خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین:-
بەرواری 19/9 كاروانی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق لەسەرتاسەری شارەكان بەرێوەچوو، لەیەكەمین یاریدا و لە یاریگای نێو دەوڵەتی فرەنسۆ هەریری، یانەی وەرزشی هەولێر میوانداری لەیانەی وەرزشی نەفتی باشوور كرد، هەولێر لەنێو یاریگا وهاندەرانی خۆیدا لەیەكەمین یاری خۆیدا بەرانبەر یانەی نەفتی باشوور بەبێ گۆڵ یەكسانبوون.
هەولێر بەسەرپەرشتی ئەكرەم سەڵمانی ڕاهێنەر لەیەكەمین یاری و لەیەكەمین گەڕی خولەكەدا متمانەی لەسەر پێكهاتەیەك كرد كە خۆی بروای پێ هەبوو، بەتایبەتی لەهێڵی هێرشبردن هەر یەك لەیاریزانان حسین عەبدولواحد،ئاسۆ رۆستەم،كریستوفر،بارزان شێرزاد لەئاستی خۆیاندا نەبوون كە بتوانن تۆری تیپی بەرانبەر بهەژێنن، ئەگەرچی تیپی میوان واتە نەفتی باشوور تیپێكی ئاسان نییە، بەڵام هەولێر لەنێو یاریگاو هاندەرانی خۆیدا نەیتوانی لەیەكەمین تاقیكردنەوەدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت و دڵی هاندەران جۆش و خرۆش بكات، بەمشێوەیە هەردوو گێمی یارییەكە بەبێ گۆڵ تۆمار كردن كۆتایی هات و هەردوو یانە بەخالێكی یارییەكە بەناچاری رازی بوون، هەولێریش بەم ئەنجامە تەنها یەك خاڵی وەڕگرت و وبۆ یاری داهاتوو واتە ئەم پێنجەشەمەیە هەولێر دەبێتە میوانی كارەبا لەشاری بەغدا.
لەیاری دووەمدا یانەی زاخۆ لەشاری بەسرە ڕووبەرووی یانەی مینا بووەوە، یانەی مینای خاوەن یاریگا و هاندەر توانیان ئەنجامی یارییەكە لەبەرژەوەندی خۆیان كۆتایی بهێنن و بەئەنجامی تاكە گۆڵێكی بێ وەڵام لەزاخۆ ببەنەوە، بەم ئەنجامە یانەی مینا لەیەكەمین یاریدا 3 خاڵی گرینگی دەستەبەر كرد.
ئەنجامی یارییەكانی دیكە بەمشێوەیەبوو:
كەرخ 3* تەڵەبە 2
نەجەف 2* كەربەڵا 2
ئەلقاسم 1* نەفت 0
نەفتی ناوەراست 3* دیوانیە 1
شورتە 2* حدود 1










