خهبات: هەندرێن شێرزاد:-
ئاژانسی مودیز كە دەزگایەكی نێودەوڵەتیە و تایبەتە بە ئامادەكردنی توێژینەوە ئابووری و شرۆڤە داراییەكان و هەڵسەنگاندنی دامودەزگا حكوومی و تایبەتەكان راپۆرتێكی بەرفراوانی دەربارەی ئابووری رووسیا و مەترسیەكان ئامادە كردووە و تیایدا باس لەو ئاستەنگ و مەترسیانە دەكات كە لەوانەیە دوای تەواوبوونی دوایین ویلایەتی ڤلادیمێر پوتن لە ساڵی 2024 رووبەڕووی ئابووری ئەم وڵاتە ببنەوە.
یەكەم : مەترسیە ناوخۆییەكان:
ئاڵوگۆڕی دەسەڵات
سەبارەت بەو مەترسیە ناوخۆییانەی كە دوور نیە رووبەڕووی رووسیا ببەنەوە ، ئامادەكارانی ئەم راپۆرتە باس لە دەرەنجامەكانی سەرهەڵدانی هەر جۆرە ناسەقامگیریەك لە بارودۆخی ئابووری رووسیا دەكەن و پێیان وایە ساڵی 2024 مەرج نیە پوتن بە یەكجاری گۆڕەپانی سیاسی بەجێ بێڵێ ، هاوكات هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بەشێوازێكی گونجاو بەڕێوە نەچێ ، ئەو كاتە رووسیا دووچاری كێشەیەكی ناوخۆی سیاسی دەبێتەوە ، ئەوەش ناشێرنەوە كە مانەوەی پوتن بۆ زیاتر لە بیست ساڵ لە دەسەڵات وا دەكات كە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ سەركردایەتیەكی سیاسی نوێ وا ئاسان نەبێ . ئەگەرچیش راپرسیەكان دەریدەخەن كە زۆربەی رووسەكان پشتگیری لە پوتن دەكەن نەوەك لە سیستمی سیاسی بەشێوەیەكی گشتی.
ئابووری و دەسەڵاتی دەوڵەت
راپۆرتەكە هەڵوەستە لەسەر بابەتێكی دیكەی گرنگ دەكات ئەویش سەپاندنی هەژموونە بەسەر رووبەرێكی بەرفراوانی ئابووری لەلایەن دەوڵەتی رووسیا و ئامادەكارانی راپۆرتەكە پێیان وایە كە قۆرخكردنی كەرتی گشتی دەبێتە هۆی درووستكردنی بەربەست لەبەردەم سەرمایەگوزاریی و گەشەكردنی بەرهەم و لاوازبوونی مافەكانی موڵكداری و لاوازكردنی دەسەڵاتی یاسا . بە گوێرەی زانیاریەكانی ئەم دەزگایە ، حكوومەتی رووسیا كۆنترۆڵی نزیكەی 40 تا 50 % ی ئابووری وڵاتی بەدەستەوەیە.
دیمۆگرافیا
بارودۆخی دیمۆگرافی ، مەترسیەكی ناوخۆیی دیكەیە كە رووبەڕووی ئابووری رووسیا دەبێتەوە ، چونكە لە هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە تا دوای تێپەڕبوونی دەیەی یەكەمی سەدەی تازەش، رووسیا دووچاری دابەزینێكی توند بووەوە لە ژمارەی لەدایكبووان ، بەمەش ژمارەی دەستی كار كەمی كرد ، راپۆرتەكەی مودیز ئەمە دەخاتە پێشەوەی مەترسیەكان و بە هۆكارێك بۆ سستكردنی ئەگەرەكانی گەشەكردنی ئابووری دەیزانێ . لە لایەكی دیكە پێشبینی كردووە كە ناسەقامگیریی ئابووری لە وڵاتانی دەوروبەر و بەرپابوونی توندوتیژیی دەبێتە هۆی هەڵڕژانی پەنابەری زیاتر بۆ رووسیا و ئەوان دەبنە فاكتەرێك بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی دەستی كار.
دووەم : مەترسیە دەرەكیەكان:
دووركەوتنەوەی خاوەن سەرمایەكان
بە گوێرەی لێكدانەوەی شارەزایانی دەزگای مودیز ، دووركەوتنەوەی خاوەن سەرمایەكان لە سەرووی مەترسیە دەرەكیەكان دێ كە رووبەڕووی ئابووری رووسیا دەبنەوە . بە گوێرەی زانیاریەكان ، لە ساڵی 2018 جارێكی دیكە ئاستی دووركەوتنەوەی خاوەن سەرمایەكان لە رووسیا رووی لە بەرزبوونەوە كردۆتەوە ، ئەوان لە ترسی ئەگەری سەرهەڵدانی كێشە ، كار بۆ دوورخستنەوەی سەرمایەكانیان دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێیان وایە ئاستەمە ئەم دیاردەیە بگاتە ئەو ئاستەی كە لە ساڵی 2014 روویدا.
سزاكانی ئەمەریكا
شارەزایانی دەزگای مودیز ، سزاكانی ئەمەریكا بە مەترسی دەرەكی دووەم ناو دەبەن بۆ سەر ئابووری رووسیا و دەڵێن : ئەمەریكا بە نیازە سزا بەسەر ژمارەیەك كەسایەتی نزیك لە كرێملین و كۆمپانیاكانیان و ژێرخان و كۆمپانیا بەشدارەكان لە راكێشانی بۆڕیەكانی غاز باكوور 2 دا بسەپێنێ ، بەڵام كاریگەریی ئەم سزایانە درێژخایەن نابێ.










