دڵشاد نامق فەرەج
فەرمانڕەوایی لەدوای قەیران یاخود لەكاتی قەیرانەكاندا، هونەرێكی تایبەتی بەڕێوەبردن و مامەڵەكردنی پێویستە لەگەڵ ئەو دۆخەدا، كە چەند پێویستی بەلێهاتوویی وشارەزایی هەیە، زیاتر لەوەش پێویستی بە ئیرادە و باوەڕبوون هەیە بەوەی توانای سەركەوتن و تێپەڕاندنی دۆخەكە هەیە. بێگومان ئەمەیش بۆ وڵاتێكی دامەزراوەیی و سەقامگیر لەڕووی ژێرخانەوە ئاسانترە هەتا ئەو وڵاتانەی كە لە قۆناغی گواستنەوەدان لەسەرجەم بوارەكاندا و هێشتا پرۆسەی گواستنەوە بەتەواوی جێگیرنەبووە، یاخود لەڕووی كارگێڕییەوە تەقلیدی ولەڕووی فەرهەنگی فەرمانڕەواییەوە لە قۆناغی دوای ڕزگاریی نیشتمانیدان.
بەپێی ئەو پۆلێنەی سەرەوە، هەرێمی كوردستان دەكەوێتە گرووپی دووەمەوە، واتە هەرێمێك كە نزیكەی نیوەی تەمەنی فەرمانڕەواییەكەی دیفاكتۆ بووە و هەتا ساڵی 2003 هیچ دانپیانانێكی ڕەسمی و یاسایی نەبووە كەگرەنتی مانەوە و بەردەوامبوونی بكات و وەك كیانێكی دەستوری بیپارێزێت، هەربۆیە پرۆسەی بەرەوپێشبردن و پەرەپێدان لەهەربوارێكدا سەرەڕای شارەزایی و لێهاتوویی ، پێویستی بەئیرادەیەكی بەهێز هەبووە لەلایەن فەرمانڕەوا و بڕیاربەدەستەوە بۆئەوەی مەترسیەكان بچوك بكاتەوە و ئومێدەكان گەورە بكات.
نێچیرڤان بارزانی، كە ئێستا سەرۆكایەتی هەڕیمی كوردستان و لە لایەن تەواوی خەڵكی كوردستان و وڵاتانی دۆستی كورد پشتیوانی لێدەكرێت، لەبەشێكی زۆر لەو قۆناغە جیاوازانەدا ئەو ئەركەی لەسەر شان بووە كە نمایندەی ئیرادەیەكی بەهێزی فەرمانڕەوایی بێت، ئەگەر سەرنجێكی خێرا بخەینە سەر ئەو مێژووە بەڕوونی ئەوە دەبینین كە سەرەڕای سەختی و ئاستەنگەكان ، پێشڤەچوونەكان بەردەوام بوون لەو كەرت و بوارانەی حكوومەت كاری تیادا كردوون، لەڕووی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سڕینەوەی شوێنەوارەكانی شەڕی خۆكوژییەوە بگرە هەتا ئاستی پێشكەوتنی فەرهەنگی و بەگژاچوونەوەی نەریتە نێگەتیڤەكان وكرانەوەی كۆمەڵگە وپێشخستنی گیانی یەكتر قبووڵكردن.
لەڕووی سەقامگیری كۆمەڵایەتییەوە سەردەمی فەرمانڕەوایی نێچیرڤان بارزانی قۆناغی بەسایاكردنی ماف و ئازادییەكانی پێكهاتەكانی كوردستانە، كە بەشێوەی یاسایی و لەڕێگەی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكانی كوردستان و گشت پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی كوردستان زامنی مانەوە و گەشەكردنیان كراوە و مەترسیی لەناوچوون و پەراوێزخستنیان بنەبڕكرا، كە ئەمەیش لەناوچە و عێراقیشدا دەستكەوتێكی نەوعیە، كە ژێرخانی ئاسایشی نیشتمانی پتەو دەكات، لەم ڕووەوە پشتیوانی و پێداگری هەمیشەیی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ ئەم هەنگاوانە ڕۆڵی گەورەی گێراوە و وایكردووە هەرێمی كوردستان وەك لانكەی ئارامی هەموو دانیشتوانەكەی تەماشابكرێت بەبێ جیوازی ئاینی یاخود نەتەوەیی و مەزهەبی.
لەڕوی پەرەپێدانی فەرهەنگییەوە، بەگژداچوونەوەی داب و نەریتە سەقەت و دواكەوتووەكان یەكێكە لەدەستكەوتەكانی قۆناغی فەرمانڕەوایی كردنی نێچیرڤان بارزانی، كە دەستبردنن بۆ كەمكردنەوە وسنورداركردنی ئەو داب ونەریتانە جۆرێك لەسەختی هەیە، بەڵام ئیرادەی گۆڕانكاری لای نێچیرڤان بارزانی لەوان بەهێزتر بوو، هەربۆیە توانرا لەڕووی یاساییەوە چاكسازی باش و بەرچاو لەبواری مافەكانی ئافرەت وپاراستنی مێینە و ئاسایشی خێزانیدا بكرێت، لەنمونەكانی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی و یاساكانی توندوتیژی خێزانی وخراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، كە بێگومان ئەم بابەتانە پێشتر دەروازەی پێشێلكاری وچەوساندنەوەی ئافرەتان بوون و ئاسایشی زۆرێك لەخێزانەكان كەوتبوونە مەترسییەوە بەهۆی كەڵك وەرگرتنی خراپ لە ئامێرەكانی پەیوەندی و لەكۆتاییشدا بە هەڵوەشانەوەی خێزان كۆتایی دەهات و تاوانبارەكانیش زۆر جار لەسزا قوتار دەبوون.
لەڕووی پەرەپێدانی كەرتی ئابوورییەوە، لەهەرێمی كوردستان هەرلەپێش ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە ئەم پرۆسەیە وەك بەرهەمی ئیرادەی حوكمڕانی دەستی پێكرد، نەك لەئەنجامی هەبوونی پشتیوانیەكی یاسایی وگەرەنتییەكی دەستوری، دامەزراندنی تۆڕەكانی تەلەفۆن و مۆبایل لەهەرێمێك كە تەنها چەند كیلۆمەترێكی كەم لە دوژمنەكەیەوە دوور بوو و وەگەڕخستنی پارەیەكی زۆر لەو بوارەدا لەلایەن بازرگانانەوە نیشانەی متمانەكردن بوو بەئیرادە و ویست و دنیابینی فەرمانڕەوایی لەهەرێمی كوردستان.
لەسەردەمی حكومەتی یەكگرتووی هەرێمی كوردستاندا كە ئەركی سەرۆكایەتی كردنی بە نێچیرڤان بارزانی سپێردرا، كاری هەرە لەپێش گێڕانەوەی متمانەبوو بۆ لایەنەكان و گرەنتی ئەو كەلەبەر و درزانە بوو كە جارێكی تر نەبنە هۆی ترازان، چونكە هەم لەناوخۆ و هەمیش لەسەر ئاستی عێراق، كورد پێویستی بەهاوهەڵوێستی و بنیاتنانەوەی كەسایەتی مەعنەوی خۆی هەبوو، لەم ئەركەدا نێچیرڤان بارزانی توانی بەسەر بەشێكی زۆر لەو ئاستەنگانەدا زاڵبێت كە ئەوكات وەك بەربەست وكۆسپێكی گەورە وێنا دەكران و زۆر كەس لەو بڕوایەدا نەبووكە نێچیرڤان بارزانی بتوانێت ئەو متمانەیە بهێنێتەوە بوون، بەڵام هەر لەسەرەتای دەسبەكاربوونی كابینەی یەكگرتووەوە نێچیرڤان بارزانی بەپێدانی ڕۆڵی پێویست بەگشت كارەكتەرەكانی كە لەگەڵیدابوون لەلایەنە جیاجیاكان و بە دابەشكردنی ئەرك بەرپرسیاریەتی بەسەر هاوكارانی تیمەكەیدا وایكرد هەموان خۆیان بەخاوەنی حكوومەتی كوردستانی یەكگرتوو بزانن، ئەو گومانەیشی ڕەواندەوە كە تابوری پێنجەم بانگەشەی بۆدەكرد گوایە دوای شەڕی خۆكوژی ناوخۆ، ناتوانرێت تیمی فەرمانڕەوایی یەكگرتوو لەكوردستان بێتە كایەوە.
لەڕوی دیپلۆماسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆی عێراقیش، ئەرك و ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی بەڕوونی دیارە، بەتایبەتی لەسەردەمی قەیرانی دارایی كوردستان وگەلەكۆمەی هێزە عێراقیەكان لەسەر كوردستان، كە سەرەڕای پێداگری لەماف و دەسەكەوتەكانی خەڵكی كوردستان بەئیرادەوە توانی گەلی كوردستان بۆ قۆناغێكی تر بگوازێتەوە و هیچ كات ئومێدی لەدەست نەدا، هەتا لەكۆتاییدا سەربەرزانە گەلی كوردستان بە بەشێك لەمافەداراییەكانی خۆی لەعێراق گەیشتەوە و كەناڵە دیپلۆماسی و پەیوەندییە دەرەكییەكانیشی كرانەوە، ئیرادەی خۆنمایشكردووی خەڵكی كوردستانیش لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا وەك دەستكەوتێكی مەزن و مێژوویی بۆ هەمیشە مایەوە.
ئێستا بەو دەستكەوتانە و چەندانیتریشەوە، كارەكتەری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كەبەپێی یاسا پۆستی هەرە باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەكوردستاندا، پۆستی سەرۆكی هەرێم سەرەڕای قورساییە سیاسییەكەی پارێزەری یاساكان و پاسەوانی جێبەجێكردنیانە، ئەركی هاوسەنگی ڕاگرتن لەنێوان دەسەڵاتەكان و هەماهەنگی نێوانیانە، كە بێگومان ئەمەش ئەركێكە ئەو ئەزموونانەی ڕابوردوو پێمان دەڵێن دەكریت چاوەڕوانی هەمان دەرەنجامی سەركەوتووانەی لێ بكرێت، ئەوەیشی ئەم گریمانەیە بەهێز دەكات سەرەڕای ئەزموونی كەڵەكەبووی نێچیرڤان بارزنی وئیرادەی متمانەبەخشی و بڕوای تەواو بە توانای میللەتەكەی، چەند فاكتەرێكی تریش هەن بۆی، لەسەروی هەموویانەوە پشتیوانی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆیان وەك سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان، قورساییەكی جیهانی بەو پۆستە بەخشیوە و توانیویەتی نوێنەرایەتییەكی دروستی خەڵكی كوردستان بكات لەماوەی سەرۆكایەتیی خۆیدا، وە خاڵێكی تری بەهێز ئەوەی كە ئێستاش ئەو پۆستە بەهەمان قورساییەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی كە حیزبەكەی خاوەنی سەنگێكی زیاترە لەپەرلەماندا، ئەمەش مانای ئەوەیە پشتیوانییەكی زیاتری لەپەرلەمانەوە دەبێت، هەروەها هاتنە سەركاری ئاراستەیەكی نەرمتر لە عێراق و پوكانەوە و لاوازبوونی ئەو هێزانەی بەدوژمنایەتی خەڵكی كوردستان ناسرابوون، خۆی دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ڕوانگەی نێچیرڤان بارزانی بۆ هەبوونی پەیوەندییەكی باش لەگەل عێراق باشتر بچەسپێت و دەرفەتی سەركەوتنی زیاتر بێت.
كوردستانێكی بەهێز، دروشمی ئەم قوناغەی هێزی براوەی هەڵبژاردن و سەرەكی كوردستانە ، هێنانەدی ئەم دروشمە لەسەروی ئەوانەی باسمانكردن پێویستی بە هەنگاوی گرنگ هەیە لە دژایەتیكردنی گەندەڵی و چاكسازیكردن لەبواری كارگێڕی و دامەزراوەییدا، كە بێگومان لەتەنیشت سەرۆكایەتی حكومەت و دامەزراوەی پەرلەماندا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەركی گەورەی دەكەوێتە سەرشان. لەو بوارەدا ئیتر بە پشتیوانیكردنی هەنگاوەكانی حكوومەت بێت یاخود كاری پراكتیكی بۆ سەرخستنی ئەو ئامانجە.










