ئامادهكردن: خالید گـەردی له بهشی نێودهوڵهتی:-
رۆژی هەینی رابردوو دۆنالد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، بە تۆمەتی پابەندنەبوونی روسیا بە پەیماننامەی نێوانیان “پەیماننامەی دانانی ئاستێك بۆ مووشەكی ناوكیی مامناوەندی” وڵاتەكەی لە پەیماننامەكە دەكشێتەوە.
پەیماننامەكە كە بە “ئای ئێن ئێف” ناسراوە لە ساڵی 1987 لەسەردەمی رۆناڵد ریگانی سەرۆكی ئەمریكا و میغائیل گۆرباتشیفی دوا سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەتی جاران واژوو كرا، بە پێی پەیماننامەكە رۆكێتە ناوكییە وشكانییەكان ئەوانەی مەودایان لە نێوان 500 تا 5500 كیلومەترە قەدەغە كران. هەر بە پێی رێككەوتننامەكە رۆكێتەكانی روسیا لە جۆری SS20 و رۆكێتەكانی ئەمریكا لە جۆری بیرشنگ كە زۆربەیان لە ئەورووپا چەسپێنرابوون لەناو بردران.لە لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند؛ ئەمەریكا لە رۆژی شەممەوە سەرجەم پابەندبوونەكانی خۆی بە پەیماننامەكە رادەگرێت، سەرەتا لە پەیماننەكە دەكشێتەوە، پرۆسەی كشانەوەكەشی لە ماوەی شەش مانگ بە كۆتا دێت. تەنیا ئەو كاتە نەبێت ئەگەر رووسیا پابەندبوونی تەواوی خۆی بە پەیمانناكە رابگەیەنێت و سەرجەم رۆكێت و ئەو كەلوپەل و سەكۆ هەڵدانانەی لەدەرەوەی پەیماننامەكە بەرهەمی هێناون خاپوور بكات.لە بەیاننامەكەی ئەمەریكا هاتبوو: ماوەی 30 ساڵە ئێمە پابەندی تەواوی بڕگەكانی رێككەوتننامەكە بووین، بەڵام روسیا پێیەوە پابەند نەبوو، ئێمەش لەمەو دوا وەك ئەوان لە كۆت و بەندی پەیماننامەكە دەردەچین و پێیەوە پابەند نابین، هەر لەو بارەوە مایك بۆمبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش روونی كردەوە، واشنتۆن 30 جار زیاتر قسەوباسی دەربارەی پابەندنەبوون و پێشێلكردنی پەیماننامەكە لەلایەن روسیاوە كردووە.وەك پێشبینی دەكرێت، دوای پووچەڵكردنەوەی پەیماننامەكە، هەر یەك لە ئەمەریكاو رووسیا سەر لەنوێ هەوڵ بۆ دروستكردنی مووشەكیی نوێ بدەن.
كاردانەوە نیگەرانییەكان
لە سەرهەڵدانی كێبڕكێی دروستكردنی مووشەكی ناوكیی نوێ هەر دوای راگەیاندنی بە فەرمیی دەرچوونی ئەمەریكا لە پەیماننامەكە، فەرەنسا رایگەیاند بە كۆتایی هێنانی پەیماننامەی چەكی ناوكیی مامناوەندی، مەترسییەكانی تێكچوونی سەقامگیری بۆ سەر ئەورووپا زیاتر دەبێت.هەر لەو بارەوە یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی ئەوروپا و كاروباری دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند؛ وڵاتەكەی لە نەگەیشتن بە رێككەوتنێك بۆ مانەوەو بەردەوامبوونی پەیماننەكە لە لایەك و بەدەمەوە نەهاتنی رووسیا بۆ ئەو روونكردنەوانەی كە لێی كراوە هەروەها ئەو داواكارییانەی كە ساڵی رابڕدوو بە بە شێوەی بەردەوام لێی كراوە بۆ جێبەجێ كردنی پەیماننامەكە بە شێوەیەكی گونجاو، نیگەرانە.
سەرانی ئەوروپاش جگە لەوەی نیگەرانی خۆیان لەبەمبەر لەبارچوونی پەیماننامەكە راگەیاند، پێشتر رووسیاشیان هاندا مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانە بكات، كە بوونەتە مایەی نیگەرانی واشنتۆن پێش دەرچوونی بە شێوەیەكی فەرمی لە پەیماننامەكە.هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسیش ئەگەرچی لە بەیاننامەیەكدا پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ بڕیارەكەی ئەمەریكا دەربڕی بەڵام ئەوەشیان راگەیاندبوو نایانەوێت سەر لەنوێ بۆ “كێبڕكێی چەك” بگەڕێنەوە.لە بەرامبەردا روسیا لەلای خۆیەوە سەركۆنەی بڕیارەكەی ئەمریكای كردو بڕیارەكەی بەبەشێك لە ستراتیژیەتی ئەمەریكا ناوبرد كە بۆ رزگابوونی لە پایەندبوونە نێودەوڵەتییەكانی پەیڕەوی دەكات، مۆسكۆ پێشتر هەردەم جەختی لەسەر پابەند بوونی خۆی بە پەیماننامەكە دەكردەوە، بەبەردەوامیش ئەمەریكای بە پێشێلكردنی پەیماننامەكە تۆمەتبار دەكرد، تەنانەت مانگی رابردوو داوای لە رۆژنامەنووس و پاشكۆ سەربازییە بیانییەكان كرد ئەو سیستەمە چەكانە نمایش بكرێن كە بوونەتە هۆكاری ناكۆكی نێوانیان، فلادیمیر پوتینی سەرۆكی روسیا گوتوویەتی؛ هاوبەشە ئەمەریكییەكانمان بەشداری كردنیان لە رێككەوتنەكە هەڵپەساردووە، ئێمەش وەك ئەوان بەشداری كردنمان هەڵدەپەسێرین.پوتین لە میانەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ هەردوو وەزیری دەرەوەو بەرگری وڵاتەكەی جەختی كردۆتەوە روسیا دەست بە وتووێژی نوێ لەگەڵ ئەمەریكا دەربارەی داماڵینی چەك ناكات، چاوەڕێ دەبین تا ئەو كاتەی هاوبەشەكەمان بە ئاستێك پێ دەگەن گفتۆگۆیەكی هاوسەنگ و واتادار ئەنجام بدەین، ئەوە بەلای ئێمەوە بابەتە گرنگەكەیە.
هەر لە كۆبوونەوەكە پوتین كە پێشتر وتبووی گوتوویەتی، وەك كاردنەوەیەك، روسیا هەوڵی پەرەپێدانی مووشەكە مامناوەندییەكانی دەدات، بەڵام ناخزێتە نێو كێبڕكێی نوێی چەك كە تێچووی زۆری بوێت.هوا شونینگی وتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی چین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەربارەی قسەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا كە گووتویەتی بەشێكی بڕیارە تاك لایەنەكەی وڵاتەكەی دەربارەی كشانەوەی لە پەیمانناكە پەیوەندی بە جبەخانە ناوكییەكانی چینیشەوە هەیە، ناوبراو روونی كردەوە چین بەشێك نەبووە لەو پەیماننامەی كە پێشتر روسیاو ئەمەریكا واژوویان كردبوو، بەڵام ترەمپ داوای كردووە پێویستە چینیش بەشداری لە پەیماننامەكەدا بكات، رەخنەی لە سەرۆكی ئەمەریكا گرت گووتی ئەمەریكا خۆیان ئارەزوو دەكەن تاك لایەنە لە پەیماننامەكە بچنە دەرەوە بە شێوەیەكی نالەیەقیش باس لە وڵاتانی تر دەكەن و ئۆباڵی دەرچوونەكەشیان دەخەنە سەر كەسانی دیكە كە ئەمە كارێكی بابەتیانە نییە، وڵاتەكەی هەردەم هەوڵی داوە سیاسەتی بەرگری نیشتیمانی پەیڕەو بكات بە هیچ شێوەیەكیش ئیبتزاز لە كەس قبوڵ ناكات.
سەرچاوە: فرانس24/ أ ف ب










