خەبات: ڕۆشنا عەلی:-
خولەكانی بەهێزكردن مەودای بازرگانیكردنی بەپەروەردەوە فراوانكردووەو زۆرترین قازانج و ڕیكلامی كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانیشی بەخۆوە سەرقاڵ كردووە، بەجۆرێكە نرخی هەر وانەیەك لە نێوان 100 بۆ 250دۆلارە لە قوتابخانەی ناحكومی و 40000 بۆ 50000 هەزار دینارە لە قوتابخانەی حكومی بەپێی مامۆستاو كوالێتی خولەكان ، لە كاتێكدا بەشێكی زۆری مامۆستایانی قوتابخانە حكومییەكانن ، وەزارەتی پەروەردە كومەڵێك ڕێنمایی دەركردووە دەربارەی خولەكانی بەهێزكردن و چەندین مەرج و پێودانگی داناوە كە دەبێت هەر قوتابخانەیەك یان پەیمانگایەك پەیڕەوی بكات ونرخەكانیشی دیاریكردووە.
پابەند نەبوونی ناحكومی
مامۆستا سامان ڕەسول بەڕێوەبەری قوتابخانەی بارزی ناحكومی دەربارەی ئەوەی كەئایا نرخی وانەیەك كە دیاری كراوە سوودی ئەبێت بۆ قوتابخانەی ئەهلی و ئەتوانن هەموو ئەوڕێژانەی لێ جیابكەنەوە كە دەستنیشانكراوە ؟ئەو بۆ خەبات ئاماژەی بەوەدا كە ئەم نرخانەی دیاری كراوە لە قوتابخانە حكومیەكان جێ بەجێ دەكری بە تەواوی ڕێنماییەكانی دەرچووە، بەڵام لە قوتابخانە ناحكومیەكان نرخ زۆر زۆر زیاترە بۆ نموونە بۆ یەك وانە كەمترین نرخ لە ئامادەیی 100هەزارە بەرزترین نرخ 250هەزارە ومامۆستای ئامادەی رێژەی پارەی لە سەدا 50 بۆ 60 زیاتری پێ نادرێت كە بەپێی ڕێنماییەكان %70یە .
مامۆستا فەرهاد كەریم سەرپەرشتیاری پەروەردەی لە پەروەردەی شەقڵاوە دەربارەی هەمان پرسیار كە ئایا ئەو نرخەی دانراوە قوتابخانەی ئەهلی سوودی لێ وەردەگرێت و پێوەی پابەند دەبێت ئەو لەمبارەیەوە وتی ” لێرە نرخ گرنگ نیە ئایا سوودی دەبێت یان نا بۆ قوتابخانە ئەهلییەكان بەتایبەت لەناوەندی شارەكان ، چونكە ئەوان مەبەستەكانیان ئەپێكن لە ڕاكێشانی قووتابیان بۆ قوتابخانەكانیان تایبەت ئەو قوتابیانەش كە ئاستیان بەرزە .بۆیە ئامانجی قوتابخانە ئەهلیەكان لەوەی ڕیكلامە زیاترە لەوەی گەیاندنی زانست بێت ، چونكە هەر لەناو خولەكان لەجیاتی پەرتووك لەسەر مەلزەمە دەخوێندرێت دەبێت هەر قوتابیەك مەلزمەی ئەو مامۆستایە بكرێت كە لە خولەكە وانە دەڵێتەوە.
مامۆستا هێمن سورچی مامۆستای زمانی ئینگلیزی دەربارەی وەڵامی هەمان پرسیارو پابەند بوونی ناحكومییەكان وڕێنماییەكانی وەزارەت بۆخولەكان بۆخەبات وتی ” لە دیدی من سودی قوتابخانە ئەهلیەكان بەندە بە رێژەی قوتابیانی بەشداربووی خولەكان، بەدڵنیایەوە ئەگەر ڕێژەیەكی بەرچاوی فێرخواز بەشداربێت سودی دەبێت بۆ قوتابخانە ئەهلیەكان ، لێرەدا خالێكی پۆزەتیڤ دێتە ئارا كە بریتیە لە وەی قوتابخانەكان بكەونە پێشبركێ تاكو بتوانن باشترین خزمەت بە فێرخوازان بكەن لە رووی زانستی و فێركاری بەڵام خالێكیتر ئەوەیە كە لە بریاری پەروەردە ئاماژەی پێكراوە كە بەهیچ شێوەیەك نابێت ئاماژە بە ناوی مامۆستا بكرێت لە ریكلامی خولەكان. من ئەمە بە خالێكی نەرێنی دەبینم بۆ قوتابخانە ئەهلییەكان ، چونكە قوتابی نەزانێت چ مامۆستایەكە وانە لە خولەكە دەڵێتەوە كە ئاخۆ ئاستی مامۆستاكە چۆنە ئامادەنیە بەشداربێت لە خولەكە ئەمەش لە زیان بە قازانجی قوتابخانە ئەهلیەكان دەگەینێت و ئاستی بشداربووان كەمدەكاتەوە. وە سەبارەت بە جیاكردنەوەی بری پارەكان بەم شێوەیە بەڵێ دەتوانرێت بەمەرجێك لێژنەیەكی كارا بتوانێت سەرپەرشتی خولەكان بكات . چارەسەری بازرگانیكردن ناكات.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەم ڕێنماییانە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لەكەمكردنەوەی ئەو بازرگانیكردنەی كەبە فێركردنەوە دەكرێت مامۆستا سامان ڕەسووڵ ئاماژەی بەوەدا كە ئەم خولانە هێندەی بازرگانیە هێندە گرنكی بە جۆر و چۆنیەتی نادەن ، لەبەر ئەوەی ماوەی خول كەمە لە حكومی پەرتووك تەواو ناكرێ، چونكە ماوەكەی كەمە ، بەڵام ناحكومی پەرتووك تەواو دەكرێ بەهەرجۆرێك بێت بە پەلە پەل و پەڕەهەڵدانەوەش بێت.
مامۆستا فەرهاد كەریم هەر دەربارەی كەمكردنەوەی بازرگانیكردن بە قوتابی لە خولەكان بۆخەبات وتی: نەخێر بەهیچ شێوەیەك ئەم بازرگانیە كەم ناكاتەوە بەڵكو بڵنگۆیەكی زۆر باشیشە بۆ مامۆستایانی وانەی تایبەتەكان پەیوەندیەك دروست دەكەن وا لە قوتابیان دەكەن بەشێوەی مەنهەج كامل لە ماڵ تەواو بكەن ئەوە جگە لەوخاڵەی لەسەرەوە باسم كرد كرین و فروشتن بە مەلزەمەكان دەكرێت بەكورتی ئەوەندەی بازرگانیە خولی بەهێز كردن نیە ناشڵێم هەمووی ، چونكە هەندێك مامۆستا و قوتابخانە هەن بەڕاستی خۆ لەگەڵ قوتابیان هیلاك دەكەن و قوتابیانیش سوودێكی باش وەردەگرن ، بەڵام ئەمانە زۆر كەمن.
مامۆستا هێمن سورچی بۆچوونێكی جیاوازی هەبوو پێی وایە كە ئەم بریارانە دەتوانن بازرگانیكردن كەمبكەنەوە ئەو لەمبارەیەوە وتی ” بەڵێ بەدڵنیایەوە بازگانیكردن بە قوتابیان كەم دەكاتەوە ناهێڵێت هەر قوتابخانە و سەنتەرێكی ئەهلی هەبێت و هەڵسێت و بە حەزی خۆی پارە لە فێرخوازان وەربگرێت ، بەڵام من ژمارەی وانەكانم پێكەمە من پێم وایە ژمارەی وانەكان لە 90 كاتژمێر كەمتربێت فێرخواز وەك پێویست سودمەند نابێت لە خولەكان.
سەرنجەكان لەسەر ڕێنماییەكان
دەربارەی سەرنجی مامۆستایان لەسەر ڕێنماییەكان و خاڵی ئەرێنی و نەرێنییەكانی مامۆستا سامان ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەدا كە قوتابخانە ناحكومیەكان بەگشتی پابەندی نابن هەر قوتابخانەیەكی ناحكومی رێنمای و رێسا و یاسایی تایبەت بەخۆی هەیە لە قوتابخانەكەی جێ بەجێ دەكات.
مامۆستا فەرهادیش ئاماژەی بەوەدا كە لە ڕێنماییەكان باسی سەردانی سەرپەرشتیاران كراوە ئەو لەمبارەیەوە وتی ” سەردانی سەرپەرشتیاران كلاسیكە تەنها سەردانێكی تەشریفیە و بەس ، هیچ بەدواداچونێك ناكرێت لەڕووی وانە یان ڕادەی گەیشتنی مادەكان یان ئەنجام دانی ئەزموونەكان یان وەرگرتنی چەند عەینەیەك لە ئاستی زانستی قوتابیان یان ئایا بۆچی مامۆستایان وانەكانیان لەسەر مەلزمەكان دەخوێنن ؟ یان هەندێك مامۆستا وانە دەڵێنەوە كە قووتابیان پێیان ڕازی نین؟ یان لەهەمووش گرنگتر بەهیچ شێوەك دایبابان لەو خولانە جێگایان نیە ؟ ، كەچی ئەوان كۆڵەكەی سەرەكین لە گەیاندنی هەر كەم و كوریەك هەبێت.
هەروەها تایبەت بە قەزاكان ئەم خولانە كەمتر دەكرێنەوە ، چونكە زۆربەی قوتابیان هاتوچۆدەكەن بۆ شارەكان و بەهیچ شێوەك مامۆستایان بەو بڕە پارەی دانراوە ڕازی نین جگەلەوەی سەرپەرشتیاری یەكەم كوا ئەو مجالەی هەیە سەردانی ئەو خولانە بكات.
مامۆستا هێمن دەربارەی سەرەكیترین خاڵی ڕێنماییەكان ئاماژەی بەوەدا كە سەنتەرو قوتابخانە ئەهلییەكان پابەند نابن بەم بڕیارانە ئەگەر لیژنەیەك بۆ سەرپەرشتیكردنی دانەنرێت ئەو وتی ” من پێم وانیە سەنتەر و قوتابخانە ئەهلیەكان پابەندبن بەم بڕیارانە ئەگەر بێت و لێژنەیەكی جدی چاودێریان نەكات و پێ ژماردنێكی زۆرێش پێویستە دابنرێت لە بەرامبەر هەر سەرپێچیەك، بێگومان ئەگەر ئەم دوو خاڵە جێبەجێبكرێت ئەكید ئەونیش بە ناچاری پابەند دەبن ، چونكە ئەزموونی وڵاتە پێشكەوتووەكان سەڵماندوویانە تەنها پێژماردنی زۆر مرۆڤ پاپەند دەكات بە جێبەجێكردنی یاساكان.
لە میانەی ڕاپۆرتەكەدا چەند قوتابییەكمان لە خولەكانی بەهێزكردن دووان هەرێم محەمەد قوتابی پۆلی 12 ئاماژەی بەوەدا كە لە ئەهلی لە 100 دۆلار تا 150 دۆلارەو لە حكومی 40 تا 50 هەزارە ، هەروەها مەریوان ئەحمەد سەڵاح ئاماژەی بەوەدا كە ئەو لە قوتابخانەی ناحكومی بەشداری كردووەو نرخی خولەكەی 70000 هەزارە ئەو وتی: من لە دوو وانە بەشداریم كردووە ئەگەر لە سێ وانە بێت داشكاندنم بۆ دەكرێت عومەر عەلی ئاماژەی بەوەدا كە لە خولی بەهێزكردنی قوتابخانەیەكی حكومییە ئاماژەی بەوەدا كە نرخی هەروانەیەكی 40000 هەزار دینارە .
قوتابییەكی پۆلی 12 ئاماژەی بەوەدا كە هەندێ قوتابخانەی ئەهلی نرخی خولەكەی 250000 دینارە هەندێكی تر 150000 هەزاردینارە بەم پێیەش وەك ئەو دەڵێت تەنها حكومییەكان نرخییان چل هەزارە ئەو قوتابییە وتی ” وەزارەت هەر بڕیارێك دەربكات تەنها حكومییەكان پابەندی ئەبن و ئەهلییەكان پابەندی نین و لێپێچینەوەشییان لەگەڵ ناكرێت ، لە ناحكومییەكان 250000و 20 قوتابی لە پۆلێكدایە و سبلیت و هەموو هۆكارێكی تیایە، بەڵام لە حكومییەكان پۆلی 40 تا 80 قوتابی تیایە و هۆكاری فێنككەرەوەشی وەك پێویست نییە پڕۆگرامیش تەواو ناكرێت.










