یەحیا فایەق جاف
لە سایەی سیاسەتی حەكیمانەو كوردپەروەرانەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، ڕێبەری نەتەوەییمان، ئەمڕۆ گەلەكەمان خاوەن تاپۆی سەربەخۆیی كوردستانە، ئەو تاپۆیەی كە بە هەرچی هێزی ئەم دونیایە هەیە ناتوانرێت نە بسڕێتەوە نە هەڵبوەشێندرێتەوە، چونكە سەرچاوەی ڕەوایەت و هەقیانەتی تاپۆیەكە و موڵكییەتی هەمیشەیی بەناوی گەلی كوردستانەوەیەو هەر گەلەكەشمان دەتوانێت بڕیاری یەكەم و كۆتایی لەسەر ئەم تاپۆیە بدات.
بەداخەوە زۆرێك لە ژێر جۆرەها ناو و مەترسی و بیانووی لاوەكی و ناواقیعیدا، ئەوكات دژایەتی ڕیفراندۆم و سەرۆك و ڕێبەرمان جەنابی كاك “مسعود بارزانی”یان كرد، لە ئێستەدا بەشێكیان لەو دژایەتیكردنەیان پەشیمان بوونەتەوە و هەستیان بە هەڵەكانی خۆیان كردووە، ڕۆژێك دادێت ئەو بەشەكەی دیكەشیان دەگەنە ئەو بڕوایەی، كە چەند هەڵە بوونە و پەشیمان دەبنەوە، بێگومان لە نێو ئەو بەشە هەندێك وەدەرن لە باشبوون، چونكە ئەو هەندە كاریان بووەتە دژایەتیكردنی هەموو هەنگاوێكی نیشتمانیانەی پارتی و هەرێمی كوردستان، ئەم هەندە باشبوونیان زەحمەت و ئەستەمە.
ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، مافی هەموو تاكێكی كوردستان بوو، ئەم مافە لە یاسا نێودەوڵەتییەكانیشدا بە ئاشكرا دەستەبەركراوە، وەكو هەموو ئەو گەلانەی، كە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆن و بەو مافە گەیشتوون، ئێمەش ئەو مافەمان هەیە، هیچ وڵات و گەلێك لە خۆمان بە شایستەتر نازانین، ئەوانەی گەیشتوونەتە ئەم مافە، هیچیان لە میللەتی ئێمە زیاتر نییە، چۆن ئەوان ئەو مافەیان بەدەستهێناوە و پێی گەیشتوون و ئەمڕۆ خاوەن دەوڵەت و ئاڵا و خاكی خۆیانن، ئێمەش بە دەستی دێنین، دەبینە خاوەن ئەو مافانە، ئەمەی ئێمە تەنها پەیوەستە بە دۆخی ناوچەكە و كاتەوە و زیاتر نا.
شۆڕشەكانی گەلەكەمان و لە ئێستەشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە سەرۆكایەتی خوالێخۆشبوو جەنەڕاڵ و ڕێبەری كوردایەتی مەلا مستەفای بارزانی، هەموو ڕێگاكانی ئاشتیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق تاقیكردەوە، بەداخەوە بە هۆی نەبوونی ئیرادەیەكی ڕاستەقینە لای حكوومەتی عێراقی ئەوسا و ئێستەش، دوای هەر گفتوگۆیەك دەگەڕێینەوە سەر خاڵی سەرەتا!
دەسەڵاتدارانی عێراق هەمیشە خۆیان بە خاوەن ماڵ و هەموو مافێك زانیووە، چی خۆیان ویستووبێتیان هەق و ڕەوا بووە، ئەوەی ئێمەش ویستبێتمان جێگای بایەخی ئەوان نەبووە!! لە ڕاستیدا زۆربەی هەرە زۆری حزبە سیاسییەكانی ئێستەی عێراق بە چاوی هاووڵاتی پلە دوو تەماشای ئێمەی كوردستانییان دەكەن، بگرە لای هەندێكیان ئێمە جوداخوازین و داواكارن حكوومەتی عێراق بە زەبری هێز ڕووبەڕوومان ببێتەوە! لە دیدی بەشێك لەوانە، ئێمە هەقی ئەوەمان نییە داواكانمان هاوشانی داواكانی ئەوان بێت!.
بۆیە من وای دەبینم جیابوونەوە لە عێراق هەر ڕوودەدات، جا ئێمە ئەو ڕۆژە دەیبینین یاخود نا، ئەمەیان پەیوەستە بەو كاتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە كە لەسەرەوە باسم كرد، بەڵام ئەگەر عێراق وەكو ئەمڕۆ بەڕێوەببردرێت و هەر ڕۆژە و حەشدی شیعەكان داواكارییەكی زەبەلاحی خۆبەڕێوەبردن و دەوڵەتبوونی سەر بە خۆیان هەبێت و بە ڕوون و ڕەوان قسەی لەسەر بكەن، هاوشێوەی دوا داواكارییان بە دامەزراندنی هێزی ئاسمانی سەر بە خۆیان!، بە دڵنیاییەوە زۆر ناخایەنێت، پووكانەوەی دەوڵەتی ئێستەی عێراق دەبینین و جیابوونەوە ڕوودەدات!. چونكە ئەوكات دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی نامێنێت بە ناوی عێراقەوە!.










