دانا جەواد
گەلی كوردستان چەندین سەدەیە دژی جەور و ستەمی دوژمن بە گشتی شۆڕشی بەرپاكردووە، بە تایبەتیش باشووری كوردستان چەندین شۆڕشی یەك لەدوای یەكی بەرپاكردووە لە دژی ڕژێمە ڕەگەزپەرستەكانی عێراق، هەر لە سەردەمی پادشایەتییەوە تا دەگاتە بەناو عەلمانییەكانی ئەمڕۆ كە حوكمداری بەغدا دەكەن.
شۆڕشی مەزنی ئەیلول لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی ڕابردوو بە سەركردایەتی بارزانیی نەمر و بە بەشداری هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان، لە دژی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو هەڵگیرسا، كە توانی چەندین دەستكەوتی گەورە بۆ كوردستان مسۆگەر بكات كە دیارترینیان وەرگرتنی مافی چارەی خۆ نووسین ئۆتۆنۆمی یان خۆبەڕێوەبەری بوو، كورد توانی ببێتە خاوەنی ناسنامە و خاكی خۆی كە چەندین سەدەیە داگیركراوە، مێژووش پێمان دەڵێت ئەو شۆڕشانەش بەردەوامییان دەبێت تا ئەوكاتەی كە كوردستان بە تەواوی سەربەخۆ دەبێت و لە بندەستی داگیركاران ڕزگاری دەبێت.
لێرەدا دەمەوێ هەڵوەستەیەك بكەم لەسەر ئەو ڕیفراندۆمەی كە لە ئەیلولی2017 دوای سەدەیەك لە ڕێككەوتنامەی سایكس-پیكۆ، بەسەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانی ئەنجامدرا كە هیچی لە شۆڕشێكی سەرتاسەری كەمتر نەبوو، ئەوكات كوردستانیان بەتێكڕایی بە پیر و گەنج، ژن و پیاو، كورد، توركمان، ئاسوری، كلدانی، سریانی، ئەرمەنی و ئێزدی تێكڕا بەرەو سندووقەكانی دەنگدان ڕۆیشتن و مێژوویەكی گەورەیان تۆمار كرد كاتێك بە ڕێژەی92.3% دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
بەمەش شۆڕشی سپی كە سندوقی دەنگدان بوو ئەنجامدرا كە تێكڕای خەڵكی كوردستان دەنگیان هەڵبڕی و گوتیان نا بۆ بندەستی، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی.
جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی وەك درێژەدان بە شۆڕشەكانی نیوسەدەی ڕابردوو كە لە زۆربەیاندا بەشدارییەكی كارای هەبووە، توانی ئیرادەی كوردستانیان بۆ هەموو گەلانی دونیا بسەلمێنێت كە كوردستانیان داوای دەوڵەتێكی سەربەخۆ دەكەن و نایانەوێ چیتر لە بندەستی عێراقی تایەفەگەری بژین.
ئەم دەرفەتەش لە تەواوی مێژووی كوردستان لە دوای كۆماری كوردستان لە مهاباد و شۆڕشە چەكدارییەكان بە یەكەمین دەرفەتی دیمۆكراسی و شارستانی دادەنرێت كە زۆرینەی گەلانی دونیا بەم ڕێگایە سەربەخۆییان فەراهەم كردووە، ڕەنگە بپرسین ئایا دوای ڕیفراندۆم بۆچی نەبووینە خاوەن دەوڵەت؟ لێرەدا گەلێك هۆكار هەن كە بوونە ڕێگر لەبەردەم ئەم پڕۆسەیە كە هۆكاری سەربازی و سیاسی بوون بە تایبەت خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە نەك هەر بووە ڕێگر لەبەردەم تەواوكردنی پڕۆسەكە، بەڵكو خەونی كوردی بۆ ماوەیەكی نادیار دواخست كە خواستی كوردستانیان سەربەخۆیی و دەوڵەتە، بەڵام من گەشبینم و پێموایە ئەنجامی ڕیفراندۆم وەكو دراوی سپی وایە بۆ ڕۆژی ڕەش بە كەڵكمان دێت! هەروەك جەنابی سەرۆك بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكی بۆ ڕای گشتیی كوردستان و عێراق و جیهان فەرمووی ” ئەو دەنگە زوڵالە بەرزەی كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان خستتانە ڕوو و گەیاندتانە گشت گەلان و وڵاتانی جیهان ڕۆژێك لە ڕۆژان بەفیڕۆ ناچێت و بە فیڕۆیشی نادەین”.
تا ئەو سەرۆكە بەهێز و خاوەن ئیرادە مەزنە هەبێت ئومێدی سەربەخۆیی لە ناخی هەر تاكێكی كورد بە زیندوویی دەمێنێتەوە، لەم بۆنەیەدا سڵاو و دروود بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدانی ڕێگای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستان دەنێرین، هەروەها سوپاسی قارەمانیەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان و ڕیفراندۆمچییەكان دەكەین.










