شەهاب سەید نوری
بەم دواییانە پێشڤەچوونێكی سیاسی و نیازپاكی و لێك تێگەیشتن لە نێوان هەوڵێر و بەغدا دروست بوو، تا ئەو ڕادەیەی كە سەردانی شاندەكانی هەرێم بۆ عێراق و عێراق بۆ هەرێم و تاوتۆكردنی كێشەكان ئاماژەیەكی باش بوون بۆ نزیك بوونەوەی هەردوو لا بە مەبەستی چارەسەر كردنی كێشەكان، بەتایبەت سەردانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەڕلەمان و وەزیرانی دارایی و نەوت بۆ كوردستان و داڕشتن و گەڵاڵەكردنی ڕێككەوتنێك لە نێوانی هەردوو لا و گەڕانەوە بۆ دەستور و ناردنی بودجە بۆ هەرێم بە بێ مەرجی پێش وەختە، هەموو ئەمانە ئاماژی باش بوون و نیەت و نیازی باش بوون بە ئاراستەی چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
هەروەها لەلایەكی دیكەشەوە حزبە كوردستانییەكان لە چەند ڕۆژی ڕابورد لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراواندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانییان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ڕاگەیاند و عەبدولرەحمان مستەفایان وەك سەرۆكی لیست دیاری كرا.
وێدەچێ كە ئەم پێشڤەچوونانە لە نێوان هەولێر و بەغدا و نزیك بوونی كێشەكان لە چارەسەری بوونەتە مایەی نیگەرانی بۆ لایەنە شۆڤینییەكان و ئەو ئەجیندانەی كە لە پشت خۆپێشاندانەكانن، ئەو لایەنانەی كە ناسەقامگیری عێراق لە بەرژەوەندی ئەواندایە و دەبێتە مایەی بڵاوەبوون و زیادبوونی هەژموونی ئەوان لە عێراق و دەڤەرەكەدا.
شاراوەنییە كە ناسەقامگیری و لاواز بوونی حكوومەتی بەغدا لەبەرژەوەندی كەسدا نییە (بێجگە لە ئەجندای دەرەكی دژ بە عێراق)، خواست و داواكارییەكانی خۆپێشاندەران لە چاكسازی و بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و فەراهەم كردنی هەلی كار بۆ گەنجان و پەرەپێدانی كەرتی تەندروستی و پیشەسازی و بازرگانی و پاراستنی سەروەری و سەربەخۆی عێراق دوور لە هەژموون و ژێر دەستی وڵاتانی دەوروبەر و…هتد، هەموو ئەم خواست و داواكارییانە، خواستی كەڵەكەبووی چەندین ساڵی ڕابردووە بەر لە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی كە پشتگوێ خرابوون، بۆیە پێویستە بەشێوەیەكی جیدی و بەپەلە بیر لە چۆنیەتی جێبەجێ كردنی خواستی خۆپێشاندەران و چارەسەركردنی كێشە ناوخوییەكان بكرێ.
چارەسەر كێشەكان و پاراستنی سەروەری عێراق و پتەوبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، درز و كەلێنەكانی نێوانیان بنبڕدەكات، ئەو كات وڵاتانی دەوروبەر و ولایەنە نەیارەكانی عێراق توانا ئەوەیان نابێت بخزێنە نێو ناوەندی بڕیاری سیاسی عێراق و ئەجندای سیاسی ئەقلیمی خۆیان بەسەر عێراق و دەڤەرەكەدا بسەپێنن.
كەواتە خواست و بەرژەوەندی ئەجندای ئەقلیمی لەوەدایە كە دەسەڵات و حكوومەتی عێراق لاواز و لێك ترازاوبێت هەروەها پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵۆز و ناسەقامگیربێت، هەر بۆیە لەودیوی سنوورەوە بە بەرنامە و لە ژێر ناوی ناونیشانی خزمەتگوزاری و بێ كاری و گەندەڵی و چەند دروشمێكی دیكە، خەڵكیان ئاراستە كردووە بە تێكدانی ئارامی و هەوڵدان لەپێناو پەكخستنی حكوومەتی عێراق و پەكخستن و لەبار بردنی ئەو هەوڵەی ئێستا لە ئارادایە لەپێناو گەڕانەوە بۆ دەستوور و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. بۆیە پێویستە كورد لە ئامادەباشیدابێت بۆ هەموو ئامانج و ئەنجامێكی ئەم دۆخەنالەبارە.










