سەربەست بامەڕنی
زێدەباری مێژووی هاوبەشی نێوان گەلانی ناوچەكە، پەیوەندی كوردستان لە گەڵ پایتەخت و گەلی عەرەب، بەراستی باش بوو، زۆرێك لەو پایتەختانەش هەڵوێستی جوامێرانەیان بەرامبەر خەباتی نیشتمانی كوردستان هەبوو، هەر لە هەڵوێستی سەرۆكی كۆچكردووی میسڕ، جەمال عەبدولناسڕەوە كە یەكەم ئێزگەی بەزمانی كوردی لە قاهیرە كردەوە و پێشوازیشی لە رابەری مێژوویی كوردستان، مەستەفا بارزانی كرد لەكاتی گەڕانەوەی لە یەكێتیی سۆڤیەتدا.
میسڕ تاكو ئێستاش، بە حكوومەت و گەلەوە، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ گەلی كوردستاندا هەیە، بە رەتبوون بە پەیوەندییەكان لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودی، تێگەیشتوو و پاڵپشتكەری داواكاریی و مافەكانی گەلی كوردستان، كە من خۆم شایەدی هەندێكیان بووم، ئەو دەمەی ئۆپۆزسیۆن بووین، هەرچەندە ئەوە مەترسی بۆ سەر پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و عێراق هەبوو، هەروەها پێشان و ئێستاش، پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ شانشینی ئوردنی هاشمی هەیە، هەر لە هەڵوێستە تایبەتییەكانی رەحمەتی، شا حوسێن، جارێكیان لە دیدارێكی لەگەڵ سەركردەیەكی ناسراوی كورددا رایگەیاند، لەنێو خێزانەكەی خۆیدا خزمی كوردی هەیە لە رێگەی ژنخوازییەوە، تاكو ئێستا پەیوەندییەكانی شانشینی ئوردنی هاشمی، بە گەل و حكوومەتەوە، لەگەڵ گەلی كوردستان لە سەرووی نایابەوەیە، هەروەها پەیوەندییەكان لەگەڵ كوێتی دراوسێش، بە گەل و حكوومەتەوە، زۆر زۆر باشە.
ئەوانەی باسمان كرد، تەنیا چەند نموونەیەكن لە سەر ئەوەی پەیوەندییەكانی كوردستانی-عەرەبی باشن، هەرچەندە بارودۆخی ناوچەكە و پێداویستیی پەیوەندییەكانی عەرەبی-عەرەبی، بەردەوام بۆ دەرخستنی ئەو پەیوەندیانە و پشتیوانیكردنی ئاشكرا بۆ مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی لەبار نەبوون، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، پایتەختە سەرەكی و گرنگەكانی عەرەبی، رێزیان لە ویستی گەلی كوردستان، مافە رەواكانی و خەباتە نیشتمانییەكەی گرتووە، تەنیا بەغدای پایتەختی ئەنفالەكان نەبێت، كە پێشان و ئێستاش، سەرچاوەی دوژمنایەتیكردنی گەلی كورد، بەرەنگاربوونەوە و نكۆڵیكردن لە مافە نەتەوەیی و دیموكراسییە رەواكانیەتی، هەرچەندە گۆڕانكاری زۆر لە عێراق رووی داوە، سیستمی فیدراڵی دامەزراوە و دەستوور نووسراوەتەوە، بەڵام كاری پێ ناكرێت.
ئەو راستییەی سەرەوە ناكرێت پشتگوێ بخرێت تەنیا لەبەر ئەوەی كەسایەتییەكی دۆستی گەلی كوردستان، وەكو بەڕێز عادل عەبدولمەهدی، لەسەرووی دەسەڵاتەوەیە، چونكە ناوبراو لەلایەن زۆربەی ناوەندەكانی هێز لە بەغداوە، كۆت كراوە و دەورە دراوە. باشترین بەڵگەش لەسەر دژایەتیكردنی بەردەوام و هەڵوێستە نەرێنییەكانی بەرامبەر گەلی كوردستان، ئەوەیە كە لە ژێر گومبەتی پەرلەمانی عێراق دەگوزەرێت، كە بووەتە سەكۆیەك بۆ دژایەتیكردنی گەلی كوردستان و مافە نەتەوەییە رەواكانی، زۆرێك لە پەرلەمانتاران، كێبڕكێ لەسەر دەرخستنی دژایەتییان بۆ هەموو شتێكی كوردستانی دەكەن و هەوڵ دەدەن مافەكانی لە دەستوور رەت بكەنەوە و بەربەست بخەنە بەردەم جێبەجێكردنی ئەو شتانەی پەیوەستن بە كوردستانەوە، بە خستنەڕووی پڕۆژەی رەگەزپەرستی، بۆ ئابڵۆقەدانی لەرووی ئابووری و سیاسییەوە.
لە سۆنگەی بیرۆكەكانی رەگەزپەرستی بۆ داگیركاری نیشتەجێكردن، گیانی دوژمنایەتی بۆ بەگەورە زانینی نەتەوەیی و رەوتی رەتكردنەوەی ئەوەی لەخۆی جیاوازە، ئەوەش لەسەر شەقامی كوردستانیدا، بەردەوام ئەو پرسیارە دەخاتە روو، چ سوودێك لە مانەوە لە چوارچێوەی شكستهێنانی گشتیی، گەندەڵی بەربڵاو ونكۆڵیكردنی ئاشكرا لە مافە نەتەوەییەكانی و هاوبەشی راستەقینەدا هەیە. دەوڵەتی داگیركاری نیشتەجێكردن، كە هیچ شێوازێكی تاوانكاری نەماوە لەدژی گەلی كوردستان تاقی نەكردبێتەوە، لە سەركوتكردن، دەركردن، كۆچ پێكردن، ئەنفالەكان، هەڵمەتەكانی قڕكردنی بە كۆمەڵ، كاولكردنی چوار هەزار گوند تاكو دەگاتە داگیركردنی زیاتر لە نیوەی كوردستان، بە ناوەندی پارێزگای كەركووكیشەوە. دەبێت گەلی كوردستان، تاكەی نرخی گەوجیەتی دۆن كیشۆتەكانی بەغدا بدات، ئەوانەی تەنیا لە دەرخستنی دوژمنایەتییان بۆ گەلی كوردستان، پێشبڕكێ ناكەن، بەڵكو ئەو دەرخستنە بووەتە ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت، پۆست و پلەی بەرز لە وڵاتدا.
راستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵی بێوچانی سەرڕاست و بەردەوام، بۆ چارەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ بەغدا دەدات، وەكو رێزلێنان و پێزانینی پەیوەندییە مێژووییەكان لەگەڵ گەلی عەرەبی، هەروەها بۆ لەبەرچاو گرتنی هەڵوێستە ئەرێنییەكانی تا رادەیەكی حكومەتەكەی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت، ئەو هەوڵ و كۆششانەی دەدرێن، هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی نابێت و سەركەوتووش نابێت، بەهۆی بەردەوامی سەروەری مێشكی داگیركاری نیشتەجێكردن و گەمەی گەرموگوڕ لە دژایەتیكردنی گەلی كوردستان و مافە رەواكانی لەسەر هەموو ئاستەكاندا، بە ئاستی راگەیاندنیشەوە، كە پێویستە پابەندی بێ لایەنی، راست بێژی و پەرۆشی یەكڕیزیی نیشتمانی بێت، ئەوەی شەو و رۆژ بە شان و باڵی هەڵدەدەن.
لەوەی وتمان دووپات دەبێتەوە، تاكە رێگەی راست و دروست لەبەردەم گەلی كوردستان، خۆی لە كاراكردنی ئەنجامی ریفراندۆمی میللی و مێژوویی رێكەوتی 25ی ئەیلولی 2017 دەبینێتەوە، كە هاووڵاتیانی كوردستان بە رێژەی %93? دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە عێراق دا، دەبێت داوا لە دەستەكانی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكێتیی ئەوروپا و پایتەختە كاریگەرەكانی جیهانیش بكرێت، دان بە مافی گەلی كوردستان، لە ئازادی و سەربەخۆیی بنێن و رێز لە ویستی بگرن، گومانم وایە ئەو پایتەختە عەرەبیانەی كە پێشان و ئێستاش، پەیوەندییەكی پتەویان لەگەڵ گەلی كوردستاندا هەیە، پشتیوانی لێ دەكەن و پەیوەندییەكانی كوردستانی-عەرەبیش، هەر بە باشی و جیاوكی دەمێننەوە، بە چاوپۆشین لە هەڵوێستە رەگەزپەرستییەكانی دۆن كیشۆتەكانی بەغدا.
و: رەمزی میرەكانی










