ئەمڕۆ لە هەولێر، زانکۆی کوردستان – هەولێر دیداری خوێندکارە دەرچووەکانی زانکۆکەی بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دامەزرێنەری زانکۆکە بەڕێوەبرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هاوکاری تەواوی زانکۆکانی کوردستان دەکەین.
زانکۆی کوردستان لە ساڵی 2006 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستانەوە دامەزرا، وەکو لە وێبسایتی زانکۆکە نووسراوە، ئامانجی نێچیرڤان بارزانی لە دامەزراندنی زانکۆی کوردستان ئەوەبوو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی بونیادبنرێت کە بتوانێت رۆڵی هەبێت لە پێشخستنی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هاوشانبوون لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژی، سیاسی و ئابوورییەکان لە جیهاندا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا لە چالاکییەکەدا رایگەیاند “دەبێت خوێندنی باڵا لەگەڵ پێداویستییەکانی کاردا لەبازاڕ بگونجێنین. هاوکاری تەواوی زانکۆکانی کوردستان دەکەین و گەنجان دەبنە داینەمۆی پێشکەوتنی گەورە بۆ کوردستان”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بۆ گەنجان گوتی “کوردستان پێویستی بە ئێوەیە”.
گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکە:
لە دامەزراندییەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 100 قوتابی لە سکووڵ و بەشەکانی زانکۆی کوردستان دەرچوون، هەموویان توانیویانە لە کەرتی گشتیی یان تایبەت هەلی کار بدۆزنەوە یان ببنە خاوەن کاری تایبەت بەخۆیان.
بەگوێرەی ئەو داتایەی رووداو لە زانکۆی کوردستانەوە وەریگرتووە، 80%ـی دەرچووانی زانکۆی کوردستان لە کەرتی تایبەت کاردەکەن، 16%ـی دەرچووان لە کەرتی گشتی کاردەکەن و 4%ـەکەی دیکەی دەرچووان لە خوێندنی باڵا بەردەوامن.
زانکۆی کوردستان – هەولێر کە زمانی ئینگلیزی تێیدا زمانی خوێندنە، خاوەنی سکووڵی زانست و ئەندازیاری، سکووڵی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، سکووڵی کارگێڕیی کار و سکووڵی پزیشکییە. لەڕێگەی ئەو سکووڵانەوە دەستی کاری پێویست بۆ بازاڕی کار دروستدەکات.
هەروەها زانکۆی کوردستان – هەولێر لە چەند بوارێکی جیاوازدا خوێندنی باڵا، ماستەر و دکتۆرا دەڕەخسێنیت.
رووداو









