داگیركەرەكان. لە دەیەكانی كۆتاییدا، زۆر شت گۆڕاون و گەلی كوردستان چیتر بە تەنیایی لە گۆڕەپانەكەدا نەماوەتەوە، ئەگەر ئەو توانایەشی نەبێت بەڕووی هەرچی و پەرچی و رەگەپەرستان بوەستێت، نرخی هەر هێرشێكی رەگەپەرستی بۆ سەری گران دەبێت، چونكە پێش هەموو شتێك، هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە دەكات و هەموو هەوڵێكی نێودەوڵەتی و نەتەوەیی، بۆ چارەكردنی كێشەكان لە بار دەبات.
جێگەی داخە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، سەرۆكێكی وەكو ترامپ، ئەو بازرگانە چاوچنۆكەی هەبێت، كە هیچ لە بارەی مێژوو نازانێت و پێی وایە، مەسەلەی نیشتمانی چل ملیۆن هاووڵاتی كوردستان، تەنیا كوشتاری نێوان هۆزەكانی كورد و توركە، ئەو پیاوە، كە بە شێتی خۆ بە زلزانین، هەڵوێستی دژبەیەكی ناهاوسەنگ و فرۆشتنی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا ناسراوە و هیچ بە سامان و داهاتەكان تێر نابێت، تۆمەتی منداڵكارانە دەداتە پاڵ خەباتگێڕانی كورد لەدژی تیرۆر، بەوەی لە دەستەوارەیەكی بێ وێنەدا، چەك و پارەی پێداون، لە جیاتی ئەوەی ستایشی رۆڵی پاڵەوانانە و سەرەكییان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جیهانیدا بكات. هەڵوێستەكانی سەرۆكی ئەمریكا، وای لە ئەمریكا كردووە، ببێتە پڵنگی سەر كاغەز، هەرچەندە چڕنووكی ئەتۆمیشی هەیە.(ماڵ خاوەنێكی هەیە بیپارێزێت) كوردستانیش، گەلێكی بە ئەزموونی خەباتكردنە لەدژی هەڵمەتەكانی قڕكردنی هاردا هەیە كە بیپارێزێت، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەك دایە شتەكان بۆ جەنگێكی گشتیی پەرە نەستێنن، چونكە جەنگ لەدژی گەلی كوردستان، چیتر گەشتكردن نییە.









