خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین:-
خولێكی خلیسكانی سەربەفر لەشاری هەولێر كرایەوە، خولەكە ماوەی یەك مانگی خایاند و زیاتر لە25 یاریزانی كوڕان و كچانی ئەو یارییە بەشداریان تێدا كرد.
حاجی ئاغا زراری بەرپرسی پەیوەندییەكانی سمایلاند لەبارەی ئەنجامدانی خولەكە بۆ خەبات ڕایگەیاند: ئەمەیان یەكەمین و دواهەمین خولی فێركاری نییە بۆ یاریزانان و ئارەزوومەندانی ئەو یارییە دەكەینەوە، ئێمە ماوەی چەند ساڵێكە بەبەردەوامی بەهەوڵ وكۆششی هەموو لایەك خولی جۆراو جۆری وەرزشی و هونەری بۆ كچان وكوڕانی شاری هەولێر رێكدەخەین، مەبەست لەسازدانی ئەم جۆرە خولانە تەنها بەرەو پێشبردن و بایەخ و گرنگیدانە بەئاست و توانای گەنج و مناڵانی نێو شارەكەمان، بۆیە تا لە توانامدابێت هەموو ساڵێك خولی جۆراوجۆری وەرزشی بۆ گەنجان و یاریزانان رێكدەخەین.
هەروەها گوتی: لەرێگەی كردنەوی ئەم جۆرە خولانە لەیارییە جۆراوجۆرەكان تائێستا چەندین یاریزانی ئاست بەرز و بەتوانامان دروست كردووە و هەر هەمووان دەتوانن بەشداری سەرجەم خول و پاڵەوانیەتیەكانی كوردستان و عێراق بكەن.
جێی باسە یاری خلیسكانی سەربەفر لەچەندین وڵات پێشكەوتنێكی یەكجار بەرزی بەخۆیەوە بینیوە، لەوڵاتی ئەمریكاش بەخۆشترین و سەرنجراكێشترین یاری سەیر دەكەرێت و هەموو سالێكیش لەم وڵاتە گەورەترین فیستیڤاڵی وەرزشی لەسەر یاری خلیسكانی سەربەفر بۆ هاوڵاتیان و وەرزشوانان ئەنجام دەدرێت.










