خهبات: هەمزە سەرحان:-
دەرهێنەر لە ساڵی 1970 لە شاری سلێمانی لەدایكبووەو قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان بەشی زمانی عەرەبی هەر لە سلێمانی تەواو كردووە و لە ساڵی 1992 وەوە ئەو شارەی بەجێهێشتووەو لە وڵاتی سوریاو توركیاو یۆنان و هۆڵەندا ژیاوەو لە ساڵی 2006 هاتۆتە وڵاتی بەریتانیاو لە شارۆچكەی بۆڵتۆن بۆ ماوەی 6 ساڵ ژیاوەو هەر لەو ساڵەوە لەگەڵ دەرهێنەر ئالان ئەمین كاری فیلمسازی دەستپێكردووەو یاریدەدەری ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری مانچستەر كوردیش فیلم فیستیڤاڵ بووە كە هونەرمەند ئالان ئەمین دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری فیستیڤاڵەكە بووە بۆ ماوەی 76 ساڵ، لە ساڵی 2012 سۆران سۆرانی شاری مانچستەرو شارۆچكەی بۆڵتۆن جێدەهێڵێت و ڕوودەكاتە شاری لەندەن بۆ خوێندن لە بواری سینەما، 2 ساڵ لە پەیمانگای لەندەن بۆ هونەرە هەمە جۆرەكان بەرهەمهێنانی میدیای داهێنەر بەشی وێنەی جوڵاو دەخوێنێت و دەبێتە هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمای نیشتمانی باڵا ، لە ساڵی 2015 دەچێتە زانكۆی لەندەن میترۆپۆلیتان لە هەمانكاتدا خاوەنی چەند بڕوانامەو كارێكی دیكەیە، لەم دیمانەیەدا سۆران سۆانی دەرهێنەر باسی كارەكانی و بواری هونەر دەكات:
ئاستی دەرهێنەرانی كورد بەبەراوورد لەگەڵ دەرهێنەرانی بیانی چۆن دەبینی؟
ئاستی دەرهێنەرانی كورد لەگەڵ دەرهێنەرانی بیانی بەڕاستی بەراوورد ناكرێت، بە هۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە، بۆ نموونە لێرە لە دوای ئەوەی دەرهێنەر زانكۆ تەواو ئەكات ئەوە ئەبێت هەوڵبدات تا ماوەیەكی باش جێگەی خۆی بكاتەوە لە كۆمپانیاكانی فیلمسازی كە ئەوەش بۆ دەرهێنەری نوێ كاتێكی باشی ئەوێت تا تواناكانی خۆی بسەلمێنێت، یان لەگەڵ هەندێ دەرهێنەرو بەرهەمهێنەری بەتواناو ناسراودا كار بكات هەر لە خۆبەخشییەوە تا كاركردن بە پارەیەكی كەم تەنها لە بەرئەوەی ئەزموون پەیدا بكات و ناو بە ناو كورتە فیلمێك بە داهاتێكی كەم دروستبكات و داهێنان بكات تا لە فیستیڤاڵەكاندا خەڵات بەرێت و وردە وردە ببێتە یاریدەدەری دەرهێنەر و ئینجا بەرەو كاری دەرهێنان، بە پێی ئەو ئەزموونەی كە خودی خۆم هەمە تا بڵێیت كارێكی ئاسان نییە، هەندێك لە دەرهێنەران ئەگەر بەخت یاریان بێت ئەوە لە یەكێ لە تیڤییە لۆكاڵیەكان دادەمەزرێن و دەستبەكار دەبن، هەندێكی تریان خۆیان وەك فریلانس كار دەكەن و بەرهەمەكانیان دەفرۆشن بە تیڤیەكان ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر زۆر باش و سەركەوتوو بێت بەرهەمەكانیان، وەك وتم دەرهێنەر یەكسەر لێرە دوای دەرچوونی لە زانكۆ یان ئەوەتا ماستەر دەهێنێت و لە یەك لە كۆلیجەكان وانە ئەڵێتەوە و لە ساڵێكدا یان دوو ساڵدا كورتە فیلمێك بە داهاتێكی كەم بەرهەم ئەهێنێت و ئەینێرێتە فیستیڤاڵەكان، تاكە تاكەش لێرەو لەوێ هەندێ لە دەرهێنەران كۆمپانیایەكی فیلم دائەمەزرێنن لە سەربنچینەی خێرخوازی و ئەو داهاتەی كە دەستیان ئەكەوێت بۆ دروستكردنی بەرهەمەكانیان لە ڕێكخراوە خێرخوازیەكان پەیدای ئەكەن.
من نازانم دەرهێنەری كورد لە كوردستان چۆن كار دەكەن؟ چونكە تا ئێستا لەوێ كارم نەكردووە، بەڵام دڵنیام كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان هەردوولادا. بۆ ئاستیشیان دیارە كە هەندێجار دەرهێنەری كورد ئاستی باشترە لە دەرهێنەرێكی بیانی و وە پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە، پێوانەیەكی دروست لە بەردەستدا نیە تا بتوانین ئاستەكان بەویژدانەوە دیاری بكەین.
زۆر جاران باس لە لاوازی كارە خۆماڵییەكان دەكرێت، هۆكاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەقی باش یان ئامێرو تەكنەلۆژیای پێویست؟
بێگومان بوونی دەقی باش و دەرهێنەرو ئەكتەری بەتوانا ئامێرو تەكنەلۆژیای پێویست بودجەی باش سەنگی مەحەكە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و درامای خۆماڵی . بەداخەوە كە تا ئێستا لە هیچ یەكێ لەو بەشانەی كە باسمان كردن هیچی بە شێوەیەكی پڕۆفیشیناڵانە فەراهەمنەكراون، بۆ نموونە تا ئێستا ئێمە لە كوردستان بەشێوەیەكی گشتی و لە باشوور بە تایبەتی ئێمە كەسانی پسپۆڕمان نیە كە كاریان تەنها نووسینی سیناریۆ بێت و بە شێوەیەكی پیشەیی سیناریۆ بنووسن و هەروەها لە سەر داهاتەكەی بژین، ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە تا ئێستا دەرچووی زانكۆمان نیە كە ئەو بەشەی تەواو كردبێت، وە ئەگەر هەمان بێت زۆر كەمن و ئەوەش ئەو داواكاریەی كە فیلمساز داوای ئەكات دەستی ناكەوێت و ئەمە جگە لەوەی كە ئێمە بازاڕی فیلم و درامامان نیە ، هەروەها نەبوونی ئەكتەر ی سینەمایی و تەلەفزیۆنیمان دیسان نیە كە هەر وەك سینارستەكە ژیانی لەسەر ئاكتین بێت و بە شێوەیەكی پیشەیی تەنها خەریكی داهێنان بێت لە بوارەكەی خۆیدا هاوكات ئەو ئاكتینانەی هەمانن یان بە خۆرسك بوون بە ئەكتەرو یان باكگراوندێكی شانۆیییان هەیە كە ئەمە بە بۆچوونی من زۆر دوورە لە ئاكتین بەرامبەر كامێرا، لەم ساڵانەی دواییدا وەك ئامێری پێشكەوتوو هەندێك ئەبینین كە بۆ كاری كۆمەر شال بەكار دێن كە ئەمە جێگای دڵخۆشیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە بتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و درامای باش، دیسان كادری پڕۆفیشیناڵ زۆر زۆر پێویستە.
دەرهێنەرانی كورد تا چ ئاستێ توانیویانە بەبەرهەمەكانیان چاوی بینەری كورد تێر بكەن و بەلای بەرهەمی خۆماڵیاندا ڕابكێشنەوە ؟
دەرهێنەری كورد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەریكە كە كارێكی وا بكات بگاتە ئەو ئاستەی بتوانێت كە هیچ نەبێت بینەری كورد لەگەڵ سینەما و درامادا ئاشت بكاتەوە، بەڵام ئەو لەمپەرانەی كە ڕێگەی لێ ئەگرێت هەموو ئەو هۆكارانەی لە خاڵەكانی پێشودا باسمانكرد لە بەردەمیدایەو ئەمە بێجگە لە ئەو هەموو دراما بیانییانەی كە تیڤیەكانی بە تایبەت باشوور پیشانی بینەری كوردی ئەدات كە هەتا یەكێكیان بۆ میللەتەكەمان باش بێت ئەوە با دەیەهایان بە هەموو جۆرێك كاردانەوە ی خراپی هەیە لەسەر بینەری كورد كە بە هیچ شێوەیەك ئەم درامایانە خزمەتی دۆزی كورد و تەنانەت لە ستایڵیان ناكات، هەنێكیشیان ئەوە بە ئاشكرا كورد و دۆزەكەی زۆر بەكەم سەیر ئەكات و بووە بە بازاڕێك بۆ فرۆشتنی كاڵاكانیان یان ئایدۆلۆژیاو تێڕوانییان بۆ ژیان كە بۆ ئێستای میللەتەكەمان بە باشی نازانم.
هۆكار چییە كە بینەر لە درامای كوردی تۆراوە ؟
دیسانەوە بە هۆی هێنانی ئەم هەموو دراما بیانیانەی كە بە ڕواڵەت بە كواڵەتیەكی یەكجار بەرز بەرهەمهێنراون و وێنەو دیمەنی یەكجار باق و بریق و لاف ستایڵێكی تا سەر ئێسقان ناڕاست تەنانەت لە وڵاتەكانی خۆشیان كە بەو جۆرە نیە كە پیشانی ئەدەن تەنها بۆ فرۆشتنی دراماكانیانە بۆڕاكێشانیان بۆ بەكارهێنانی كاڵاكانیان و ڕاكێشانی گەشتیاران بۆ وڵاتەكانیان، بۆ خۆیان كارێكی باشەو بۆ ئێمەش كار ئەكاتە سەر تۆرانی بینەری كورد لە دراماكانمان، چونكە وەك هەر پێشتر هۆكارەكانمان باسكرد، كە دەرهێنەری كورد نە لە ئاستی دەق و دەرهێنەرو ئەكتەرو لۆكایشن و تەنانەت تەكنەلۆژیاش سەد قات لەخوار كواڵەتیەكانی ئەو دراما هاوردە نیە، هەر بۆیە بینەری كورد تەماشای ئەو هەموو باق و بریقە ئەكات كە لە ڕواڵەتدا هەتا بڵێیت جوانەو لە ناوەرۆكدا لە زەرەر زیاتر هیچ بە بینەری كورد نابەخشێت.
تا چەند درامای تیجاری یان باشترە بڵێین ئەو فیلمانەی كە لە هەندێك كەناڵ یان لە سینەماكان دەكرێت خزمەتی هونەری كوردی دەكەن ؟
نازانم مەبەست لە درامای تیجاری درامای كوردیە؟ یان دراما هێنراوەكان، ئەگەر مەبەست لە درامای كوردیە، ئەوە بەداخەوە من بەشبەحاڵی خۆم دراما ئەوەندە كەمە كە ناتوانم تیجاری لە جددی جیا بكەمەوە چونكە درامامان نیە، بەڵام ئەگەر مەبەست لە دراما هاوردەكانە كە هەمویان بە بۆچوونی من تیجارین، ئەو وەڵامەكە ئەبێت بەدواداچوونێكی ئەكادیمیانەی بۆ بكرێت، هەموو ئەو درامایانەی كە لە 10 ساڵی ڕابردوودا پیشانی بینەری كورد دراوەو تا چەند كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی كردۆتە سەر گۆڕانی بیركردنەوەو گۆڕانی لایف ستایڵی بینەری كورد بە بەراوورد بە دە ساڵی ڕابردوو، ئەگەر بینەری كورد لەو ماوەیەدا ڕۆحی پێكەوە ژیان و قبوڵكردنی یەكترو ڕۆحی نەتەوایەتیان بە بەراوورد بە 10 ساڵی ڕابردوو پۆزەتیڤ بوو ئەوا خزمەتی كردووە كە من بۆ خۆم ڕێك پێچەوانەكەی ئەبینم.
چی دەربارەی فیلمی دۆبلاژكراو دەڵێی كە لە كەناڵەكان پیشاندەدرێت؟
بە بۆچوونی من فیلمی دۆبلاژ كراو كەم یان زۆر كار ئەكاتە سەر كواڵیتی فیلمە ئۆرجیناڵەكە هەر دەنگ و موزیك و تەنانەت تۆنی وتنی دایەلۆگەكان كە هەندێجار لە دەنگ و تۆنە ئۆرجیناڵەكە دائەبەزێنێت و هەندێجاریش كار ئەكاتە سەر ئەیمائەت و بۆدی لانگویجی كارئەكتەرە ئۆرجیناڵەكە ئەو جۆرەی كە دەنگە هاوردەكە ئەیڵێت لە گەڵ جوڵەو گۆڕانی ئەیمائاتەكاندا یەكناگرنەوە، بۆ من وەك خۆم زەرەر لە تام و چێژی فیلمەكە یان دراماكە ئەدات، من وەك خۆم فیلمی ژێرنووس باشترە لە لام وەك لە دۆبلاژ، ئەمە بێجگە لەوەی كە هەندێجار هەڵەی ڕێزمانی زۆر ئەبیستین لە دۆبلاژ كراوەكان و هەڵەی ڕێزمانی نووسین ئەبینین لە ژێر نووسەكاندا.
دەبێت چی بكرێت بە بۆچوونی تۆ هەتا بینەرو درامای كوردی ئاشت بكرێنەوە؟
بە بۆچوونی من هەر كاتێك توانیمان یاسایەك لە پەرلەمان نووسرا بۆ ئەم داهاتە نیشتمانی و فكری و كۆمەڵایەتی و ئابووری ڕامیارییە كەسییە.










