وەیسی سەعید وەیسی
بەر لە دوو ساڵ بۆیەكەم جار لە مێژوودا خەڵكی كوردستان بەجۆش و خرۆشەوە لە 25/9/2017 بەرەو سندوقی دەنگدان چوون و بە بەڵێ بڕیار لە ئاییندە و چارەنووسی خۆیان دا و سەلماندیان كە خەڵكی كوردستانیش وەكو هەموو گەلانی دونیا حەقی خۆیەتی گوزارشت لەرای خۆی بكات.
چونكە سەربەخۆیی و دەوڵەت بوون شتێكی تازە و ناموو نییە، بەڵكۆ هیوا و ئاواتی گەلی كوردستانە بەدرێژایی مێژوو و سەدەیەك بەرلە ئێستا شێخ عەبدولسەلام بارزانی بۆ ئەم مەبەستە تێكۆشاوە. هەڵبەت پرسی سەربەخۆیی مافێكی دەستووری و یاسایی و شەرعییە، لە هەمان كاتیشدا ئامانج و ستراتیژیەتی سەرجەم شۆرش و راپەرینەكانی گەلی كوردستان بووە، كە لەم پێناوەدا قوربانییەكی زۆرمان داوە كە پرسەكە گشتگیر و هەمەلایەنەیە و پەیوەستە بە ژیان و ئاییندەی هەموو تاكێكی كوردستان، تا بە هۆیەوە دەبین بە خاوەن دەوڵەت و كیان، بۆیەش سەرۆك مسعود بارزانی لەگەڵ لایەنەسیاسییەكاندا بڕیاری ئەنجام دانی ریفراندۆمی دا كە سوپاس بۆ خوای گەورە لەم بەروارەدا گەلی كوردستان دەسكەوتێكی دیكەی مێژووییان تۆماركرد لە خەباتی گەلەكەمان، كە نزیك بە 93% بە بەڵێ دەنگی دا. لە پەراوێزی ئەم راستییەدا دەركەوت لە 25ی ئەیلوولدا كوردستانیان بریارێكی راست و مێژووییان دا، بە دەنگی خۆیان بە جیهانیان راگەیاند كە كوردستانێكی سەربەخۆیان دەوێت، كە ئەمەش گەورەترین رووداوی مێژوویی بوو لە دوای دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، كە سەرۆك مسعود بارزانی و چەند لایەنێك رۆڵیان هەبوو لە سەرخستنیدا، كە بۆ هەتاهەتایە بووە سەنەدێكی نەتەوەیی و دیكۆمێنێتكی شەرعی، چونكە گەر ئەم دەرفەتەمان لە دەست دابا زۆر ئەستەم بوو جارێكی تر ریفراندۆمێكی لەم شێوەیە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام درابا، بەڵام ناحەزانی دۆزی رەوای گەلەكەمان ئەمەشیان بە ڕەوا نەزانی، بۆیەش هەموو هەوڵێكیان بەگەرخست بۆ رێگری كردن لە ئەنجامەكانی ریفڕاندۆم، بەڵام لەمەشیاندا ئەوان سەرنەكەوتن، چونكە ریفرادۆم دەنگی سێ ملیۆن هاووڵاتی بوو نەك بڕیارێكی سیاسی تا وا بەئاسانی هەڵبوەشێتەوە، بەدڵنیاییەوە گەر خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەررووی نەدابا، ئەوا هیچ بڕیار و سزایێكی سیاسی و سەربازی و ئابووری كاریگەریی نەگەتیڤی لەسەر خەڵكی كوردستان دروست نەدەكرد، چونكە لە رابردوودا پیلانی گەورەتر و دۆخی سەختترمان بینیوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی سەدەیەكە بەخوێن و خەبات و قوربانی بەدیهاتبوو بەچەند كاتژمێرێك هەمووی تەسلیم بە داگیركەران كرا، جگە لەوەی 16ی ئۆكتۆبەر رۆژێكی رەش و شووم بوو، لەهەمان كاتدا خیانەتێكی بێ وێنەش بوو لەخوێنی شەهیدان و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان كرا، كە هەموو ئەو نەهامەتییانەی بەسەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكاندا هات دەرەنجامی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، چونكە دەركەوت كە گەلی كوردستان لەسەر ریفراندۆم سزا نادرێت و مووچە و بودجەی نابردرێت، بەڵكو لەسەر كوردبوونە، لەیادمانە لە سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی2014 بوو كە مووچە و بودجەی كوردستان لە بەغدا بردرا، كە ئەوكات ریفراندۆمیش نەكرابوو، ئەوەی لە دوای ریفراندۆمیش هاتە ئاراوە بەهۆی پیلانی تاقمێك بوو كە تەنها رەچاوی بەرژەوەندیی خۆیان و گیرفانیان كرد، بۆیەش كاتی هاتووە لە ساڵیادی ئەنجامدانی ریفراندۆم بەخێرایی هەڵوەستە لەهەمبەر چەند خالێكدا بكەین.
1- تامەزرۆیی گەلی كوردستان بەدیاركەوت بۆ سەربەخۆیی كە زۆرینەی كوردستانیان بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان كرد بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی تركە لە كوردستان بەرێوەچوون.
2- كۆسپەكانی بەردەم پرۆسەی سەربەخۆیی كاتین و هیچ هێز و لایەنێك ناتوانێ خواستی كوردستانیان بۆ سەربەخۆیی لەگۆربنێت.
3- ئەنجامدانی ریفراندۆم سەركێشی و شكست نەبوو، بەڵكو خواستی زۆرینەی كوردستانیان بوو كە دەركەوت چیان دەوێت، بەڵام خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر سەركێشی و شكستی عەسكەری بوو.
4- هیچ هێز و لایەنێك ناتوانێ كاربكات لەسەر رووخاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان، راستە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كوردستان دووچاری رەوشێكی نەخوازراو بوو، بەڵام ئیرادەی كوردستانیان بەهێزتر بوو بۆ بەرگری لەكوردستان، بۆیەش هیچ كات گرەو لەسەر شكاندنی ناكرێت كە داستانەكانی پردێ و سحێڵا و محمودیە وتلسقۆف مێژوویێكی تری بەرگری و خۆنەچەماندنی دروست كردووە و هەرەسی بەپیلانی لەناوبردنی قەوارەی سیاسی كوردستان هێنا كە چۆن پێشمەرگەكانی كوردستان بەهەمان ئیرادەی دژی داعش وەڵامی داگیركارانی كوردستانیان دایەوە.
5- ئەنجام دەرانی خیانەتە رەشەكەی 16ی ئۆكتۆبەر دەبێت باجی خیانەتەكەیان بدەن، هەرچەندە لەماوەی رابردووشدا هەستمان بە باجەكە كردووە، بەڵام هێشتا باجی زیاتر ماوە كە نەك هەر ئەمە بەسە، بەڵكو خوای گەورەش ئینتیقام لە ئەنجامدەرانی وەردەگرێت كە غەدریان لە گەلی كوردستان كرد.
6- گرنگە خەڵكی كوردستان بە گەشبینییەوە سەیری ئایندەی كوردستان بكەن كە رۆژێك دادێت بەرهەم و هەوێنی ریفراندۆم دەبینین كە سەرۆك مسعود بارزانی لەپەیامەكەیدا جوانی فەرموودەنگە زوڵال و بەرزەكەی گەلی كوردستان بۆسەربەخۆیی بەفیرۆ ناچێت، رۆژێك دێت بەرهەمی دەبێت.
7- خەڵكی كوردستان وەفاداربوون و پاداشتی ریفراندۆمچییەكانیان دایەوە بەجۆرێك لەماوەی كەمتر لە ساڵێك تێپەربوون بەسەر پرۆسەی ریفراندۆم دوو گەورەترین پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق و كوردستان بەرێوەچوون، خەڵكانێك خەونیان بەمەرگی سیاسی پارتییەوە دەدیت كە جەماوەر سزای بدات، بەڵام رێك پێچەوانە دەرچوو كە جارێكی تر لەهەمبەر هەڵوێستە نەتەوەییەكانی پارتی پاداشتیان كرد و متمانەیان پێدایەوە و وەك حزبی یەكەمی كوردستانی لە عێراق و كوردستان مایەوە، چونكە هەموو لایەك چاك ئەو راستییە دەزانن گەر سەرۆك مسعود بارزانی و شێرەكوڕانی رێبازی بارزانی نەبان، جگە لەخوای گەورە كەس نەیدەزانی چارەنووسمان چی لێ دەهات، بەڵام حیكمەتی سەرۆك و قارەمانەتی پێشمەرگە و خوێنی ئاڵی شەهیدان توانییان لە شكست و بێ ئومێدیدا هیوا و ئومێد و نەخشەرێگای سەركەوتن دروست بكەنەوە و بەسەر پیلانەكاندا سەربكەون.
ماوەتەوە لە ساڵیادی ریفراندۆمدا لەناخی دڵەوە پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی كوردستان و سەرۆك مسعود بارزانی بكەین، بەئومێدی گەیشتنمان بەم ئاواتە دێرینە.









