خهبات: تەها دەروێش نادر – هۆڵەندا:-
كە باس لە مێژووی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكرێت، شۆڕشی بەرگری و كوردایەتی، دەبێت دەستپێك سەرنجی راستەوخۆ بخرێتە سەر رابەری نەتەوەیی و تاكە كارێزمای نەتەوەی كورد، مستەفا بارزانیی نەمر و پارتی دیموكراتی كوردستان. بارزانیی نەمر خاوەنی نیو سەدە لە خەباتی بێوچان بوو لە مێژووی خوێناوی نەتەوەكەماندا.
لە ماوەی 14 ساڵی تەمەنی ئەم شۆڕشە مەزنەدا، بە رابەرایەتی بارزانی و پارتی، خاوەنی زیاتر لە حەفتا هەزار شەهیدی سەربەرزی نیشتمانە، روونتر بڵێم پێگەی بەرچاوی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەییماندا هەیە.
ئەمڕۆ 21/7/1965 پەنجاو چوار ساڵ بەسەر یەكێك لە داستانە مێژووییەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێپەڕدەبێت، بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، كە لێدانی بۆڕیە نەوتەكانی زەمبوورە، هەمووان دەزانین ئەوەی ئەمڕۆ لە كەركووك و ناوچە داگیركراوەكان دەگوزەرێت، لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولیشدا و پێش 54 ساڵ لەمەوبەر بوونی هەبووە، بە مەبەستی سڕینەوەی كوردستانیەتی كەركووك و ناوچەكانی لەلایەن رژێمە یەك لە دوایەكەكانەوە بە ئەمڕۆشەوە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دریژەی هەیە، بۆیە رابەری نەتەوەییمان بارزانیی نەمر و پارتە تێكۆشەرەكەی، هەڵسەنگاندنی بۆ كردووە، سەرەتا رێگری لە گۆڕینی جوگرافیای ناوچەكە كرتووە، دواتر بە هەدەردانی سامانی سرووشتیی كوردستان بە كڕینی چەك و تەقەمەنی سەربازی بۆ لێدانی شۆڕشی سەرتاسەری كوردستان خەرج دەكرا، بارزانیی نەمر هێندە داكۆكیكار بوو لەسەر كەركووك، بە دڵی كوردستانی وەسفی كردووە، بۆیە بڕیای لە كردەیەكی پڕ فیداكاری داوە كە ئەویش لێدانی بۆڕییە نەوتەكان و رووخانی پردی سلێمان بەگ بوو كە سكەی شەمەندەفەری پیا تێدەپەڕی و زۆرێك لە سەرباز و كەلوپەل و چەك و تەقەمەنی لە رێی شەمەندەفەرەوە دەگوازرایەوە بۆ كەركووك و دواتر بۆ تەواوی ناوچەكانی كوردستان.
بۆ ئەم نەبەردییە بارزانیی نەمر، بانگی كاكی شەهیدم محەمەد دەروێش نادری كرد بۆ ئەنجامدانی ئەم گیانبازییە، كە دۆستێكی نزیكی بارزانیی نەمر و متمانەپێكراوی سەركردایەتی و دۆستی سەرۆك مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبێت ئیدریس بارزانی بوو، ئەویش مەفرەزەیەكی لە كۆمەڵێك پێشمەرگەی دلێر و خۆنەویست پێكهێنا، بۆیە بارزانیی نەمر فەرمووی چەك و تەقەمەنی و پێداویستیان بۆ ئامادە بكەن، شەهید محەمەد نادر و هەڤاڵەكانی پێداویستییەكانیان وەردەگرن و لە بارەگای بارزانییەوە واتە گەڵاڵە و بەناو دڵی دوژمندا بەڕێكەوتن، گەرچی ئەوكات ماشێنی پێویست نەبوو بۆ گواستنەوەیان، لە گەڵاڵەوە بۆ گەرمیان و دواتر شوێنی مەبەست، چونكە مەفرەزەكە باریان قورس بوو، وای دەخواست بە وڵاخ تی ئێن تییەكان و چەك و تفاقی ئەو كردە سەربازییە بگوێزنەوە، هەروەك كاكم بۆی گێڕاینەوە گوتی لە دوای چەند رۆژێك گەیشتینە گەرمیان و دواتر چاوساغێكیان لەگەڵ خۆیان بردووە تا ئاسانكاری ڕێگایان بۆ بكات و لە گوندنیشینەكان ئاشكرا نەبن كە بۆ ئەو كارە دەچن، حەزدەكەم ئاماژە بەوە بكەم كە كاكی شەهیدم شارەزایەكی باشی هەبوو لە بواری دانانی مین و كەرەستەی تەقاندنەوە، زۆر بە چاكی دوای ماندووبونێكی زۆر گەیشتینە شوێنی مەبەست، لە دوای خۆحەشاردانیان شەو بە تاریكی دینامیتەكانیان لە بۆڕیە نەوتەكانی چاڵە نەوتەكانی زەمبوور بەست و دواترپردی سلێمان بەگ یشیان مینڕێژ كرد، هەردووكیان بە سەركەوتوویی ئەنجامدرا و دواتر كە رۆژ بووەوە تەیارە هەتا سەریان لە پێدەشتەكانی گەرمیاندا فرسەتی نەدان، بەداخەوە وڵاخ و چاوساغەكە بوونە مەبەستی تەیارەكە و بەر ناپاڵم كەوتن، زۆر نیگەران بوون بە شەهیدبوونی ئەو هەڤاڵەیان و دواتر بە سەركەوتوویی گەڕانەوە بارەگای بارزانی و لە دڵسۆزیی و گیانفیدایان بارزانیی نەمر خەڵاتی كردن بە سێ بڕنەوە و دەمانچەیەك، رەنگە لەم یادە پڕ شكۆیەدا دەرفەت نەبێت تەواوی داستانەكە باس بكەم دەتوانن لە رێگای ئەو پەرتووكەی كە ساسانی كوڕی شەهید محەمەدی برام نووسیویەتی تەواوی زانیاری رووداوەكەی لە خۆگرتووە بە ناوی سیمای شەهید محەمەد دەروێش نادر لە ئاگری زەمبووردا كە پێشەكی پەرتووكەكە بە گوتەیەكی سەرۆك مەسعود بارزانی دەستپێدەكات بۆ رێزگرتن لە خەبات و تێكۆشانی شەهید و داستانەكە كە لە ساڵی 1995 لە دهۆك چاپ و بڵاوكراوەتەوە، هەروەها سەرۆك مەسعود بارزانی لە پەرتووكە مێژووییەكەی خۆیدا بە زمانی شیرینی كوردی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەكەم، شۆڕشی ئەیلوول1961- 1975 لە لاپەڕەی 198 زۆر جوان وەسفی ئەم داستانەی زەمبووری كردووە بە چەند خاڵێك و ئاماژەی بەناوی شەهیدی كاكم كردووە، شەهید محەمەد دەروێش نادر، لەگەڵ ئەمانەشدا هونەرمەندی پایەبەرزی كورد، جەمال بەختیار تابلۆی بەرەو ئازادی بۆ كوردستان لە بیرۆكەی ئەم داستانەی نەخشاندووە لە ساڵی 1976 لە ئەمەریكا و پێشكەشیكردووە، لە كۆتاییدا دەڵێم شۆڕشی مەزنی ئەیلوول زۆری بەخشی بە كورد و كوردستان، لە دوای ئەم سەركەوتنەی پێشمەرگە بۆ كورد و پارتی و سەرۆك بارزانی و دەنگدانەوەی لە میدیاكانی جیهانی و گەیاندنی دەنگ و سەدای شۆڕش بە گوێی ئەوانەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و نەوت لە ئاست میللەتانی ئازادیخواز لاڵ و كەڕبوون بە هەمیشەیی گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیركاران هەڵكردبوو بە پێدانیان بە چەك و تفاقی سەربازی بكەونە وێزەی شۆڕش و راپەڕینەكانی كورد و لە رێگای خۆفرۆش و نۆكەرەكانیان لە كوردستانیش پیلانە گڵاوەكانیان جێبەجێبەكەن، فەرماندەی ئەم داستانەیان تیرۆر و شەهیدكرد لە بەر خانەقای شاری سلێمانی لە 26/4/1969 دڵە مەزنەكەی لە لێدان خرا كە پڕ بوو لە خۆشەویستی بۆ كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ، بەداخەوە دەڵێم لە دوای 54 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەم دستانە و قارەمانیەتی پێشمەرگەكانی، هێشتا رووناكی زیاتر نەخراوەتە سەری، دەنا دەبووایە ئێستا ببوایەتە هەوێنی نووسین و بەرهەمی دەیان نووسەر و فیلمساز و دەرهینەر كە رووێكی گەشی باوكی كورد بارزانیی نەمر و پارتی دیموكراتی كوردستان دەسەلمێنێت بۆ داكۆكیكردن لە شووناسی كەركووك بوون بە كوردستان كە ئەوەش تەنها ئەركی ئێمەی بنەماڵە نییە، بەڵكو پارتی دیموكراتی كوردستان و خەڵكی كوردستان موڵكییەتی كە هەستن بەو كارە پیرۆزە بۆ ڕێزگرتن لە ناوی شەهید و پێشمەرگە و زیندووڕاگرتنی سەروەرییەكانمان و ئەم داستانەش هیچی كەمتر نییە لەو ئەفسانانەی كراونەتە رۆمان و فیلم كە ڕووی گەشی نەتەوەییان نیشان دەدات.










