خهبات: هاوار مورتكەیی:-
ماریا یۆجینا ئەو خانمە شەترەنجزانە رووسیەیە هەڵگری بڕوانامەی فیدا ماستەری ئافرەتانە خێزانی Mihail Marin شەترەنجزانی ناوداری رووسی كە هەڵگری بروانەمەی گراندماستەرە،
شەترەنج لەنێو هەموویان
ماریا یۆجینا ساڵی 1988 لە لینینگراد لەدایك بووە كە ئێستا پێی دەڵێن سان پترسبۆرگ، سەبارەت بە سەرەتای چوون نێو دونیای شەترەنج گوتی: كاتیك تەمەنم 6 ساڵان بوو دایك و باوكم بەردەوام لەگەڵ خۆیان دەیانبردمە دەرەوە و بەشداری چەندین چالاكیان دەكردم وەك وینەكێشان و جومباز و گۆرانی و شەترەنج، هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەی بوو كە یارمەتیم بدەن لە دەستنیشانكردنی ئارەزوویەكم، ئەوەبوو لەنێوهەموویاندا شەترەنجم هەڵبژارد، هەروەها گوتی: لە ساڵی 1995 بۆ یەكەمجار بەشداری پالەوانیتییەكی فەرمیم كرد كە پاڵەوانێتی سان پترسبۆرگ بوو بۆ خوار 8 ساڵان، ئەوكات تەمەنم 7 ساڵان بوو، لە ساڵی 2005 كە ئەوكات تەمەنم 17 ساڵان بوو توانیم میدالیای زیو لە پاڵەوانێتی رووسیای خوار 18 ساڵان بەدەست بهێنم، كاتیكیش لە خوێندن بووم یاریم بۆ یانەی زانكۆ دەكرد و چەندین جار لەسەر ئاستی زانكۆكانی سانت پترسبۆرگ پلەی یەكەممان بەدەستهێناوە، دواتر چوومە رۆمانیا و یاریم بۆ خانمانی یانەی Arad كرد.
خەونی داهاتووی
ماریا یۆجینا سەبارەت بە خۆشەویستی بۆ شەترەنج و خەونی داهاتووی گوتی: هەمیشە شەترەنجم خۆش ویستووە، بەتایبەتیش كە هاوسەرەكەم میهال مارین هەڵگری بڕوانامەی گراندماستەرە و بەردەوام پشتویانی یەكتر بووینە، بۆ ماوەیەك لە یاریكردن دووركەوتمەوە و ئەركی فێركردن و راهینان منداڵانم گرتە ئەستۆ، بەڵام دووبارە گەڕامەوە ناو پاڵەوانێتییەكان چونكە شەترەنج تێكەڵ بەژیانم بووە، خەونی داهاتووشم ئەوەی نازناوەكانی WIM-WGM بەدەستبهێنم، تا شووم نەكردبوو بژێوی ژیانم لەسەر شەترەنج بوو.










