سوورە مەرگەیی
بە درێژایی مێژووی دروستبوونی دەوڵەی عێراق ناسنامەی كوردستانییەتی كەركوك كێشەی نێوان كورد و رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بووە، لە هەموو وێستگەكانی گفتوگۆی نێوان شۆڕش و حكومەتی بەغدا تا ئەو كاتەی باس هاتۆتە سەر یەكلا كردنەوەی ناسنامەی كوردستانی بوونی كەركوك گفتوگۆكان زۆر ئاسایی چوونەتە پێش، بەڵام كاتێ باس دێتە سەر كەركوك گفتوگۆكان بە بنبەست گەیشتوون. لە دوای رووداوەكەی 16ی ئۆكتۆبەر كێشەی كەركوك رێڕەوی راستەقینەی خۆی بەرداو كێشەكە لە نێوان كورد و حكومەتی بەغدا كرا بە كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی و ناسنامەی كوردستانی بوونی كەركوكیش گۆڕا بۆ كێشەی پارێزگارێك.
پارتی بوو پێی وابوو كێشەی كەركوك لەگەڵ بەغدایە و بە دانانی پارێزگارێكی دیاریكراوی لایەنێك، كێشەكە چارەسەر ناكرێ و لە خەم و ئازاری كەركوكیەكانیش كەم ناكرێتەوە، چونكە بەلای پارتییەوە لە پۆست گرنگتر دیاری كردنی چارەسەرێكی بنەڕەتییە بۆ كێشەی كەركوك، لە پۆستی پارێزگارێكی كوردی بێدەسەڵات گرنگترە.
ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك و نەهێشتنی ئەو دۆخە سەربازیەیە كە بە زۆر و لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەسەر كەركوك و كەركوكیەكاندا سەپێنراوە، لە پۆستی پارێزگارێكی بە كۆیلەكراو گرنگترە، جێبەجێ كردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەكلا كردنەوەی ناسنامەی كەركوك كلیلی چەرەسەر كردنی كێشەی كەركووكە.
كەچی لایەنێكی كوردستانی؟! بە پێچەوانەی پارتی، حزبیانە بەگۆشەنیگای بەرتەسكی بەرژەوەندی حزبی لە كێشەكەی دەڕوانێت و كێشەی كەركوكی لە كێشەی نێوان كورد و حكومەتی عێراق بچووك كردەوە و كردیە كێشەی نێوان پارتی و خۆی، ئاسایی كردنەوەی دۆخی شڵەژاوی شارەكە و كێشەی یەكلا كردنەوەی ناسنامەی كوردستانی بوونی كەركوكیشی لە دانانی پارێزگارێكدا چڕكراوەتەوە.
گریمان پۆستی پارێزگاری كەركووك بە خواست و ویست و هەوەسی ئەوان دانرا، ئایا كێشەی كەركوك چارەسەر دەبێت؟، ئایا بەغدا رێوشوێنە یاساییەكان بۆ ئەو پارێزگارە جێبەجێ دەكات؟. گریمان رێوشوێنە یاساییەكانیش جیبەجێ كران! ئەوكات پرسیارە گرنگرگە ئەوەیە، ئایا ئەو پارێزگارە لەو دۆخە سەربازیەی بەسەر كەركوكدا سەپێنراوە و لەژێر هەژموونی سەربازی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق چی دەكات و چی پێدەكرێ؟.









