خهبات: سابیر حوسێن:-
The Blue Diamond A Novella ئەمە ناونیشانی ئەو رۆمانەیە، كە كوڕە كوردێك بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی كردۆتەوە، ناوەرۆكی رۆمانەكە باس لە دیاردە كۆمەلایەتیە كوردییەكان دەكات و نووسەر هەوڵی داوە هارمۆنیایەكی كۆمەڵگەی كوردی و كۆمەڵگەی رۆژئاوایی وەك فانتازیا بخاتە روو، تێدا باس لەبەسەرهاتی گەنجێكی كورد دەكات، كە لە دەورووبەری هەولێر ژیان دەگوزەرێنێت و دایك و باوكی نەماوەو ژیانێكی پڕ لە زەحمەت و چەرمەسەری بەڕێ دەكات. بۆ ئەم مەبەستە رۆژنامەی خەبات لەگەل نووسەری رۆمانەكە ئەم گفتوگۆیەی ئاڵوگۆڕكرد.
سەرەتا مستەفا فەتحی محەمەد عەلی ناسراو بەمستەفا المدرس كە نووسەری رۆمانەكەیە دەربارەی سی ڤی خۆی گوتی: لەبنەماڵەیەكی كوردپەروەر چاوم بە دنیا هەڵهێناوەو باوكم راوێژكارە لە حكومەت و باپیرم مەلا عەلی هاوەڵی بارزانی نەمر بووە و دامەزرێنەرو یەكەم سەرۆكی یەكێتی زانایانی كوردستان بووە. دەربارەی خۆیشی دەڵێ: خوێندنی سەرەتایم لە هەندەران تەواو كردوە و ئیستا هەڵگری بروانامەی ماستەرم لە ئەدەبیاتی ئینگلیزی.
دەربارەی هۆكاری نوسینی ئەم رۆمانە بە زمانی ئینگلیزی دووپاتیكردەوە كەوا لەو روانگەیەوە زمانی ئینگلیزی هەڵبژاردوە، تاكو هەوڵی بە نیودەوڵەتی و ناساندنی گەلی كورد بدات لە جیهانی ئەدەبیات،رۆمانەكەش لە كتێبخانەكانی كوردستان و ماڵپەری ئامازۆن بەردەستە. دەربارەی پێشوازی خوێنەرانیش مستەفا دەڵێ: لە دوو پێشانگای پێشووی كتێب، رۆمانەكەم یەكێك بووە لە پڕ فرۆشترین رۆمانەكان، تەنها لە دوای بڵاوكردنەوەی رۆمانەكە 500 دانەی لێ فرۆشرا. لەناو توێژی گەنجانیش پێشوازیەكی گەرمی لێكراو وێنەی زۆری لەبارەوە بڵاو كرایەوە لە تۆرە كۆمەلەلاتیەكان.
دەربارەی ناوەڕۆكی ڕۆمانەكە، كە باس لەكێشەی لاوێكی كورد دەكات، نووسەر دەڵێت: ئەو كێشانەی لەناوەرۆكی رۆمانەكە باس كراون سوودی بۆ لاوانی خۆمان دەبێت، جەخت لەسەر نیشاندانی هەڵەی هەڵبژاردنی هاورێ خراپ كراوەتەوە، ئەو هاورێیانەی لە رێگەی پارەو خۆشەویستیەوە رووبەروومان دەبنەوە، ئەوەش دووپاتكراوەتەوە، كە هاورێ مادی تاكۆتایی نامێنێت، بەڵكو هاورێیەتی بەبەرژەوەندی سەر ناگرێ، بەڵام هاورێیەتیەك لەسەر بنەمای خۆشەویستی بێت، تاسەر دەمێنێتەوە .
دەربارەی كەمی خوێنەران لەناو توێژی گەنجان، نووسەر دەڵێت: بەرای خۆم گلەیی هەیە لەبارەی كەمی خوێنەرەوە، بەڵام ئەوەی من بینیم و پێشبینی بۆ دەكەم ئەوەیە، كە خوێنەر تۆراون و دەكرێ بە بەرهەمی باش بگەرێنەوەو ئاشت بكرێنەوە. لە كوردستانیش خەریكە خوێنەری زمانی ئینگلیزی روو لە زیادبوون دەكات، بەڵام ئەوە ئینكار ناكرێ كە لەچاو خوێنەرانی گەنجی ئەوروپی زۆر كەمن. مستەفا فەتحی محەمەد زیاتر گوتی: بۆ ئایندە بیرم لەوە كردۆتەوە، كە بەرهەمی زیاتر بە زمانی ئینگلیزی بنووسم و ئێستاكە خەریكی رۆمانی دووەمم، كە بەهەناسەیەكی جیاوازتر و باشتر دەینوسمەوە، هەوڵی جیدیش دەدەم تاوەكو خەلاتێكی ئەدەبی جیهانی وەربگرم.










