سازان وەهاب
عێراقی دوای 2003 ژینگەیەكی باشی رەخساند بۆ دەركەوتن و خۆرێكخستنەوەی میلیشیا شیعیەكان، بەتایبەتی ئەو كاتانە لێدان لە هێزە ئەمریكییەكان وەك راهێنانێكی سەرەتایی بوو بۆ شەڕی میلیشیایی شار و كۆڵانەكانی ناوەڕاست و خوارووی و عێراق. بریمەری حاكمی مەدەنی ئەمریكی لە عێراق ویستی دەسەڵاتی خۆی بەرامبەر بەو میلیشیانە بەكاربهێنێت و بە بڕیارێك كۆتاییان پێبهێنێت یا لانیكەم نەهێڵێت تەشەنە بكەن، بەڵام پێچەوانەوە بووە هۆی زیاتر گەشەكردنی ئەو گرووپانە و رۆژانە هێزە ئەمریكیەكان لە رێگەی میلیشیاكانەوە دەكرانە ئامانج.
بە یاساییكردنی ئەو گرووپانە بە كەڵك وەرگرتن لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی دەوڵەتی بەناوی ئیسلامی(داعش) دەرفەتێكی گونجاو بوو بۆ ئەوەی میلیشیاكان بەرگێكی یاسایی لەبەربكرێت و رەوایی پێدانی چەك و پێداویستی سەربازی پێبەخشرێت.
2014 ئەو كات مالیكی سەرۆك وەزیران بوو، بە پشتیوانی فتوایەكی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق عەلی سیستانی توانی گرووپە میلیشیاییەكان لەو بەرگە یاساییایەدا بكات بە هێزێكی مەترسیدارتر و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە 26ـی تشرینی دووەمی 2016 بە زۆرینەیی شیعەكان پرۆژەیاسایكیان بە دەنگی 208 پەرلەمانتاری پەسەند كرد و ئیتر ئەم گرووپانە بوون بە ناونیشانی هێزێكی عێراقی و دەستیان گرت بەسەر هەموو پێداویستیە سەربازییەكانی سوپای عێراقی و خۆیان لەڕووی چەكەوە بەهێزكرد. ئەوكاتیش چاودێرانی سیاسی و سەربازی ئەو مەترسیەیان نیشاندا ئەم هێزە لە ئایندەدا هاوشێوەی هێزەكانی دیكەی ناوچەكە كە پشتیوانی لە تیرۆر و تۆقاندن دەكەن دەبنە هێزێكی مەترسیدارتر، بەڵام بەهۆی زۆرینەی دەسەڵاتی رەهای شیعەكان ئەو هێزە مەزنتر بوو، لەشەڕی داعیشیش رەوایەتیەكی مەیدانیان لە نێو پێكهاتە عێراقییەكان پەیدا كرد بەتایبەتی كە وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە داعش بە ئاشكرا پشتیوانیان لەو هێزە كرد و مامەڵەیان لەگەڵ دەكرد.
عادل عەبدولمەهدی پیاوە میانڕەوەكەی شیعە و سەرۆكوەزیرانی ئێستاكەی عێراق لە دۆخی ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و هەڕەشە لەسەر ئەو هێزانەی دەچنە چوارچێوەی خزمەتی سیاسیەتی ئێرانیەوە، نازاندرێ لە ژێر فشاری چ لایەنێكی ئەو ململانێیە دەیەوێ بەرگێكی یاسایی دیكە بەبەری ئەو میلیشیانە بكات، بەڵام گومانی تێدا نییە ئەو فشارە هی لایەنی یەكەمی پەیوەندارە كە خۆیانن و دەیانەوێ سوپایەكی مەزهەبی تەواو وابەستەی مەزهەبی شیعی لە عێراق بونیاد بنێنن.
ئەم فەرمانەی عەبدولمەهدی جۆرێك لە ئاڵۆزی لە نێو شیعەكانش دروست كردووە، تاكە كەسێك بە ئاشكرا و بەدەنگی بەرز پشتیوانی كرد تەنیا موقتەدا سەدری رەوتی سەدرییەكان بوو و هێزەكەی خۆی بەخشیە بە سوپای عێراقی. بەڵام هەندێك كەسایەتی دیاری نێو میلیشیاكان ترسی ئەوەیان هەیە ئەم هێزە لە ژێر هەژموونی كەسایەتییان دەربچێت، چونكە هێزەكە هەم وەك پەیداكردنی سامان و هەم وەك پەیداكردنی نفوزی جەماوەری كاریگەری گەورەیان هەیە.
جۆرێكە لە ساویلكەیی ئەگەر وا بڕوا بهێنرێت ئەم هێزە كۆتایی دێت و لە نێو سوپایەكی نیشتمانی عێراقیدا دەتوێتەوە و ئیتر ئینتیمایی مەزهەبی ناتوانێ ئاڕاستەی ئەو هێزە بكات، یاخود هەڵەیە بگوترێت بەم بڕیارە جوڵەپێكردن و بڕیاریدانی راستەوخۆی ئەو هێزانە دەچێتە ژێرباری حكومەتی عێراقەوە، خۆئەگەریش وابێت، ئاخۆ عبدولمەهدی دەتوانێت پێچەوانەی ئەو بنەمایانە كاربكات كە یەكەی نهێنی پشت شیعەكانی عێراقە؟ بێگومان لەوەشدا نەخێر، چونكە ناتوانێ و ئەو هێزەی نییە، یاخود ئەگەریش هەیبێت ئەوا ئینتیما دروستكراوەكەی هێزەكە رێگە بە سەرۆكوەزیران نادات ئەم هێزە دەستەمۆی حكوومەت بكات.
دەكرێت بڕوا بەوەش بكەین، ئەم هەنگاوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەو دیوە بێت كە باسی لێوە دەكەن و دەڵێن پەیوەندی بەو هێرشەی سەر كێڵگە نەوتییەكانی سعودییە و باڵیۆزخانەی بەحرێن لە بەغدا هەیە كە میلیشیاكان لە پشت ئەو دوو رووداوە بووە و ئیتر ئەم رووداوانە لە دووبارە بوونەوەیدا حكوومەتی عێراقی بەگژ وڵاتانی ناوچەكە نەدات، بێگومان ئەم بۆچوونەش راستە، بەڵام هەموو ئەوانە یەك ئامانجیان هەیە، هێزی ئایندەی عێراق لەڕووی یاساوە لە دەستی خۆیان وەك(شیعە) بمێنێتەوە، بۆیە گوتنی ئەوەی شیعەكان عاقڵن و ستراتیژیانە بیر دەكەنەوە و خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە دەكەن شتێكی نامۆنییە و گوتنێكی تاڕادەیەك بڕواهێنەرە.










